بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاپەڕین و یەکگرتنى خەڵک هەردوو باندە تیرۆریست و دزەکەى سوپا و ئیتلاعاتى بۆکانى یەک خستووە

ڕاپەڕین و یەکگرتنى خەڵک هەردوو باندە تیرۆریست و دزەکەى سوپا و ئیتلاعاتى بۆکانى یەک خستووە
AvaToday caption
posted onFebruary 18, 2023
noبۆچوون

 

لە نێو سوپا و ئیتلاعاتى شارى بۆکان، دۆخەکە گەیشتووەتە لێواى لەنێوبردن و هەموو کێشەکانیش لەسەر پارەیە، هەر ئەمە واى کردووە کە گەندەڵییەکى زۆر دروست بێت لەو شارە و دواجار خەڵک زەرەرێکى زۆریان کردووە. ئەم باندە بەنێوبانگى گەندەڵى ئیدارى و ئەمنیەتیی شارى بۆکان، زۆر واوەتر چووە و تەنانەت گەیشتووەتە شارەکانى دیکەى کوردنشینى وەک مەهاباد. بەڵام ئەوەى ئێستا لێیان دەبینرێت کێشە و شەڕەکانیان نییە، بەڵکو یەکگرتنیانە دژ بە خەڵکى ئازادیخوازى بۆکان و کارکردن لەسەر ناساندن و شناساییکردنى خەڵکانێک کە دەیانەوێت ئازاد بن و ئازادانە قسە دەکەن و دژى خامنەیی دیکتاتۆر دەوەستنەوە.

بە پێى زانیارى دەستکەوتوو لە ئیتلاعات و سوپاى کۆمارى ئاخوندییەوە لە شارى بۆکان بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى، لە نێو ئیدارەى ئیتلاعات و سوپاى تیرۆریست، دوو باندى و دوو دەستەیی هەیە و خەریکى پەروەندەسازین بۆ یەکترى. سەرهەنگ سەمەد عەلیزادە فەرماندەى سوپاى بۆکان و قاسم کەرەم زادەى جێگرەکەى کە لەگەڵ هادى حوجەتى سەرۆکى ئیدارەى ئیتلاعاتى بۆکان کار دەکات، خەریکى دزی و پاکسازى یەکترین.

بە پێى زانیارییەکانى ئاڤاتودەى، سوپا سەرەتا پەروەندەى بۆ باندى دزەکانى ئیدارەى ئیتلاعات درووست کرد کە خەریکى پەیداکردنى پارە بوون و ئەم باندەش بریتیى بوون لە: (بابەک ڕۆستەم پوور ـ شارەدار، حاجى موسەوەر ـ بەرپرسى حەراسەتى شارەدارى، و چەند کەسێکى دیکەى شووراى شار وەک ژیلا عەبدى و براکانى) و بەم شێوەیە دەستیانی کورت کردنەوە و بۆ ماوەیەکى کاتیش دەستبەسەرى کردن.

هەڵبەتە ئیدارەى ئیتلاعات بابەکى وەک شارەدارى مەهاباد بە شووراى شار ناساند و حاجى مسەوەریشی وەک بەرپرسى حەراسەت و بۆ دزیی سیستماتیک و لە هەمان پلە و پۆست واتە پۆستى حەراسەتى شارەدارى مەهاباد، ناردە ئەو شارە.

ئەم جارەیان، ئیدارەى ئیتلاعات بە سەرۆکایەتى هادى حوجەتى، باندى حەبیب زادە نوێنەرى بۆکان لە پەرلەمانى کۆمارى ئاخوندی و سەرهەنگ سەمەد عەلیزادە و قاسم کەرەم زادە و چەندین پارێزەر و دادوەر و سەرۆکى ئیداراتى (وەک سلێمان خودایارى سەرۆکى ئاو و ئاوەڕۆ و حاجى مەحموود حاجى زادە بەرپرسى ئیتلاعاتى سوپا و مەحموود ساڵحى سەرپەرشتى پەروەردە و محەمەد خواه سەرۆکى دادوەرى و هاشم زادەى دادوەر و مێهران ئەحمەدى و تاهر ئەحمەدیی پارێزەر)ى دەستبەسەر کرد، لە بەرامبەریشدا لە لایەن سوپاى تیرۆریستەوە، ئەنووش غەفارى و کەریم مەردانی فەرمانبەرى شارەدارییان دەستبەسەر کردن.

جێگەى سەرنجیشە، سوپا جەلیل پەنا بەرپرسى حەراسەتى پەروەردەى بە بیانووى نەبوونى هەماهەنگى و گەندەڵى و پەروەندەسازى، بە دانانى بارمتە ئازاد کردووە.

بەڵام ئێستا هەماهەنگییەک لە نێوان هەردوو باندەکەى سوپا و ئیتلاعاتدا دروست بووە و پێکەوە خەریکى دزی و گەندەڵى و سەرکووتى ئازادیخوازانن، چونکە هەستیان بە ڕووخانى ڕژێمەکەیان کردووە و بە چنگ و ددان دەیانەوێت خۆیان لەو دۆخە بهێڵنەوە و نەوەنە سەردەمێک کە خەڵک تۆڵەیان لێ بکاتەوە و سزا بدرێن.

حەبیب زادە لە ڕێگەى کەسێکەوە بە ناوى بابان کەریمى کە لەگەڵ کوڕە مامەکانى بونیادی بتۆنى بۆکانیان هەیە، بە هەماهەنگى لەگەڵ سوپاى تیر ۆریست و لە ژێر ناوى "بەرژەوەندییەکانى نیزام"، چەندین کەسیان بۆ سەرکوت و شناسایی و ئازار و ئەزیەتى مامۆستایان و قوتابیانى ئازادیخواز خستە کار و ئێستا دەستیان سوورە بە خوێنى دەیان کەس و بە گرتندانى سەدان کەسى دیکە.

بابان کەریمى کە سەرۆکایەتى بەشێک لە باندەکە دەکات، مۆرە سەرەکییەکانى خۆی لە هەستیارترین شوێنى کارگێڕى و پەروەردە دادەنێت و لە کاتى ڕاپەڕینە سەراسەرییەکانى "ژن ژیان ئازادى"ـیش ڕۆڵێکى گەورەیان لە سەرکوت و ناساندنى چالاکانى مەدەنى و سیاسى و ئازادیخوازان هەبوو.

سوهەیلا فەیزوڵابەیگى کە پێشتر ئەندامى بەسیجى خاهەرانى زەینەب بووە، بەم دواییانە و لە ڕێگەى خوشکەزاکەیەوە واتە هەمان بابان کەریمى، بووەتە بەڕێوەبەرى قوتابخانەیەکى نمونەیی ـ دەوڵەتى بە ناوی تەمەدوون. جێگەى باسە ئەم قوتابخانەیە شوێنێکە کە هەر لە سەرەتاى ڕاپەرینەکانەوە بووەتە مۆڵگەى مانەوەى هێزە سەرکوتکەر و بەکرێگیراوەکانى کۆمارى ئاخوندى و لاوە ڕاپەڕیوەکانى بۆکانیش هێرشیان کردە سەر.

لەم چەند مانگەى ڕابردوو، لە لایەن ئەم سوهەیلا بەسیجییەوە فشار و پاڵەپەستۆیەکى زۆر خرایە سەر کچە لاوەکان بۆ ئەوەى پاکانەیی خۆیان بسەلمێنن و لە ڕاپەڕینەکان و درووشمدان و درووشمنووسین دوور بکەونەوە. لە لایەکى دیکەیشەوە دەستى تێکەڵە بە گەندەڵى ماڵى و ئیدارى پەروەردە و فێرکردنى شارى بۆکان و لە پەروەندەسازی بۆ قوتابیان و مامۆستایانى ئازادیخوازى بۆکانى ڕۆڵێکى گەورە و دیارى هەبووە.

سوهەیلا فەیزوڵابەیگى کە لە لایەن خەڵکەوە وەک زەینیەبییەکى جاش هەژمار دەکرێت، ئێستاش لە قوتابخانەى تەمەدوونى شەقامى ساحیلى ـ ڕووبەڕووى پارکى ساحلى خەریکى کارکردنە و داوا دەکرێت کە بە سزاى گەل بگەیێنرێت.