بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئێران تۆڕێکى گەورەى گرووپی میلیشیایی دروست کردووە

ئێران تۆڕێکى گەورەى گرووپی میلیشیایی دروست کردووە
تاران چاوى لەوەیە لە ڕێگەى ئەو گرووپانەوە هەڕەشە لە جیهان بکات
posted onJanuary 16, 2019
noبۆچوون

 

لە کۆتاییەکانى ٢٠١٨ دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکێک لە هەستیارترین بڕیارە سیاسییەکانى دەرەوەى وڵاتەکەى دەرکرد کە بریتی بوو لە "کشانەوەى سەربازانى وڵاتەکەى لە خاکی سووریا".

 

سەرەرای ئەوەى بڕیارەکە لەناکاو بوو و زۆربەى ڕاوێژکارە سەربازییەکانى تووشى شۆک کرد و بووە هۆى دەستلەکارکشانەوەى وەزیرى بەرگرى و نێردەى سەرۆکى ئەمەریکا لەنێو هاوپەیمانى دژى داعش لە پۆستەکانیان، بەڵام هەفتەى ڕابردوو جۆن بۆڵتن ڕاوێژکارى سەرۆک بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە پشووەکانى هەفتە پێچەوانەى بڕیاری سەرۆکایەتییەکەى ڕایگەیاند "هێزەکانى ئەمەریکا تا شکستپێهێنانى داعش لە سووریا دەمێننەوە" و هاوکات داواشى لە تورکیا کرد "دڵنیایی پێشکەش بکات، بەوەى لە دواى کشانەوەى هێزەکانیان هێرش نەکەنە سەر کوردەکان"، بەڵام بەهیچ شێوەیەک باسى لە فراوانبوونى میلیشیا شێعەکانى نزیک لە کۆمارى ئیسلامی ئێرانی لەو وڵاتە نەکرد.

لە لایەن خۆیەوە گۆڤارى "فۆرین ئەڤێرز" لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات "ئێران گەورەترین سوودمەند دەبێت لە بڕیارە دژبەیەکەکانى ئیدارەى کۆشکی سپی لە پرسى سووریا". جەخت لەوەش دەکاتەوە "کشانەوەى ئەمەریکییەکان بۆشاییەکى پراکتیکی بۆ ئێرانییەکان دروست دەکات، تا بتوانن تۆڕە فراوانبووەکەى خۆى لە جەنگاوەرە شێعە بیانییەکان بەهێزتر بکات کە دووبارە لە ناوچە جیاجیاکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بڵاوەیان پێ بکات".

هاوکات گۆڤارەکە هێماى بەوەش کردووە "بۆڵتن نامەیەکى بە تاران گەیاندووە بەوەى واشنتۆن ڕێگر نابێت لەبەردەم ڕێگاى پلانەکەى ئێران لەسووریا".

 

بڵاوبوونەوەى پاوانخوازییەکانى ئێران لە ناوچە خۆڵەمێشییەکان:

بڵاوبوونەوەى پاوانخوازییەکانى ئێران لە ناوچە خۆڵەمێشییەکان

بەشێکى ڕاپۆرتى ئەو گۆڤارە تایبەت بووە بە ڕۆژانى یەکەمى کۆمارى ئیسلامی، کاتێک بەچڕى باسیان لە هەناردەکردنى شۆڕشەکەیان دەکرد بۆ دەرەوەى سنوورى ئێران، هەرچەندە ئێستا دواى چەندین دەیە "هەناردەکردنى بنەماکانى شۆرش ئامانجە سەرەکییەکانى کۆمارى ئیسلامی نییە، بەڵام کارى لەبەهێزکردنى پەیوەندییەکانى کردووە لەگەڵ گرووپە شێعەکانى ناوچەکە و، بە گرنگییەوە بۆ پرسى ئەمنى خۆى لێیان دەڕوانێت".

ئەو پەیوەندییانەى نێوان تاران و گرووپەکانى وڵاتانى دیکە وەک ئەفغانستان، عێراق، لوبنان، پاکستان و سووریا و یەمەن و چەندانى دیکە، لە ڕێگەى جەنگە بەوەکالەتەکانى کۆمارى ئیسلامییەوە دەردەکەوێت کە سوودی لە جەنگاوەرەکانى ئەو وڵاتە بینیوە بۆ بەشدارییکردن لە شەڕ و ململانێییەکانى ناوچەکە بەتایبەت وڵاتانى هەرێمایەتى بۆ ئێران.

فۆرین ئەڤێرز دەشڵێت "کارکردن لەگەڵ گرووپە نارێکخراوەکان ڕێگەى بە تاران داوە پاڵ بە دوژمنەکانییەوە بنێت و، قوڵاییەکى ستراتیژیش دروست بکات و، قەرەبووى شکستە سەربازییەکانى بە پاوانخوازی لەدەرەوەى سنوورەکانى دروست بکات". هەروەها " لە هەمووى گرنگتر ئەو گرووپانەش پاوانخوازییەکانى ئێران بەهێزتر بکەن لەو ناوچانەى پێیان دەگووترێت (ناوچەى خۆڵەمێشى)، وەک عێراق و سووریا، لەهەمان کاتیشدا ڕەتکردنەوەیە لە پەیوەندییە سەربازییەکانى و کەمکردنەوەى تێچووى مرۆیی لە دەستێوەردانەکانى".

پێدەچێت ئەو گرووپانە بۆ کۆمارى ئیسلامی لە دواى شەڕى سووریاوە لە ٢٠١١ ، دەستێکی ئاشکرایە، کاتێک ڕژێمى ئێرانى بڕیاریدا یارمەتی دەسەڵاتەکەى بەشار ئەسەد سەرۆکى سووریا بدات، بەڵکو گۆڤارەکە هێماى بەوە کردووە "جیابوونەوەى دیمەشق و تاران لەوێوە دەستى پێ کرد کە هێزێکى ڕاستەوخۆى ئێرانیی لە شەڕەکەدا نەبووە". ئەویش بەهۆى ڕەتکردنەوەى زۆربەى ئێرانییەکان لە پاڵپشتیکردنى دەسەڵاتێکى دیکتاتۆری، کە هۆکارە بۆ ئەنجامدانى کردەوەى وەحشیگەرانەو، بەکارهێنانى چەکی کیمیاوی، کەمەترسیی ئەوەیان هەبووە " ئابڕووى وڵاتەکەیان بچێت لەو پاڵپشتىکردنە"، لەبەرامبەریشدا ئەسەد ئارەزووى ئەوەى هەبووە "نیشاندانى هەمووانى بدات کە سوپاکەى یەکگرتووەو بەرگرى لەوڵات دەکەن، لاوازییەکانى دەسەڵاتیشى دەشارێتەوە".

ئەمەش وای کردووە "لەبری دەستێوەردانى ڕاستەوخۆى تاران، هێزە شێعە غەیرە ئێرانییەکان بەرەو دیمەشق ڕۆیشتن و پاڵپشتى ڕژێمەکەى ئەسەدیان کرد، بەتایبەت لە هاووڵاتیانى شێعەى لوبنان، عێراق، ئەفغانستان و پاکستان". گرووپە شێعەکانى عێراق و لوبنان، ساڵانێکى زۆرە لە باوەشى ئێران یارمەتی دەدرێن، بەڵام کۆکردنەوەى شێعەکانى باشوورى ئاسیا بابەتێکى تازەیە وەک گۆڤارەکە باسى لێوە کردووە.

دووپاتی کردووەتەوە "ئەو گرووپە بیانیە لاوەکییانە لەژێر لیوایەک یاخود تۆڕێکى فراوان، خەریکى بەرگرین لەرژێمەکەى ئەسەد، بەتایبەت لەژێر ناوى فاتمیونی ئەفغانیەکان و زەینەبیونی پاکستانیەکان، ئەوانە لەلایەن سوپاى پاسدارانەوە ڕاهێنراون بۆ ئەوەى بەشداریی لەشەڕی دژى نەیارانى ئەسەد بکەن لە نێو سووریا"، پرسەکە بە جۆرێک تەشەنەى کردووە "منداڵ لەو جەنگانە بەکار دەهێنرێن".

فۆرین ئەڤێرز پێی وایە "کشانەوەى ئەمەریکا لەسووریا ڕەهەندێکى نوێی بەپرسەکە بەخشیوە، سەرەڕاى بوونى تۆڕێکى ئێرانى لەجەنگاوە شێعە بیانییەکان کە هیچ گرنگییەکى میدیایی گەورەیان بەدەست نەهێناوە، بەڵام نەبوونى پابەندییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بە بەرەنگاربوونەوەى ئێران لەنێو سووریا، دەبێتە هۆکارێک بۆ گەشەسەندنى ئەو تۆڕەو پەیداکردنى پارە، بۆ ئەوەى بۆشاییەکانى ئەمەریکا لەو وڵاتە پڕ بکەنەوە، کە لە کۆتاییدا لە قازانجى تاران لەناوچەکە تەواو دەبێت.

ئەوەش ئامانجە درێژخایەنەکەى ئێرانە لەدواى ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١ کاتێک ئەمەریکا عێراقی داگیر کرد و پاشان کشایەوە. لە هەمان کاتیشدا ئەگەرى ئەوەیە "کەمکردنەوەى پێگە سەربازییەکانى واشنتۆن، هاوکات بێت لەگەڵ زیادبوونى ئۆپەراسیۆنە ئیسرائیلییەکان لە نێو سووریادا، ئەمەش بەهۆى پشتگوێخستنى ئەمەریکا بۆ بەرپەرچدانەوەى فراوانبوونەکانى ئێرانە".

پێشبینى ئەوەش دەکرێت لە بەرامبەردا "تاران ئەو هێزانەش بۆ هێرشکردن و لێدانى دەرەکی بە کار بهێنێت".

 

تۆڕە ئێرانییەکان لە دەرەوەى سووریا:

تۆڕە ئێرانییەکان لە دەرەوەى سووریا

گۆڤارەکە لە ڕاپۆرتەکەى خۆی ڕەت دەکاتەوە کە "ئێران تەنها پشت بەئایین ببەستێت بۆ کۆکردنەوەى جەنگاوەر بۆ شەڕى سووریا، چونکە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن جەنگاوەرەکان خۆیان و خێزانەکانیان موڵەتى مانەوە و مووچەیەکى مانگانە و بیمەى تەندروستى و خوێندنیان لە ئێران پێ دراوە، ئێستاش لەگەڵ پاشەکشێکردنى ڕێڕەوی جەنگەکەى سووریا، تاران هەوڵدەدات لە ناوچەکانى دیکەدا سەرکەوتنەکانى تۆمار بکاتەوە بۆ ئەوەى خەرجییەکانى لەو جەنگە قەرەبوو بکاتەوە و بەرەو شوێنى دیکە ڕەوانەیان بکات، بە تایبەت دواى پەیداکردنى شارەزایی لە شەڕى سووریا".

تا ئێستاش زانیاریی ورد و دروست لەبارەى قەبارەى پارە خەرجکراوەکانى تاران لە پاڵپشتیکردنى ئەو میلیشیانە نازانرێت، بەڵام گۆڤارەکە دەڵێت "ئێستا ڕژێمى تاران ناچارە قایشەکەى تووند بکات بۆ ئەوەى ڕووبەرووى سزا ئابوورییەکان ببێتەوە، کە دەرکەوتووە یارمەتیدانى جەنگاوەرە شێعە بیانییەکان کاریگەریى خۆى هەبووە لە بەرزبوونەوەى تێچووە هەرێمەکانى".

لەلایەن خۆیەوە ئەفشین ئستوار توێژەرى ئێرانى لەبارەى خەرجییەکانى وڵاتەکەى لەو پڕۆسەیە دەڵێت "ئێران، خەرجییە بەرگرییەکانى زۆر کەمترە لە خەرجییە ڕکابەرەکانى لە ناوچەکە، لەنێویاندا پاڵپشتیکردنى بریکارەکانى لە سووریا، عێراق، لوبنان و یەمەن".

لەگەڵ کشانەوەى ئەمەریکا لەسووریا و، نەبوونی سیاسەتێکى ڕوونی یەکگرتوو بۆ گۆڕانکارییەکانى ئەو وڵاتە، پێ دەچێت میلیشیا نزیکەکانى تاران دووبارە بەنێو خاکەکانى ئەو وڵاتە عەرەبیە بڵاوە بکرێنەوە و، چاویان لەسەرتاسەرى ناوچەکەش بێت، بەتایبەت ئێستا بەشێک لە میلیشیا فاتمییەکان گەڕاونەتەوە ئەفغانستان و، لەلایەکى دیکەشەوە بەرپرسانى باڵاى تاران خەریکی دانووستاندن لەگەڵ بزوتنەوەى تاڵیبان بۆ ئەوەى دووبارە بگەرێتەوە نێو پرۆسەى سیاسی کابۆل، کە لە هەمان کاتیشدا هاوکاتە لەگەڵ ئەگەرى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لەو وڵاتە.

ئێران دەستى وەرداتەوە نێو ۆژهەڵات

 

پوختەى ڕاپۆرتەکەش بریتی بووە لەوەى "ئامانجی سەرەکیی بڕیارەکەى ترامپ ڕزگارکردنى ویلایەتە یەکگرتووەکانە لە زەلکاوی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لەهەمان کاتیشدا بەردەستکردنى واشنتۆنە بۆ تیشک خستنە سەر ململانێیەکانى لەگەڵ هێزە زلهێزەکانى دیکەى جیهان وەک چین و ڕووسیا ڕەنگە ئێرانیش لە قۆناغی داهاتوو"، بۆیەش ئیدارەى کۆشکی سپی بەناڕاستەوخۆ هێما بەوە دەکات "ئێستا ئامادە نییە لە ناوچە جیۆسیاسییە گرنگەکان ڕکابەرى بکات".

ئەم پەیامەش بەشێک لەوڵاتانى دەستڕۆیشتوو کردووە "بەشێوەیەکى فراوانتر پێگەیان بەهێز بکەن، لەنێویاندا ئێران کە پێ دەچێت لە ڕێگەى جەنگاوەرەکانى تۆڕێکى فراوان دروست بکات، ئەگەریش سەرکردەکانیان گەیشتنە ئەو باوەڕە تۆڕەکەیان سوودبەخشە، ئەوا لەهەڕەشەیەکى هەرێمایەتى دەیگوازێتەوە بۆ هەڕەشەیەکى نێودەوڵەتى و، کێشەى زیاتر بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانى لەمەوداى دوورخایەندا دروست دەکات".