بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کەماڵ شەریفى لە ١٤ ساڵدا تەنیا یەک جار بنەماڵەکەى بینیوە.. بێبەشە لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان

کەماڵ شەریفى لە ١٤ ساڵدا تەنیا یەک جار بنەماڵەکەى بینیوە.. بێبەشە لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان
AvaToday caption
posted onJanuary 28, 2022
noبۆچوون

بە پێى ڕاپۆرتى ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى، زیندانى کورد کەماڵ کەریمى کە تەمەنى ٤٩ ساڵە و نەخۆشە، لە ساڵى ١٣٨٧ى هەتاوییەوە تا ئێستا بە شێوەى نادادپەروەرانە زیندانە و بە دەستى ئەنقەست بێبەش کراوە لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەى.

 

ئەم ڕێکخراوەیە بانگەوازێکى بە پەلەى بڵاو کردووەتەوە بۆ ڕزگارکردنى گیانى کەمال شەریفى و داواى لە خەڵک بە گشتى کردووە کە بە زمان و قەڵەمى خۆیان سوود لەم دەقە پێشنیارکراوەى لێبوردنى نێودەوڵەتى وەربگرن و ڕووبەڕووى بەرپرسانى دادوەرى کۆمارى ئیسلامى ببنەوە و داوایان لێ بکەن کە ئەم زیندانییە سیاسییە ئازاد بکەن و تا کاتى ئازادکردنى، پێویستە بە خێرایی پزیشک لە دەرەوەى بەندیخانە بیپشکنێت و هەروەها بنەماڵەکەى بیبینێت.

بە پێى ڕاپۆرتەکە، کەماڵ شەریفى لە ساڵى ١٣٩٠ى هەتاوى سەکتەى دڵى کردووە و کێشەگەلى نەخۆشى دڵ و هەرس و ئازارى جومگەکان و سوانى پووک و لەدەستدانى ددانەکانى هەیە. شەریفى، لە ١٢ى ڕەشەممەى ١٣٩٩ى هەتاوى لە زیندانى مینابی پارێزگاى هورمزگان تووشى سەکتەى دڵ بووەوە و گوازرایەوە نەخۆشخانە، کەچى تەنیا دواى چوار ڕۆژ و بە پێچەوانەى ڕێنماییەکانى پزیشک گەڕێنرایەوە بەندیخانە.

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لەبارەى شێوەى ڕەفتارى بەرپرسانى زیندان لەگەڵ ئەم زیندانییە سیاسییە، باسى لەوە کردووە: "کەماڵ لە ڕێکەوتى ٢٠ى ڕەشەممەى ١٣٩٩ى هەتاوى لە برایە نەخۆشخانەیەک لە بەندەرعەباس و نەشتەرگەرى کرا و بێ سەرنجى پزیشکى و دواى دوو ڕۆژ برایەوە بەندیخانە، لەگەڵ ئەوەشدا بە قسەى شەریفى، پزیشکەکەى پێى گوتبوو کە دەبێت بۆ ماوەى دوو ساڵ و هەر مانگەى جارێک پشکنینى بۆ بکرێت، کەچى تا ئێستا پزیشک نەیبینیوە".

بە پێى ڕاپۆرتەکە، کەمال شەریقى زۆر نیگەرانە لەوەى کە بەرپرسانى زیندان بە بێبەشکردنى لە دەرمان و پشکنینى پزیشکى دووبارە تووشى هێرشى دڵ و سەکتە ببێتەوە، چونکە لە ژوورێکیان داناوە کە پڕە لە زیندانى مەحکومکراو بە تۆمەت و تاوانى گەورە و هەروەها بە هۆى خۆراکى خراپەوە گیانى لە مەترسیدایە. ئەم دۆخەش هۆکارە بۆ پێشێلکارى لە ڕێنماییە پزیشکییەکانى کەماڵ شەریفى کە پێى ڕاگەیێنرتوە دەبێت سترێس و قەڵەق نەبێت و خواردنەکەى تەندروست بێت.

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانى دادوەرى شەریفییان مەحکوم کردووە کە لە کاتى تێپەڕاندنى زیندانییەکەى، "بێبەش بێت لە چاوپێکەوتن و قسەکردن لەگەڵ کەسانى دیکە"، ئەم دۆخەش جۆرێکە لە ئەشکەندە و ئازارى بێبەزەییانە و نائینسانانە، بۆیە دەشبینین کە نزیکەى ١٤ ساڵە شەریفى تەنیا یەک جار بنەماڵەکەى بینیوە.

ئەم ڕێکخراوەیە نووسیویشیەتى کە کەماڵ شەریفى دەڵێت لە وەڵامى سکاڵا بەردەوامەکانى بەرامبەر خراپەڕەفتارى و بێبەشکردنى لە چاودێرییە پزیشکییەکان، بەرپرسانى زیندان پێیان گوتووە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان سوورن لەسەر یاساغکردنى هەر جۆرە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەى و بەرپرسانى دادوەریش هیچ بڕیارێکیان لەسەر گواستنەوەى بۆ ناوەندێکى پزیشکى لە دەرەوەى زیندان نەداوە.

هەر بە پێى ڕاپۆرتەکە، ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگى سەرماوەزى ١٣٧٨ى هەتاوى و پاش دادگاییەکى نادادپەروەرانە کە نزیکەى ٥ خوولەکى خایاندووە و لەسەر بنەماى "ددانپیانان"ـى دەستکەوتوو بە هۆى ئەشکەنجە و ئازارەوە، بە تۆمەتى "دژایەتى" بە ٣٠ ساڵ زیندانى مەحکوم کراوە.

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى ڕوو لە خەڵکى ئێران دەکات و دەڵێت بە نامەناردن داوا لە بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى بکەن کە کەماڵ شەریفى بە خێرایی ئازاد بکەن، چونکە بە بوونى نەخۆشیگەلى جدددى وەک کۆڤید ـ ١٩ لە زیندان، زیاتر دەکەوێتە بەردەم مەترسى مەرگ یا نەخۆشیی کوشندە.

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لەو کۆتاییدا پێداگرى لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى دەبێت بەدواداپوون بکات بە نیگەرانییەکانى تایبەت بە چاودێرییە پزیشکییەکان و قەرەباڵغى زۆر لە زیندان و نەبوونى تەندرووستى و خۆراکى باش لە زیندانى میناب تا بە پێى ستاندارە نێونەتەوەییەکان بێت و ڕێگە بدات بە پشکنەران و ناوەندە سەربەخۆ نێونەتەوەییەکان بۆ سەردانیکردنى زیندانەکان.