بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە نەتەنز چ ڕووى دا؟!

لە نەتەنز چ ڕووى دا؟!
AvaToday caption
posted onDecember 4, 2021
noبۆچوون

بە پێى ڕاپۆرتى ئاڤاتودەى، لە نەتەنز، دەنگێکی گەورەی تەقینەوەیەک بیستراوە و سوپاى پاسداران هەر ئەمشەو دانیشتووانى هەردوو گوندى شوجاع ئاباد و ئەحمەد ئابادیان کە لە نزیک ناوەندى ئەتۆمى نەتەنزن، دەرکردووە و شوێنەکەیان چۆڵ کردووە و بە خەڵکەکەیان گوتووە لەم بارەوە قسە لەگەڵ کەس نەکەن.

 

تەقینەوەکە بە ڕادەیەک بووە کە شووشە و جامى بە پەنجەرەکانەوە نەهێشتووە. ڕاگەیاندنەکانى کۆمارى ئیسلامیش سەبارەت بەم دەنگە هەر یەکەو شتێک دەڵێت و تەنانەت ئەم جیاوازى بەیانکردنەش بووەتە هۆى ئەوەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گاڵتەیان پێ بکرێت.

کەناڵى خەبەرى سەر بە سوپاى تیرۆریستى قودس، تەقینەوەکە بە "فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوانى دوژمن" گرێ دەدات و دەڵێت: تا ئێستا هیچ بەرپرسێک لەم بارەوە قسەى نەکردووە، بەڵام هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە تەقینەوەکە بەهۆى فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوانى دوژمنەوە بووە.

نوورنیوزى سەر بە ئەنجوومەنى ئاسایشى نیشتمانى نووسیویەتى: بە هۆى زانیارییە دەستکەوتووەکان لە ناوچەکە، تەقاندنى مووشەکێک بووە لە ئاسمانى ناوچەى "بادرود"، بە ئامانجى "تاقیکردنەوەى کاردانەوەى خێرا" بووە بۆ "ئەگەرى هێرشى دوژمن" و مووشەکەکەش لە ڕێگەى سیستەمى دژە مووشەکییەکەوە لە ئاسمان تەقێنراوەتەوە!

کەناڵى هەواڵى دەنگ و ڕەنگى کۆمارى ئیسلامیش تەقینەوەکەى نەتەنز گرێ دەداتەوە بە هەمان تاقیکردنەوە و دەڵێت: بە هۆى زانیارییەکان لە نەتەنز، مووشەکێک بە ئامانجى تاقیکردنەوەى سیستەمى دژە مووشەکییەکە تەقێنراوە تا بزانرێت سیستەمى دژە مووشەکییەکە چەندە خێرایە لە کارکردنى خۆى و هەر ئەمەش مووشەکەکەى تەقاندووەتەوە لە ئاسمان.

 

بەڵام دەنگى تەقینەوەکە هێندە بەرز بووە کە خەڵکى ناوچەکە لە ترسان هاتوونەتە دەرەوە بەو سەرمایە لە دەرەوە وەستاون نەبادا کارەساتێک ڕوو بدات، کەچى کۆمارى ئیسلامى دەیهەوێت بە خەڵک بڵێت کە ئەمە مانۆر بووە، کەچى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەموویان چاویان لە شتێکى ترە و قسە لەسەر هێرشى ئیسرائیل دەکەن!