بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئیسرائیل چرا سەوزى ئەمریکاى هەیە بۆ هێرشکردە سەر ئێران لە سوریە

ئیسرائیل چرا سەوزى ئەمریکاى هەیە بۆ هێرشکردە سەر ئێران لە سوریە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئەمریکا پشتیوانی ئیسرائیل بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی کۆماری ئیسلامی دەکات
posted onDecember 30, 2018
noبۆچوون

 

ڕابێرت پاڵادینو، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی حەوتی بەفرانبار لە ڕاگەیێندراوێکدا گووتی "ئەمریکا پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئیسرائیل دەکات بۆ پاراستنی خۆی بەرامبەر گرووپەکانی سەر بە ئێران کە ئەمنیەتی ناوخۆیی ئەو وڵاتە دەخەنە مەترسییەوە".

 

پاڵادینۆ لە درێژەی قسەکانی گووتی: پاڵپشتی و پێڕاگەیشتنی ئێران بە گرووپە تیرۆریستییەکان لە سوریە و هەموو ناوچەکە کە بە ئاشکرایی ئامانجەکەیان هیرش بۆ سەر ئیسرائیلە قەبوڵ ناکردرێت. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆتایی قسەکانیدا گووتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئێران دەکات بۆ هێرشکردنە سەری و باوەڕی بە توانایی سەربازى ئیسرائیل هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە جوڵەیەکی کۆماری ئیسلامی.

بە پێی قسەکانی پاڵادینۆ، ئەمریکا و دۆناڵد ترامپ سوورن لەسەر پاراستنی ئەمنیەتی ئیسرائیل. ئەو حەفتەیە، ئیسرائیل کۆمەڵێک ناوچەی لە نیزیک دیمەشق لە سوریە کردە ئامانج.  بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە دانیشتنی ئەو حەفتەیەى کابینەکەیدا گووتی پێویست بێت پەرە بە هەوڵەکانمان لە دژی ئێران لە خاکی سوریە دەدەین.

پێشتر میدیاکانی سوریە هەواڵی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیلیان بۆسەر هێندێک ناوچەی نیزیک دیمەشق بڵاو کردبووە و ڕایانگەیاندبوو کە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی کراوەتە ئامانج. هاوکات حەوتوونامەی نیوزویک لە زمان سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگرى ئەمریکا بڵاوی کردبووە کە ئامانجی ئەو هێرشە ئاسمانییە سەرکردە باڵاکانی گرووپی حیزبوڵای لوبنان بووە.