بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی دەستپێکردنى شەڕی چەکدارى پەکەکەیە لە باکورى کوردستان

ئەم شەڕە ٣٧ ساڵە بەردەوامە و چوار پارچەى کوردستانیشى گرتووەتەوە.
AvaToday caption
ئەم شەڕە ٣٧ ساڵە بەردەوامە و چوار پارچەى کوردستانیشى گرتووەتەوە.
posted onAugust 15, 2021
noبۆچوون

لە مێژووى شەڕى چەکدارە پەکەکە، چەندین جار ئاگربەست کراوە و هەوڵى چارەسەرى پرسى کورد کراوە. یەکەم ئاگربەست ساڵى ١٩٩٣ى زایینى بوو لە لایەن سەرکۆمارى ئەوکاتى تورکیە تورگوت ئۆزاڵ کە لە ڕێگەى مام جەلالەوە داخوازى لە عەبدوڵا ئۆجەلانى سەرۆکى پەکەکە کردبوو تا ئاگربەست بکەن و پرسى کورد چارەسەر بکەن و ئۆجەلانیش ئەمەى قبوڵ کرد و نەورۆزى ١٩٩٣ ئاگربەست ڕاگەیێنرا.

 

دواى مانگێک لە ئاگربەست، ئۆزاڵ بە شێوەیەکى گوماناوى مرد و پێڤاژۆکەى شکستى هێنا و شەڕ دەستى پێ کردەوە. لە ٢٤ى گوڵان لە چێلۆکى ٣٣ سەربازى تورکیە لە لایەن پەکەکەوە کوژران و بەم شێوەیە یەکەم هەوڵى ئاگربەستى پەکەکە و دەوڵەتى تورکیە شکستى هێنا. لە ١٥ى شوباتى ١٩٩٩، ئۆجەلان دەستبەسەر کرا و بەمەش پەکەکە تووشى شۆکێکى گەورە بوو.

ئۆجەلان لە کاتى دادگاییکردنەکەیدا داواى لێبوردنى لە دایکى کوژراوانى سوپاى تورکیە کرد و شەڕى پەکەکەى وەستاند و گوتى ئامادەیە بۆ چارەسەرى پرسى کورد خزمەتى دەوڵەتى تورکیە بکات. دادگاش سزاى لەسێدارەدانى ئۆجەلانى بۆ سزاى زیندانى هەتاهەتایی گۆڕی. پەکەکەش بەمە ئاگربەستى یەکلایەنەى ڕأگەیاند.

ئەم ئاگربەستە ٥ ساڵى خایاند تا ساڵى ٢٠٠٤ى زایینى کە دووبارە پەکەکە دەستى بە شەڕ کردەوە. لە ساڵى ٢٠٠٩ و بۆ چارەسەرى پرسى کورد، دەزگاى هەواڵگرى تورکیە (میت) لە نۆروەجی باژارى ئۆسلۆ لەگەڵ سابرى ئۆک ڕێڤەبەرى پەکەکە و موستەفا کاراسۆ کۆ بووەوە.

لە سىاڵى ٢٠١٢ى زایینى، ئەردۆغان ئاشکراى کرد کە میت لەگەڵ ئۆجەلان دادەنیشێت. لە نەورۆزى ٢٠١٣ى زایینى، پەکەکە ڕاگەیاند کە لە نێو سنوورى تورکیە دەکشێتەوە و دەچێتە نێو خاکى باشوورى کوردستان. لە نەورۆزى ٢٠١٥ ئۆجەلانیش بانگهێشتى پەکەکەى کرد بۆ دەستپێکردنەوەى ئاگربەست، بەڵا" پەکەکە بە بیانووى ئەوەى کە تورکیە بەڵێنەکانى نەبردووەتە سەر و مەرجەکانى ئاگربەستى جێبەجێ نەکردووە بۆیە ئەوانیش داواکەى ئۆجەلانیان ڕەت کردەوە.

ئەوە بوو لە ٢٠ى تیرمەه بە هۆى تەقینەوەی پرسووسێ و مردنى ٣٤ کەس و لە ٢٢ى تیرمەهیش ٢ پۆلیس لە باژەرۆکى سەرێکانى کوژران، دووبارە پێڤاژۆ شکتى هێنایەوە و دەوڵەتى تورکیە بە باڵەفڕ دەستى بە تەقاندنەوەى بنەکەکانى پەکەکە لە باشوورى کوردستان کرد و تا ئێستاش ئەو ئۆپەراسیۆنە بەردەوامە!

تورکیە بەدەر لە کوتان و هێرشکردنە سەر پەکەکە، بەڵکو بە بیانووى هەپەگە کە باڵێکى سەر بە پەکەکەیە هێرشى کردە سەر ڕۆژئاواى کوردستان و عەفرین و سەرێکانى و گرێسپى داگیر کرد.

ئێستا لە ئەنجامى شەڕى ٣٧ ساڵەى پەکەکە و تورکیە، زیاتر لە ٥٠ هەزار مرۆڤ گیانیان لەدەست داوە و ملیۆنان کورد کۆچپەر بوونە و ٥٠٠٠ گوند سووتێنراون و خاپور کراون و تا ئێستاش ئەم شەڕە بەردەوامە.