بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ژینگەپارێزانی کوردستان بڕینەوەی دارستانەکانی زاگرۆس مەحکوم دەکەن

ژینگەپارێزانی کوردستان بڕینەوەی دارستانەکانی زاگرۆس مەحکوم دەکەن
ڕێکخراوەکانی ڤەژین و ڕۆژیار هۆشدارییان داوەتە دەسەڵات سەبارەت بە تاڵان و سووتاندنى دارستانەکانی کوردستان
posted onDecember 16, 2018
noبۆچوون

 

ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبی ڤەژین لە راگەیەندراوێکدا وێرای بەداخبوونی خۆی بۆ بەردەوامی لەنێوبردنی دارستانەکانی کوردستان لە لایەن کەسانی قازانجپەرەست، زەوی خۆر و مافیا، بێ دەنگی دەزگا حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر ئەو کارانەدا بە جێگەی پرسیار زانیوە.

 

چەندین ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مافیاکانی دار بە شیوازی بەڕبڵاو خەریکی بڕینەوەی کۆنەدار و بە گشتی دارەکانی کوردستانن و دەیاننێرن بۆ کۆمپانیاکانی درووستکردنی کاغەز لە باکووری ئێران. ئەو کارەی مافیاکانی دزینی دارەکانی کوردستان لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی کەڵکوەرگرتن لە دارستانەکانی باکووری ئێرانی بۆ دروستکردنی کاغەز یاساغ کردووە.

لەو بارەوە ئەنجومەنی ڤەژین ڕایگەیاندووە "ئیدی کاسەی سەبرمان لێوڕێژ بووە و دەسەڵاتداران سەبارەت بەو پرسە وریا دەکەینەوە". لە لایەکی دیکە ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبی ڕۆژیار لە ڕاگەیەندراوێکدا وێرای مەحکومکردنی تاڵانی دارستانەکانی زاگرۆس سەبارەت بە دزینی دارستانەکانی هەورامان و مەریوان لە لایەن مافیاکانی دار و لێڕەواڕ هۆشداریان داوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژیاردا هاتووە "لە ئەگەری بەدەنگنەهاتنی بەرپرساندا ئەو ڕێکخراوە ڕێکاڕی دیکە دەگرێتە بەر".

شایانی باسە سوپای پاسداران لە بەلوچستان خەرکی دزینی خاک و لە کوردستان خەریکی لەنیوبردنی دارستانەکانە، ئەوەش واتای ئەوە دەگەیەنێ کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زۆر سیستماتیک هەوڵی کۆچاندنی خەڵکی ئەو ناوچانە و چۆڵکردنی شار و گوندەکان دەدات.