بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مەلەکشا ڕۆژهەڵاتى بێناز کرد

مەلەکشا ڕۆژهەڵاتى بێناز کرد
AvaToday caption
posted onNovember 2, 2020
noبۆچوون

شەوى ١٠ى خەزەڵوەر، جەلالى مەلەکشا گەورە شاعیرى کورد و ئاڵاهەڵگرانی شێعری بەرگریی کوردى، لە تەمەنى ٦٩ ساڵی و لە شارى سنە کۆچى دوایی کرد و بەمەش دواى کۆچى دوایی شێرکۆبێکەس یەکەمجارە کە بەم شێوەیە دونیاى ئەدەب و نووسین و شیعر خەم دایدەگرێت و لە هەموو لایەکى کوردستانى گەورەوە پەیام دەنێردرێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەئاخێنرێن بە شیعرى ئەم شاعیرە جوانە.

 

 

ژیننامەی مەلەکشا:

ـ جەلاله مەلەکشا لە ١٩/٣/١٩٥١ زایینی لە گوندی مەلەکشای شاری سنە هاتوەتە دونیاوە. هەر لە شاری سنە خویندوویەتی و پەروەردە کراوە. لە منداڵییەوە هۆگری شیعر و نووسین بووە.

ـ جەلال وەکوو مروڤێکی ئاشتیخواز نەیتوانی لە هەمبەر زوڵم و زۆردا چاو بنووقێنی و ئەسپی قەڵەمی لە مەیدانی خەبات دژ بە زوڵمدا تاو داوە و لە سۆنگەی ئەم گەرناسییەوە تووشی دەردیسەر و ئازاری زیندانی زۆر بووە.

ـ لە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی دەنووسی و لەبەر هێز و پێزی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، لە ساڵى ١٩٧٨ى زایینى دەبێتە ئەندامی (کانوونی نووسەرانی ئێران).

ـ پاشان لەغاوی قەڵەمی دەگێڕێتەوە بۆ نێو زمانی کوردی و لە کوردیشدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی دەبێ. بۆ ماوەی ١٤ ساڵ وەک نووسەر و رۆژنامەنووس دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و بە راستی پەرە بە زمان و ئەدەبی کوردی ئەدات.

ـ ماوەی چەند ساڵێکیش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووە و لەوێ سەرنووسەری گۆڤاری ''پرشنگ'' بووە کە پێنج ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە.

ـ شیعرەکانی جەلال تا ئێستا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی، سوێدی و... وەرگێڕدراون.

ـ جەلال مەلەکشا لەو نووسەرە دەگمەنانەیە کە قەد قەڵەمی نەبردوەتە قوربانگای نان و ناو و دەسەڵات.

ـ دوو شیعری (هەتا لووتکە چەندی ماوە؟) (داستانی دارە پیرە) لە شیعرە بە ناوبانگەکانی جەلالن کە لە کتێبەکەی زڕەی زەنجیری وشە دیلەکان چاپ کراوە.

ـ بەداخەوە ئەم شاعیرە گەورەیەى کورد ئێوارەى ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى ٣١/١٠/٢٠٢٠ى زایینى کۆچى دوایی کرد و بۆ سبەینەکەى بە ئامادەبوونى سەدان کەس لە خوازیاران و لایەنگرانى ئەدەبی و هونەر و شیعرى بەرگرى و نەفەسى ئەم شاعیرى گەورەیە، لە گوندى مەڵوەشان بەشدارى مەراسیمى بەخاکسپاردنى ئەم پیاوەیان کرد!

 

پرسەنامەى کەسایەتییە باڵاکانى کوردستان:

هەر بە دواى مردنى جەلالی مەلەکشا، سەدان پەیام و سەرەخۆشى لە ناوەندە ڕۆشنبیرى و ئەدەبی و فەرهەنگیەکان و کەسایەتییە سیاسی و ئەدەبییەکان و خەڵکى عامەى کۆمەڵگە بڵاو کرانەوە کە لێرەدا چەند دانەیەکى گرنگیان دەخەینە بەرچاو:

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەى کۆچى دوایی جەلال مەلەکشا پەیامێکیان بڵاو کردەوە کە تیایدا هاتووە:

كاك جەلالی مەلەكشا كە هەر لەسەردەمی پاشایەتی بەهۆی بیری ئازادیخوازی ماوەیەك لە زیندان كرابوو، لەسەردەمی راپەڕین‌و پاش هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامیش بە شیعری شۆڕشگێڕانە‌و حەماسی بۆ خۆڕاگری خەڵكی كوردستان بەرامبەر بە رژیمی كۆماری ئیسلامی ناو و ناوبانگی دەركرد‌و شیعرەكانی بۆ خەبات‌و بۆ پێشمەرگە وێردی زمانی خەڵك بوو. جەلالی مەلەكشا بەهۆی شارەزایی لە ئەدەبیاتی كورد‌و فارسی ئەندامی كانونی نوسەرانی ئێران بوو. ئەو كە تەواوی تەمەنی لە ژێر گوشارەكانی رژیم‌و لە دۆخێكی سەختدا تێپەڕكرد، بەڵام قەت ورەی بەرنەدا‌و بەهۆی ئازادیخوازی‌و نوسینەكانیەوە خۆشەویستی هەموو خەڵكی كوردستان بوو.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی گەرمی خۆی ئاراستەی خانەوادە‌و كەسوكاری كاك جەلالی مەلەكشا‌و كۆڕی ئەدیبان‌و شاعیرانی كورد‌و خەڵكی شاری سنەی قارەمان‌و سەرجەم كوردستان دەكات.

مه‌سعود بارزانی پرسه‌نامه‌یه‌كى بۆ کۆچی دوایی شاعیر جەلالی مەلەکشا بڵاو كرده‌وه‌ کە تیایدا هاتووە:

بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی شاعیری ناوداری گەلی کورد جەلالی مەلەکشام پێ گەیشت، جەلالی مەلەکشا نووسەر و شاعیرێکی نیشتیمانپەروەر بوو کە جێی دەستی لە بەرەوپێشبردنی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردستان دیارە. سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو جەلالی مەلەکشا و ڕۆشنبیر و ئەدەبدۆست و نووسەرانی شاری سنە و هەموو کوردستان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم، لە خودای گەورە داواکارم خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامیش بە هەموو لایەک ببەخشێت.

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوخەمیی خۆی بۆ لەدەستدانی جەلال مەلەکشا دەردەبڕێت و بە شاعیری ئاویەر ناوی دەهێنێت و دەڵێت: بە داخەوە هەواڵی کۆچی دواییی شاعیری ناوداری کورد جەلالی مەلەکشام بیست. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و دۆست و خۆشەویستان و شەیدایانی شیعرە بەرزەکانی دەکەم، هاوخەمی کۆڕی شاعیران و ئەدەبدۆستانم بۆ لەدەستدانی شاعیری ئاویەر و داوا لە "خوای مه‌زن" دەکەم، "گیانی بخاته‌ به‌ر به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی و ئارامی و دڵنه‌وایی به‌ هه‌موو لایه‌ک ببه‌خشێت".

 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شاعیری ناسراوی کوردستان جەلالی مەلەکشا دەکات کە ئەمەش دەقەکەیەتى:

بە داخەوە هەواڵی کۆچی دوایی شاعیر و نووسەری ناسراوی کوردستان جەلالی مەلەکشام بیست، کە ڕۆشنبیرێکی نیشتمانپەروەر بوو. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی دەکەم وهاوبەشی خەمیانم. خوای گەورە گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامییش بە کەسوکاری ببەخشێت.

کانوونی نووسەرانی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا جەلال مەلەکشا، شاعیر و نووسەری ناوداری کورد بەیاننامەیەکى بڵاو کردەوە کە تیایدا هاتووە:

مامۆستا جەلال مەلەکشا، شاعێرێکی نەتەوەیی و قەڵەمێکە لە ڕەگەزی هەڵوێست؛ ناوەرۆکی شیعر و چیرۆکەکانی لێوانلێون لە خەون و ئاواتە بەدینەهاتووەکانی نەتەوەی کورد. جەلال مەلەکشا یەکێکە لە شاعیرانی نەوەی دووەمی شیعری نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە شانبەشانی نەوەی یەکەم لە نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا ڕۆڵی کاریگەری گێڕاوە. ئەم قەڵەمە بوێرە، چیرۆکی نەتەوەیەکی لە هەگبەیدا هەڵگرتووە و، بەرهەمەکانی لە (زڕەی زنجیری وشە دیلەکان)ـ'ەوە هەتا '(کارەسات) و...هتد، ئاوێنەی سیمای ڕاستەقینەی ژیان و دۆخی زەین و زمانی نەتەوەی کوردن.

مامۆستا جەلال وەکوو شاعیرێکی بەهەڵوێست دژی زۆرداری هاواری کردووە و لە دەیەکانی چل و پەنجای هەتاویدا بەهۆی چالاکیی سیاسی لە دژی حکوومەتی پادشایەتی ماوەیەک کەوتووەتە زیندانەوە. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بەسەر ڕێژیمی پادشایەتیدا بەهۆی بیروباوەڕی سیاسی و بۆچوونی جیاواز و نووسینی ڕەخنەگرانەوە چەندین جار لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیشەوە لە زیندان کراوە و خۆی دەڵێت، بەشێک لە شیعرەکانی زادەی کونجی زیندانن.

کانوونی نووسەرانی کوردستان کۆچی دواییی مامۆستا جەلال مەلەکشا، شاعیر و نووسەری گەورەی نەتەوەکەمان بە خەسارێک بۆ شیعر و ئەدەبی کوردی دەزانێت و بەم بۆنەیەوە بە ناوی بەڕێوەبەران و سەرجەم ئەندامانی کانوونی نووسەرانەوە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکار و بنەماڵەی بەڕێزی مامۆستا جەلال، سەرەخۆشی لە سەرجەم کۆمەڵگەی ئەدەبیی کوردستان دەکەین و خۆمان بە شەریک و هاوبەشی ئەم کۆستە دەزانین.

 

شیعر و ئەدەبی و مەلەکشا:

دکتۆر بەختیار سجادی لە نووسینێکیدا کە لە واڵەکەى خۆى بڵاوى کردووەتەوە، بە سەدێرى "ئەمشەو ئارێز بەسەر سنەدا داڕووخا!"، لەبارەى جەلالى مەلەکشاوە دەنووسێت

 ۱. کە لە ماڵە بچووک و هەژارانەکەی جەلال دەگەڕامەوە، بیرم لەوە دەکردەوە خەڵک بۆ مەرگی هیچ دەوڵەمەند و خانەدانێک بەو دڵپاکی و حەماسەتەوە ئامادە نابن. بە دیوێکی تریشدا، ئەوەی لە دەموچاو و بێدەنگیی خەڵکەکە دەمخوێندەوە، بەر لەوەی پیشاندەری ناڕەحەتی بێت بۆ مەرگی ئەو شاعیر و نووسەرە هەڵکەوتەیە، دەربڕی قەلەقی و بێ‌ئۆقرەیی و دۆشداماوی بوو بۆ ئەو دۆخەی هەمووانی بە گشتی تێکەوتوونە و دەرئەنجامە کارساتبارەکانی، توێژی وێژەوانی کوردی‌نووسی لە چەشنی کاک جەلال-ی زیاتر گرتۆتەوە. دۆخەکە هەستیار و ناخۆشە و زۆربەی ئەندامانی ئەو توێژەش لە ڕووی دەروونییەوە لە بارێکی ناهاوسەنگدان. هەموومان پێویستمان بە گۆڕانکاری و دڵنەوایی و حەسانەوەیە.

 ۲. پەرلەمانی بریتانیا یەکەم خوێندنەوەی بۆ ڕەشنووسی یاسای ماڤی لەچاپدانەوە لە ساڵی ۱۷۱۱دا ئەنجام دا و زاراوەی نووسەری هەک hack writer هەر لەو سەروبەندەدا هاتە نێو گوتاری ئەدەبی و ئابوورییەوە. مەبەست لەم زاراوەیە ئەو نووسەرانە بوون کە لە ڕێگەی کردەی نووسینەوە پارەیان بەدەست دەهێنا و خەرجیی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەشیان دابین دەکرد. دواتر شۆڕشی پیشەسازانە و سەرمایەداریی چاپ گوڕوتینیان بەخشیە باشتربوونی دۆخی ماڵیی دانەران. لە ڕۆژئاوا، تەنانەت ئینتێرنێت و کەشی بەربڵاوی مەجازیش، بە هۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاوەوە، نەیان‌توانی بەر بە قازانج و داهاتی دانەران بگرن.

 ۳. لای ئێمە، لە بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە ناو کورددا، و نەخاسما لەم دوخە ئابوورییەی ئێستا، ئەوەی نرخی نەماوە بەرهەمی ئەدەبی و هونەری و هەروەتر ژیانی توێژی وێژەوانانە. چەند ساڵ لەمەوبەر و لە لێداونێک لە سەر قەبران و له پرسەی عەباس کەمەندی‌دا - کە ئەویش، وەک جەلال، قوربانیی سیستەمی بێبەزەی ئابووریی و گوتاری بێ‌سەروبەری فەرهەنگی بوو - وتم تەنانەت نووسەر و شاعیرە ئاست‌نزمە ڕۆژئاواییەکان تا ماون بۆخۆیان و پاش مەرگیشیان نەوە و نەتیجەیان لە خێروبێری ئەو بەرهەمانە سوودمەند دەبن، بەڵام لای ئێمە تەنانەت دانەرە بلیمەتەکانیشمان لە خراپترین دوخی ئابووریدان.

 ٤. جەلال مەلەکشا کەسایەتییەکی گەورە و گرانی ئەدەبی کوردییە. لە چەقی ئازار و خەمدا بوو، بەڵام هەردەم بە هەناسەیەکی ڕۆمانتیکەوە دەپیڤی و بە ورە و وزەوە دەینووسی. بە بێکەسی و لە تەنیایی و گۆشەگیریدا ژیا، بەڵام لە زۆر کەس زیاتر هاوڕێ و خوێنەری هەبوو و هەیە‌تی. هیچ کات وازی لە ڕێباز و خەون و ئارمانەکانی نەهێنا و تا دوا ساتی تەمەنی وەفادار بوو بە واتا بەرزەجێکان: شەرافەت، ویژدان، ئەوین، شکۆ، ڕەسەنایەتی، بەرخۆدان، ئازادی، دژی زۆرداری و دژی چەوساندنەوە. هەر بۆیەش کەمتر شاعیرێکی کورد ئەوەندەی ئەو خاوەن پلە و پایەی جەماوەرییە.

٥. دوو هەفتە لەمەوبەر هەر لەم لاپەڕەیەدا نووسیم: "مەرگی دایکی ... شاعیری ئێستا تەنیاتر لە جاران ... خەمباری کردم و خێرا هەستم بە ئاکامەکانی کرد بۆ کاک جەلال. کەسێ نییە ئیتر پەرداخێک ئاو بداتە دەستییەوە و ..." خۆزگە قسەکەم ڕاست دەرنەچووبا و بمتوانیبا جارێکی تر ئەو مرۆڤە پاکژدڵە ببینمەوە. ئۆغرت بەخێر کاک جەلال! لە بیری ئەو ڕۆژانەدام کە لە سنە و لە هەولێر و لە ورمێ پێکەوە باسی شیعر و چیرۆک و وەرگێڕان و ڕەخنەی ئەدەبیمان دەکرد. تۆ نەمردوویت! ناوت، یادت، کەسایەتی و بەرهەمت تا هەتایە بە زیندوویی دەمێننەوە.

هەروەها شاعیر ڕەزا عەلیپووریش یادداشتێکى ساڵی ٢٠١٦ى خۆى دەنووسێتەوە کە تیایدا هاتووە: "یادێكی جەلال مەلەکشا هێمن و بێ هەواڵ هات. نە لە سیمایدا ئاسەواری ناوداربوون دەبینرا، نە لە قەڵافەتیدا شکۆی ناسراوی. وەک تاسەیەکی شاعیرانه و دڵدارێکی پڕ ماجەرا هات، وەک شیعرێکی خەمبار، بەڵام کۆڵنەدەر. بێدەنگ و کتوپڕ بۆ کافە هات، جەلال مەلەکشا. هەمووان دەیانناسی. چۆن دەبێ نەیناسن؟ لە پۆل ڤێرلن دەپرسن (باشترین) شاعیری فەڕەنسە کێیە، دەڵێ "ناسراوترین"ی ڤیکتۆر هۆگۆیە. جەلال مەلەکشا تا ئێستەیش ناسراوترین شاعیری (زیندووی) ڕۆژھەڵاتە، گومانتان نەبێ. بڵندترین دەنگ و فیگۆری شیعریی جڤاتێكی پەراوێزخراو. بە دەم چایی و شیرینییه‌وه لە کتێب دواین، گلەمەند بوو لە بڵاڤۆک و نەشر و بازاڕ. دەربارەی مامۆستا هێمن لێمان پرسی، بە بزەوە لە وردە شەڕەکانی دوا لەگەڵیدا، لە سروەی ئەو ساڵانە و تەنز نووسینەکانی خۆی. یادی عەباس کەمەندیی کرد. باسی وەرگێڕان کرا؛ یەکەم وەرگێڕانەکانی جەلال بۆ سەر زمانی فارسی. ئەو ساڵانە، زوو، باشی وەرگێڕابوو زۆریش؛ شیعری هەڵمەت، پەشێو و شێرکۆ. ئەحمەد شاملوو بۆی چاپ کردبوو، شێرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەت کە بیستبوویان خەنی ببوون، زۆریش، خۆی گوتی. شاملوو گوتبووی وەک کتێب وەریانبگێڕە. نەیکردبوو. هەرچی مەیلی سەركەشی نەیخوازێ نایکا، ئازادانە بە مەیلی خۆی وەفادار بووە. (زڕەی زنجیری وشە دیلەکان)ـی ئیمزا کرد. كۆمەڵە شیعرێك ڕاچەنیو و دارماڵی ئایدیای ڕزگاری. وێنەمان کێشا. فۆتۆگرافەر داوای بزەی لێ کرد، تراژیدیایەک پێکەنی."

مامۆستا کرمانج گوندى سەبارەت بە کۆچى دوایی جەلالی مەلەکشا دەنووسێت "شاعیری مەزن و خاوەن کەسێتیی نیشتیمانیی، ئەوڕۆ، شەمۆ، ٣١ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠، لە شاری هونەر و هونەرمەندانی جوانی نیشتیمان، شاری سنە، سەفەری ڕۆحی خۆی دەستپێکرد و گەڕایەوە لای خودا. مەلەکشا، شاعیری هەست ناسك و مرۆڤدۆست، پیرۆزەیی شیعرەکانی خۆی لە چارچێوەی خۆشەویستیی و ئەڤینی کوردستانێ نەخشاند. مەلەکشا مرۆڤێك بوو کە دەریچەی شیعری بۆ ڕاگەیاندنی هەستی دەروونی کوردەواریی خۆی هەڵبژارد کە لەو دەریچە بتوانێ جارێکی دیکە کوردەواریی بخەمڵێنێتەوە و ئێكپارچەی خاکی کوردستانێ وەبیر نەتەوەی مەملەکەت بهێنێتەوە، وەك لەو شعرە ناسکە هەستی نیشتیمانپەروەرانەی خۆی بەیان کردیە."

وریا رەحمانى لەبارەى کۆچى دوایی مەلەکشاوە نووسى "ئه‌گه‌ر له‌ ده‌لاقه‌یه‌کی رۆژهه‌ڵاتی‌یه‌وه‌ سه‌یری گه‌شه‌ی شێعری کوردی (سۆرانی) له‌ به‌ستێنی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کورده‌واریدا بکه‌ین، پێویستیی له‌به‌رچاو گرتنی سێ قۆناغی جیاواز به‌ڵام زنجیره‌یی و به‌دوای یه‌کدا به‌گشتی خۆی ده‌نوێنێ. دیاره‌ له‌نێو هه‌ر کام له‌م قۆناغه‌ گشتیانه‌دا که‌ هه‌رکام خوڵقێنه‌ری شێوازگه‌لێکی جیاواز و جێی سه‌رنجی تایبه‌تی ئه‌ده‌بین، کۆمه‌لێک قۆناغ و شێوازی بچووک و لاوه‌کی‌تریش بوونیان هه‌یه‌ که‌ ره‌نگه‌ له‌ پێوه‌ندیه‌کی ئۆرگانیکی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ باسه‌که‌ی ئێمه‌دا نه‌بێ.

١. قۆناغی شاره‌زووری

٢. قۆناغی موکریانی

٣. قۆناغی ئه‌رده‌ڵانی

قۆناغی یه‌که‌م که‌ له‌گه‌ڵ شێعری شاعیرانێکی وه‌کوو نلى و سالم و کوردى و ... ده‌ست پێده‌کا و به‌ شێعره پاراوه‌کانی مەحوى و شێخ ڕەزا و حەمدى و .. درێژە دەکێشێ، له‌ لاپه‌ڕە‌ زێڕینه‌کانی شێعر و ئه‌ده‌بی کوردی به‌ حیساب دێن. له‌ تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌ دیاره‌کانی ئه‌م شێوازه‌ که‌ڵکوه‌رگرتنی زۆر له‌ وشه‌ و چوارچێوه‌کانی شێعری عه‌ره‌بی‌یه‌ که‌ به‌هۆی نزیکبوونی شاعیره‌کانی ئه‌م شێوازه‌ له‌ فه‌زا و جوغرافیای عه‌ره‌بی، خۆی شتێکی سرووشتی بوو.

 

قۆناغی دووه‌م لە سەیفولقوزاتى موکریانى ده‌ست پێ ده‌کا و له‌ سه‌ر ده‌ستی شاعیرانێکی وه‌ک سەید کامیل، خاڵەمین، میسباحوددیوانى ئەدەب و ... درێژهە به‌ کاری خۆی ده‌دا و له‌ شێعری هێمن و سوارەدا ئیتر به‌وپه‌ڕی خۆی ده‌گا و ده‌دره‌وشێته‌وه‌. شێعری ئه‌م قۆناغه‌ فه‌زایه‌کی کوردی‌تری هه‌یه‌ و هه‌وڵ ده‌درێ له‌ زیاترین وشه‌ و هێما و به‌ستێنی کوردی که‌ڵک وه‌رگیرێ و له‌ بواری ناوه‌رۆکیشه‌وه‌ نیشتمانیانه‌تره‌ و وڵات و نه‌ته‌وه‌ وه‌ک دوو توخمی سه‌ره‌کی تێیدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێته‌وه‌.

قۆناغی سێیه‌م که‌ به‌تایبه‌ت له‌ ده‌ورانی دوای به‌ ئاکام گه‌یشتنی شۆڕشی ئیسلامییه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کا و مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی نووسینه‌که‌ی ئێمه‌شه‌ له‌ ناوچه‌کانی سنه‌ و ئه‌رده‌ڵان و به‌ گشتی ناوچه‌ باشووری‌تره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ و له‌ شێعری شاعیرانێکی وه‌ک؛ شەریف حوسەین پەناهى، ڕەحیم لوقمانى، جەلال مەلەکشا، فەرەیدون ئەرشەدى و...ـدا خۆی نیشان ده‌دا. فه‌زای گشتیی شێعری ئه‌م ده‌ورانه‌ زه‌رافه‌تێکی زمانی و ناوه‌رۆکیی وردتری تێدا هه‌یه‌ و کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای کوردستان زیاتر به‌رجه‌سته‌ ده‌کاته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر له‌ قۆناغی موکریانیی شێعردا پرسی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی زیاتر ئاقارێکی به‌رخۆدانی و به‌راوردکارانه‌ی له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌دا هه‌بوو، که‌چی له‌م قۆناغی سێیه‌م دا شێعر پتر له‌ هه‌موو شتێک وه‌ک ئه‌رزشێکی زمانی و به‌ دیدێکی جوانی ناسانه‌وه‌ ده‌وری هونه‌ری خۆی ده‌گێڕێ و پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌کان له‌ ده‌روونی که‌ڵکه‌ڵه‌ و داخوازییه‌کانی شاعیره‌وه‌ وه‌ک کوردێکی پێگه‌یشتوو ده‌که‌ونه‌ روو. لێره‌دا ئیتر کوردبوون به‌ واتا مرۆڤیه‌که‌یه‌وه‌ ناوه‌ندیه‌تیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و له‌ ناوه‌ندی ناوئاخنی شێعرییه‌ته‌وه داده‌نرێ. شاعیر و نووسه‌ری ئه‌م قۆناغه‌ چیتر له‌ روانگه‌یه‌کی ده‌ره‌کییه‌وه‌ سه‌یری بایه‌خی وجودیی خۆی ناکا و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تا راده‌یه‌کی زۆر ئه‌م روانینه‌ ده‌روونی‌تر ده‌بێته‌وه‌ و هه‌وڵ ده‌دا که‌ خۆی وه‌ک خۆی بنرخێنێ و باسی بکا. له‌ پانتایی قۆناغی سێیه‌مدا ئیتر شاعیر روانگه‌یه‌کی گشت به‌ تاکی نییه‌ و هه‌وڵ ده‌دا (به‌ واتا فه‌لسه‌فییه‌که‌ی) دیدێکی تاک به‌ گشتی هه‌بێ و له‌و ره‌هه‌نده‌وه‌ سه‌یری خۆی و باوه‌ڕ و ئامانج و بایه‌خ و نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌که‌ی ده‌کات.

جەلال مەلەکشا یه‌کێک له‌ شاعیره‌ هه‌ره‌ به‌رز و قه‌ڵه‌مه‌ به‌ تواناکانی ئه‌و قۆناغه‌یه‌ که‌ به‌ حه‌قیقه‌ت وه‌ک شاعیرێکی لێهاتووی خاوه‌ن ئه‌زموونێکی به‌نرخ شوێنی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه‌. له‌ شێعری «سه‌فه‌ر»‌دا وه‌ها به‌ شێوه‌یه‌کی هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی خۆزگه‌ و ئاواتێکی ره‌وای خۆیدا بۆ کاوه‌ی کوڕی، سنووره‌کانی زه‌مانی و مه‌کانی تێک ده‌شكێنێ و وێنای نیشتمانێکی پیرۆز که‌ هه‌مان کوردستانی گه‌وره‌ بێ ده‌کێشێته‌وه‌، که‌ کاریگه‌رییه‌کی بێ‌وێنه‌ له‌سه‌ر خوێنه‌ر داده‌نێ و شێعرێکی له‌ قه‌واره‌دا کورت به‌ڵام له‌ حه‌قیقه‌ت و ناوه‌رۆکدا بێ‌کۆتایی و مه‌زن ده‌خوڵقێنێ.

 

 

شیعرێکی جەلال مەلەکشا دوای تێرۆری شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو:

کاتێ زانییان،

دڵت پاپۆڕی ئەوینە و

بۆ گەیشتن بە بەندەری خۆشەویستی

دەریای شەختە و سەهۆڵ ئەبڕی

هاتن سینگتیان هەڵدڕی

کاتێ زانیان،

دڵت پردێکە پان و پۆڕ

بەرەو ناخی مێژووی جیهان

دەستی کوێستانت گرتووە و

لە قووڵایی مەرگ و خوێنا

ئەیبەی بەرەو کۆشکی ژیان

پەردەی وەرزی زریان ئەدڕی

هاتن سینگتیان هەڵدڕی

کاتێ زانیان،

بورکانە دامرکاوەکان ئەخرۆشێنی

بوومەلەرزە خنکاوەکان،

لەناو خوێنا ئەجوولێنەوە

نەخشەی جیهان ئەشێوێنی

سنوورەکان لەژێر پێتا ئەتوێنەوە

وەک بڵێسەی کڵپەی ئاگر،

لەناو شەوەزەنگا ئەگڕی

هاتن سینگتیان هەڵدڕی

کاتێ زانیان،

ئاوت بووه بە جوانترین وشەی ئەوین

دڵدارەکان ئەبزوێنی

دەنگت بووە بەچەپکە تیشک

شەوی چڵکن ئەشڵەقێنی

شانت داوە بەژێر خەمی نیشتمانا و

فرمێسک لەچاو هەژار ئەسڕی

هاتن سینگتیان هەڵدڕی

کاتێ زانیان،

کوێستانت کردووە هێلانە

بەشمشاڵی لوولەی تفەنگ،

دڵدارەکان بۆ جێژوانی چیا ئەچڕی

هاتن سینگتیان هەڵدڕی

هاتن سینگتیان هەڵدڕی ..