بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاوێژکاری ئاسایشى نیشتمانى کۆشکی سپی: گوشارە زۆرەکانى ترامپ، چۆکى بە کۆماری ئیسلامی داداوە!

ڕاوێژکاری ئاسایشى نیشتمانى کۆشکی سپی: گوشارە زۆرەکانى ترامپ، چۆکى بە کۆماری ئیسلامی داداوە!
AvaToday caption
posted onOctober 29, 2020
noبۆچوون

ڕابێرت ئوبراین ڕاوێژکاری ئاسایشى نیشتمانى کۆشکی سپی دەڵێ، ئابوری ئێران بەهۆی سیاسەتی گوشاری هەرەزۆری سەرکۆماری ئەمریکا بەچۆکدا هاتووە. ئۆبراین ڕۆژی چوارشەممە،٧ی گەڵاڕێزان لە دانیشتنێکدا بە میوانداری ناوەندی ئەمریکایی هادسن گووتی: سیاسەتی گوشاری هەرەزۆری سەرکۆمار ترامپ، ئێرانی بەچۆکدا هێناوە و بەهۆیەوە ڕێگری کردووە لە دەستپێراگەیشتنی ئێران بە ١٥٠ ملیارد دۆلار.

 

ڕژیمی ئێران ئەو سەرچاوانەی بۆ خەڵکی ئێران بەکار نەدەهێنا و لە پێناو پەرەدان بە ناکۆکی و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی حیزبوڵلا، حەماس، بەشار ئەسەد، حوسییەکان و کەتائیبئی حیزبوڵا بەکاری دێنا.

ئۆبراین باسی لە ناوبژیوانی سەرکەوتووانەی سەرکۆماری ئەمریکا لە نێوان ئیسرائیل، ئیمارات و بەحرەین و ئیسرائیل کرد و گووتی: ڕێککەوتنی ئیبراهیمی وەک گەورەترین هەنگاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاشتی لە ماوەی ٢٥ ساڵی داهاتوو بە ئەژمار دێت.

لە درێژەدا گووتی: بەم دواییە سودان و ئیسرائیل ڕێککەوتن پێکەوە ئاشتی بکەن.

ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی گووتی: دۆنالد ترامپ بە هێندێک هەنگاوی وەک چوونە دەر لە ڕێککەوتنی کارەساتی بەرجام، متمانەیەکی زۆری لەناو هاوپەیمانەکانی لە کەنداوی فارس بەدەستهێنا و تەوانی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل، بەحرەین و ئیمارات بەدەستبێنێت.

لە درێژەدا گووتی: سەرکۆماری ئەمریکا سەرقاڵی نوێکردنەوەی تواناییە ئەتۆمییەکانی ئەمریکایە کە بە کۆڵەکەی ئەمنیەتی نەتەوەیی ئەمریکا دەناسرێت. ڕاوێژکاری ئاسایشى نیشتمانى کۆشکی سپی گووتی: لە ژێر ڕێبەری ترامپدا، ئەمریکا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە بواری سیاسەتی بەرگریدا پوڵی خەرج کردووە.

ئۆبراین گووتی: هەڵسوکەوتی ئێمە دەگەڵ ڕژیمە دیکتاتۆر و سەرەڕۆکان ئەوجۆرەیە کە ئەوان هەن، نەک ئەوەی کە هیوای دەکەین. ئێمە پێمان وایە هەوڵەکانی ترامپ نیشانی داوە کە ئەمریکا چیتر بەشێک لەو هاوپەیمانیەتیانە نییە کە تێیاندا مافی سەروەری ئەمریکا ڕیزی لێناگیرێت.