بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

‌ ڕاگەیاندنی هاوبەشی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

‌ ڕاگەیاندنی هاوبەشی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
AvaToday caption
posted onOctober 10, 2020
noبۆچوون

 

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

کۆر و کۆمەڵە مافە مرۆڤی و پشتیوانیکار لە زیندانیانی سیاسی!

 

لە ڕۆژییەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران شۆرشی نەتەوەکانی ئێرانی ڕەوگیر کرد و دامەزرا، ئێعدام وەک کلتورێکی سیاسی کۆمەڵایەتی ئەو سیستەمەی لێهات و هەموو ئەو کەسانەی بەجۆرێک بە دژی ئەو ڕێژیمە دەوەستانەوە یان بەرهەڵستی دەبوونەوە لەسێدارە دران. تیرباران و ئێعدامی لاوانی کورد بەدەستی سادقی خەلخالی نێڕدەی تایبەتی ئاغای خومەینی بۆ کوردستان لە ساڵەکانی ١٣٥٨، ئێعدامی ٥٩ لاوی مهابادی لە ساڵی ١٣٦٢ دیمەنی چەند کارەساتێکی بەکۆمەڵی دیاردەی ئێعدام بۆ کورد لە ئێران وێنا دەکات. بەرپرسانی قەزایی لە ئێران بەپاساوی جۆربەجۆری قەزایی و بەناوگەلی ئیسلامی وەک “محارب”، “بەغی” و “مفسد فی الارض” هەروەها بۆ پێش گرتن لە دیاردە دزێوەکانی کۆمەڵگا تەنیا لە حوکمی سێدارە کەڵک وەردەگرن و هیچ ڕێگایەکی دیکەی چاکسازی وەک وڵاتانی پێشکەوتوو نابینن. واتە “یاسای سزای ئیسلامی” بۆ زۆرێک لە تاوان و تۆمەتەکان دەبێتە پێوەر و کاری پێدەکرێ. بە پێی ئامارە جیهانی، ئێرانی و کوردستانییەکان ڕێژەی ئێعدام کردن لە ئێران لە چاو هەموو وڵاتانی گەردوون(بێ لە چین لە بواری حەشیمەتییەوە) پلەی یەکەمی وەبەر دەکەوێ و لەم نێوەشدا و لە ناو وڵاتی فرە پێکهاتەی ئەتنیکی ئێران بەداخەوە کورد زیاترین سزای ئێعدامی بەسەردا دەسەپێ بەجۆرێک کە دەتوانین بڵێین ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتەنیا نزیکەی سەتا ١٠ی سەرجەم ئێعدامییەکانی جیهانی وەبەر کەوتووە.

بە پێێ ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)، لە شەش مانگەی یەکەمی ساڵی ١٣٩٩ لە کوردستان ٢٢ کەس بە تۆمەتی جۆراوجۆر و لەوانەش ٤ کەسی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دروان. هەر بە پێی ئەو ئامارانە تەنیا لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوییەوە هەتا ١٣٩٨، ٥٢ کورد بە تۆمەتی کاروچالاکی سیاسی و ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لەسێدارە دراون. هەر لەمساڵدا لانیکەم دوو “مناڵ تاوانبار” بە ناوەکانی شایان سەعیدپوور و سینا محەمەدی لەسێدارە دران ئەگەرچی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خۆی کۆنڤانسیۆنی مافی مناڵانی واژۆ کردووە بەڵام هەموو بەها و پرەنسیپە ئەخلاقی و جیهانییەکانی دەخاتە بەرپێی بەرژوەندییەکانی خۆی. هەر ئێستا چەندین کەسی کورد لە داڵانەکانی بەندیخانە پیس بووەکانی بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا چاوەڕێی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامن بەجۆرێک ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە مانگی ڕابردوودا داوای ڕاگرتنی هەرچێ خێرای حوکمی سێدارەی محێدین ئیبراهیمی و شاکر بێهرووزی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکات، کە بە تاوانی ساختە و پڕ لە قین، حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

ئێمە لە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەر(١٩ی ڕەزبەر)ی ١٣٩٩ی هەتاوی، کە بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوە بە دژی سزای ئێعدام پێناسە کراوە دەکەینە بەهانەیەک بۆ مەحکوم کردنی جارێکی دیکەی سزای ئێعدام لە کوردستان و داواکارین لە سەرجەم ناوەندە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ و هەموو ئەو لایەنە جیهانیانەی بە دژی سێدارە چالاکی دەکەن، گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵکوو واز لە ئێعدام بە تایبەت سێدارەی کەسانی سیاسی و جیابیر بێنیت.

 

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان