بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئێران چاودێرییەکانى لەسەر ئەنتەرنێت تووندتر دەکات

ئێران چاودێرییەکانى لەسەر ئەنتەرنێت تووندتر دەکات
AvaToday caption
posted onNovember 15, 2018
noبۆچوون

ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران (CHRI) رایگەیاند " وێنەیەکى پرۆژە یاساى پێشکەشکراوى پەرلەمانى وڵاتەکەى دەستکەوتووە، کەتێدا سوپاى ئێران راسپێدراوە بۆ ئەوەى چاودێرى ناوەرۆکەکانى ئەنتەرنێت بکات".

ئاماژەى بەوەشداوە " ئامانجی ئەو هەنگاوە تووندکردنى چاودێرییەکانى سەر دامەزراوە میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە، کەرۆڵیان لەناڕەزاییە جەماوەرییەکان و ناکۆکییەکانی وڵات هەبووە".

ئەو راگەیاندنەش دواى چەندین ڕەتکردنەوەى بەرپرسانى تاران دێت لەبوونى پرۆژەى لەو شێوەیە، کەرێگە بە لقێکى سوپاى ئێرانى بدات، کۆنترۆڵییەکان و چاودێرى کردنى سەر ئەنتەرنێت و چالاکییەکانى ئاپەکان تووندتر بکات.

ناوەندی مافی مرۆڤ، لەراگەینراوێکدا باسى لەوەش کردووە " رێگە بەپێکهاتەکانى هێزى چەکداری ئێران کەلەژێر دەسەڵاتى عەلى خامەنەئی، رابەرى باڵا کار دەکەن، سوپاى پاسدارانى راسپاردووە، کۆنترۆڵى ژێرخانى ئەنتەرنێتى وڵات بکەن".

ئەو هەنگاوەى کۆمارى ئیسلامى مەترسیی بۆ ملیۆنەها کەسى دانیشتووى ئەو وڵاتە دروستکردووە، کەلەداهاتوودا رووبەرووى سزادانى یاسایی دەکاتەوە.

ئەو رێکخراوە گووتیشى " چەندین بابەتى ئەنتەرنێت و لەنێویاندا گەیشتن بەناوەرۆکى ئاپە جیهانیەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کەلەلایەن تاراندا قەدەغەیە، دەکەونە ژێر دەستى سوپا".

لەبارەى پرۆژە یاساکە کەناوى " فەرمانگەى پسوولەى ئاپی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان"ـە، هیمای بەوە کردووە " رێگە بەدامەزراوەکانى ئاسایش، هەواڵگری  دەدات بەئاسانى چاودێرى سەرجەم ناوەرۆکەکانى ئەنتەرنێت وچالاکیی بەکاربەرانیش بکەن.

لەپاڵ ئەوانەش رێگری لەبەکارهێنانى سیستەمى ئاپی دەرەکی بکەن و، هان بدرێن ئاپی ناوخۆیی کە لەژێر چاودێرى دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکانە بەکاربهێنن.

زۆربەى ئاپەکانى ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەنێو ئێراندا سنووردارو قەدەغە کراون، بەڵام هاوڵاتیان توانیویانە لەرێگەى بەرنامەى دژە بلۆک بیکەنەوە، بەتایبەت فەیسبوک، تویتەرو تیلیگرام.

 ساڵى رابردوو یەکێتى نێودەوڵەتى بۆ پەیوەندییەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان لەراپۆرتێکى خۆیدا ئاماژەى بەوە کردبوو " نزیکەى سەدا 53 ـى دانیشتووانى ئێران کەژمارەیان 80 ملیۆن کەس دەبن، بەئەنتەرنێتەوە بەستراونەتەوە".

لەگەڵ بەرزبوونەوەى ژمارەى بەکاربەرانى ئەنتەرنێت، رژێمى تاران پاوانخوازییە ئەمنیەکانى لەسەر ئەنتەرنێت تووندتر کردووە.

ئەمەش وای لەو دەسەڵاتە کردووە ساڵى 2016 تۆڕى ئەنتەرنێتى نیشتیمانى (NIN) رابگەیەنێت، کەلەلایەن حکومەتەوە بەرێوەدەچێت و، لەوێوە دەست بەچاودێرییەکانیان بەسەر هاوڵاتیانەوە بکەن.

لەئایارى رابردوو بەهۆى سەرهەڵدانى خۆپێشاندانى جەماوەرى لەئێراندا، حکومەت تۆڕى تیلیگرامى لەسەرتاسەرى وڵات داخست، بەو هۆیەوەش 40 ملیۆن بەکاربەرى لەو وڵاتە بێبەش کرد لەگەیشتن بەزانیارییەکان، بەڵام شارەزاییانى تەکنەلۆژی لەرێگەى بەرنامەى برکسی، توانیان سانسۆرەکەى رژێم بشکێنن.

بڕیاریشە دواى تاوتوێ کردنى پرۆژە یاسای تایبەت بەچاودێری ئەنتەرنێت لەلایەن لێژنەى کاروبارى رۆشنبیرییەوە، بخرێتە دەنگدانى پەرلەمانتاران.

پرۆژە یاساکەش لەلایەن پەلەمانتاری تووندڕەوی ئێرانى نەسروڵلا بجمانفارەوە پێشکەش کراوە، هاوکات روحەڵلا موئمن، پسپۆڕی تەکنیکی، وەک راوێژکاری پرۆژەکە خراوەتەروو و دایرشتۆتەوە.