رفتن به محتوای اصلی

دایک و کچێکی کورد بە دەستی بەرپرسێکی تالیبان لە ئەفغانستان کوژران

دایک و کچێکی کورد بە دەستی بەرپرسێکی تالیبان لە ئەفغانستان کوژران
posted onJune 11, 2026
noدیدگاه

چیمەن حسەینزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان و دانیشتووی ئەفغانستان، لەگەڵ کچەکەی، سارا یووسفی، بە دەستی بەرپرسێکی خۆجێیی تالیبان کوژراون، ئەو بەرپرسەی تالیبان دەیویست بە زۆر لەگەڵ سارای ١٥ ساڵان هاوسەرگیری بکات.

بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی؛ «چیمەن حسەینزادە نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوپێش لەگەڵ پیاوێکی ئەفغانستانی هاوسەرگیریی کرد و لە گوندی «غەلدووری»ی شاری کووهستانات لە ویلایەتی سەرپۆل دەژیا. لەوێ بە ناوی «بی‌بی چەمەنگوڵ» دەیانناسی و وەکوو مامایەکی سوننەتی کاری دەکرد».

بەپێی راپۆرتەکە، کەسێک بە ناوی موفتی محەممەدوڵڵا، بەرپرسی ئیدارەی حەج و ئەوقافی تالیبان لە شاری کووهستاناتی ویلایەتی سەرپۆل داوای کردبوو لەگەڵ سارا یووسفی، کچە ١٥ ساڵەکەی چیمەن حسەینزادە، هاوسەرگیری بکات. بەرپرسەکەی تالیبان ڕۆژی ١٨ی گوڵانی ١٤٠٥ (٢١ی ئاڤریلی ٢٠٢٦) چووبووە بەردەم ماڵی ئەو بنەماڵەیە و ویستبووی بە زۆر سارا لەگەڵ خۆی ببات، بەڵام دایکی ڕێگریی لێ کردبوو و نەیهێشتبوو.

ئەو بەرپرسەی تالیبان کاتێک ڕووبەڕووی ڕێگری و بەرهەڵستبوونەوەی دایکەکە لە بەرانبەر گواستنەوەی زۆرەملێی کچەکەیدا بووبوویەوە، دەسڕێژی لەو دایک و کچە کردبوو و هەردووکیانی کوشتبوو. بە گوێرەی زانیارییەکان، بکوژ دوای ڕووداوەکە لە لایەن هێزەکانی تالیبانەوە دەستبەسەر کراوە.

بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە دوای چەند حەفتەیەک لە ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥دا (٣١ی مەیی ٢٠٢٦) لە ڕووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە و ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان لە ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەرداندا (٢ی ژوەن) لە گوندی «کارێزە سەردار» بەڕێوە چووە.