بەهروز کەمالوەندی، گوتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی "پاراستنی ئاسایش" زانیاری لەسەر قەبارەی زیانەکانی هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وێستگەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان ئاشکرا ناکەن. کەمالوەندی ئاماژەی بەوە کرد.
کەمالوەندی دوو مەرجی بۆ گەڕانەوەی هەماهەنگییەکان بۆ دۆخی پێش جەنگ دانا: کۆتاییهێنان بە هەڕەشە سەربازییەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و دانپێدانان بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە.
لە بەرامبەردا، ڕافایێل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی تاران بە تەواوەتی ڕێگری لە پشکنینەکان بکات. گڕۆسی گوتی: "ئەمە بێباکی دەبێت ئەگەر هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو نەگرین؛ ئەگەر ئێران ڕێگری بکات، بە واتای پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT) دێت."
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە لە جەنگێکی 12 ڕۆژەدا، سێ دامەزراوەی سەرەکیی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کران. تاران دەڵێت بەهۆی "مەترسیی تیشکدانەوە و بوونی پاشماوەی تەقەمەنی" ڕێگە بە پشکنەران نادات، بەڵام گڕۆسی جەخت دەکاتەوە کە دەبێت پشکنەرەکان خۆیان ئەو بانگەشانە پشتڕاست بکەنەوە.