رفتن به محتوای اصلی

خەڵکی گوندێکی پاوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی جاددەی سوپای پاسدارانیان لە شاهۆ داخستووە

پاوە
ناڕەزایەتی خەڵکی شمشێر سەر بە شاری پاوە بەرامبەر تێکدانی شاهۆ
posted onFebruary 17, 2025
noدیدگاه

خەڵکی گوندی شمشێر سەر بە شاری پاوە زیاتر لە سێ هەفتەیە رێگای کوێستانی شاهۆیان بەستووە، وەک ناڕەزایەتی بە تێکدانی سرووشتی شاهۆ لەلایەن ئافرۆد سوارەکان و کەسانی بەرژەوەندیخواز.

خەڵکی گوندی شمشێر ماوەی زیاتر لە ٣ هەفتەیە لەسەر رێگای شاهۆ کۆدەبنەوە و دەڵێن: شاهۆ سەرچاوەی ئاو و ژیانیانە و رێگە نادەن خەڵکی بەرژەوەندیخواز تێکیبدەن.

ئەو رێگایە ١٠ ساڵ لەمەوبەر سوپای پاسداران کێشاویەتی و بە دڵی کوێستانی شاهۆدا تێپەڕ دەبێت، تاوەکو دەگاتەوە سەر رێگای کامێران -سەوڵاوا.

خەڵکی گوندی شمشێر کە ئێستا چالاکڤانانی بواری ژینگەی ناوچەی دیکەش پێیانەوە پەیوەست بوون، داوا لە سوپای پاسداران دەکەن هەر خۆی کۆسپێک بۆ هاتوچۆی خەڵکی نابەرپرسیار بۆ شاهۆ دابنێت.

ئامانجی سوپای پاسداران لە راکێشانی ئەو جاددەیە ئەوە بووە  بە ئاسانیی بگاتە شاخەکان شاهۆ و لە ساڵانی رابردووشدا کۆمەڵێک بنکەی سەربازیی لە شاهۆدا جێگیر کردووە.

شاخی شاهۆ شوێنێکی ئێجگار ئەستەمە و بۆ بزووتنەوەی کوردستان پێگە و حەشارگەیەکی گرنگ و شوێنێکی ستراتژی بووە، بۆیە کۆماری ئیسلامی هەوڵیداوە دەستی بەسەردا بگرێت و بۆ بزووتنەوەی کوردستان نائەمنی بکات.

بەڵام ئەو رێگایانەی سوپای پاسداران بە شاهۆدا کێشاویەتی وایکردووە ساڵانە بە هەزاران کەس بە ماشین بگەنە شوێنە هەرەبەرز و ئەستەمەکانی شاهۆ و بەمجۆرە ژینگە و ژیانی ئاژەڵە کێوییەکانی شاهۆ بکەوێتە مەترسییەوە.

خەڵکی راوچی روو لە شاهۆ دەکەن تاوەکو ئەو کەسانەی کە گژوگیای بەهاری کۆ دەکەنەوە.

شاهۆ سەرچاوەی ئاوی شارەکانی پاوە و روانسەر و ژمارەیەکی زۆر دێهاتی داوێنی شاهۆیە و هەروها سەرچاوەی بژێویی خەڵکی زۆر گوندی سەر بە شارەکانی روانسەر، کامێران، پاوە و سەوڵاواشە.

خەڵکی شمشێر دەڵێن، تاوەکو بە ئامانجەکانیان نەگەن دەست لە مانگرتنەکەیان هەڵناگرن.