![نیلوفەر حامدی](/sites/default/files/2025-02/2093393_773.jpg)
پارێزەرانی نیلوفەر حامدی دەڵێن، ئەو رۆژنامەنووسە لێخۆشبوونی بۆ دەرکراوە و دۆسیەکەی بەستراوە. ئەو لە پەیوەندیی لەگەڵ گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینیدا دەستبەسەر کرابوو.
نیلوفەر حامدی رۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١ دەستبەسەر کرا و دادگای شۆڕشی تاران تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ وڵاتی ئەمریکای دوژمن، پیلانگێڕی دژی ئاسایشی وڵات و پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی" خستە ئەستۆی و بۆ هەر کام لەو تۆمەتانە بە ریز حوکمی ٧، ٥ و ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
ئەو رۆژنامەنووسە بەگشتی ١٧ مانگ لە زینداندا بوو و رۆژی ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٢ بە دانانی ١٠ میلیار تمەن بارمتە بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
نیلوفەر حامدی، رۆژنامەڤانی رۆژنامەی شەرق و ئێلاهە محەممەدی، پەیامنێری رۆژنامەی هەم میهەنی ئێرانی، ساڵی 2022 لەبارەی دەستگیرکردن، گیانلەدەستدان و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی راپۆرتە هەواڵیان بڵاوکردبووە، دواتر لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دەستگیرکرابوون.
ئێلاهە محەممەدیش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئەمریکا، ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی وڵات و کارکردن لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لەلایەن دادگەی تاوانەکانی تارانەوە سزای 12 ساڵ زیندانیکردن بەسەریدا سەپێنرا.