رفتن به محتوای اصلی

لە ئیلام خاڵێکی پشکنین هۆکاری برینداربوون و گیان لەدەستدانی دەیان کەسە

جندوڵا ئیلام
رووداوی هاتوچۆی رۆژی ١١ی رێبەندانی ١٤٠٣ لە سێ رێیانی جندوڵا لە ئیلام
posted onJanuary 31, 2025
noدیدگاه

بوونی خاڵێکی پشکنین لە نزیک سێ رێیانی جندوڵا لە نزیک شاری ئیلام وەک هۆکاری ژمارەیەکی زۆر رووداوی هاتوچۆ و گیان لەدەستدان و برینداربوونی دەیان هاونیشتمانی لە ئیلام لە قەڵەم دەدرێت.

رووداوی هاتوچۆی رۆژی ١١ی رێبەندانی ١٤٠٣ لە پارێزگای ئیلامدا کاردانەوە و ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە، هۆکارەکەشی ئەوە بوو هەر لەو شوێنە زۆر جاری دیکەش رووداوی هاتوچۆ روویداوە.

لەو رووداوەدا ٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٠ کەسیس بریندار بوون و رووداوەکەش بەهۆی نەمانه ستاپی بارهەڵگرکەوە بوو.

زۆر کەس لە ئیلام داوا دەکەن بەڕێوەبەری رێگاوبانی ئەو پارێزگایە لەسەر کار لابدرێت.

سەرەولێژی سێ رێیانی جندوڵا زۆریش توند نییە، بەڵام چونکە زۆر درێژە گوشاری زۆر لەسەر بارهەڵگرەکان دروست دەکات و لە دوایین لۆفە (پێچیش)دا دەبێت شۆفێر لەناکاو ستاپ (تورموز) لێبدات و لە خاڵی پشکنینەکەدا رایبگرێت.

مەودای ئەو دوایین پێچە و خاڵی پشکنینەکە هێندە زۆر نییە کە بارهەڵگر و ئۆتۆمبیلەکان هێدی هێدی لە خێراییان کەم ببێتەوە، بەم پێیە بەهۆی خاڵی پشکنینەکەوە گیانی شۆفێر و سەرنشینەکانی دیکەی ئۆتۆمبیل لە مەترسیدا دەبێت.

شارەزایانی ئیلامی دەڵێن، ناکرێت رێک لە کۆتایی پێچی جاددە و سەرەولێژیدا، خاڵی پشکنین هەبێت.

جەحفەر جەعفەرزادە، پارێزەری خەڵکی ئیلامیش، خاڵی پشکنینەکە وەک هۆکاری ژمارەیەکی زۆری رووداوی هاتوچۆ لە سێ رێیانی جندوڵادا لە قەڵەم دەدات و دەڵێت: خاڵی پشکنینەکە لە شوێنێکی نەگونجاو، شوێنێکی هەڵە و بەپێچەوانە رێوشوێنە یاساییەکان دروستکراوە.

بەگوتەی جەعفەر جەعفەرزادە، لە تەنیشت جاددەکەوە شوێنێک دروست نەکراوە بۆ ئەو بارهەڵگرانەی کە ستاپیان نامێنێت لابدەنە سەر ئەو شوێنە و خێراییان کەم ببێتەوە و تووشی رووداوی هاتوچۆ نەبن.

ساڵی رابردوو بەڕێوەبەری رێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای ئیلام بەڵینی دابوو لەو شوێنە جێگای تایبەت بۆ ئەو بارهەڵگرانە دروست بکرێط کە ستاپیان نامێنێت، بەڵام هێشتا دروست نەکراوە.

داواکاری گشتیی ئیلام، بەهۆی رووداوی هاتوچۆی رۆژی پێنجشەممەوە سکاڵای دژی بەڕێوەبەری رێگاوبانی ئیلام تۆمار کرد و تۆمەتباری کردووە کەمتەرخەمی کردووە و ئەرکەکەی رانەپەڕاندووە.