رفتن به محتوای اصلی

مەزهەر عەزاوی بۆ ئاڤاتودەى: داعش لەچیاکانى حەمرین خۆی حەشار داوە

مەزهەر عەزاوی بۆ ئاڤاتودەى: داعش لەچیاکانى حەمرین خۆی حەشار داوە
posted onJanuary 30, 2019
noدیدگاه

 

پسپۆرێکى سەربازی عێراقی ئاماژە بەوە دەکات "کردەوەکانى ئەمدواییانەى گرووپی تیرۆریستى داعش، بەشێوەیەکى بەرچاو گەورە کراون"، دووپاتی دەکاتەوە "داعش بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دووبارە ناوچەیەکى عێراق داگیر بکات".

 

فەریق ڕووکنی خانەنیشینکراو مەزهەر عەزاوی لە لێدوانێکدا بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى لەبارەى جموجۆڵەکانى ئەم دواییەى داعش لە پارێزگاى دیالە ڕایگەیاند "ئەوەى هەیە جموجۆڵێکى گرووپەکان و شانە نووستووەکانى داعش هەیە، کە لەلایەن فەرماندەکانی خۆیان پەیامیان پێدەگات بۆ ئەوەى کردەوەى تیرۆریستى لە پارێزگاکە بکەن، تا سەرەنجەکان بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و بڵێن بوونیان هەیە".

عەزاوی، کە هاوکات ماوەى سێ ساڵ فەرماندەى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى دیجلە بووە لە پارێزگاى دیالە، ڕوونی دەکاتەوە "بەو پێیەى دانیشتووى شارەکەم، باش لەو جموجۆڵانە تێدەگەم و دەزانم، ئەمەوێت ئەوە بڵێم گەڕانەوەى داعش بەجۆرێک لەجۆرەکان گەورە کراوە".

گووتیشى "بەرپرسیارم لەسەر قسەکانی خۆم، بەوەى داعش نەک گووندێک یاخود شوێنێکى دووردەست لە پارێزگاى دیالە، بگرە لە هیچ پارێزگایەکى عێراق تواناى داگیرکردنى زەوی نییە، چونکە هێزى سەربازی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانى عێراقەوە تێک شکێنراون".

 

مەزهەر عەزاوی بۆ ئاڤاتودەى

ئەو فەرماندە سەربازییە باسى لەوەش کردووە "بەشێک لەو گرووپە تیرۆریستییە لە ناوچەکانى چیاى حەمرین و دارستانەکانى ئەڵزۆر، خۆیان حەشاردووە، بۆ ئەنجامدانى پشکنین و گەڕانیش بە دوایاندا، دەبێ ڕەزامەندی خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان وەربگیرێت، ئەمەش پرۆسەیەکى درێژخایەنە".

لەبارەى ڕاوەدوونانى ئەو شانە نووستووانە عەزاوی جەخت لەوە دەکاتەوە "لە ڕێگەى تیمە هەواڵگرییەکانى سوپاو دژە تیرۆر و حەشدی عەشایرییەکان، توانراوە چەکدارەکانى داعش لە پارێزگاکە ڕاو بنرێت و، بەشێکى زۆریان دەستگیر بکەن".

داعش؛ سەرەڕاى بۆچوونى زۆربەى پسپۆڕە سەربازی و ئەمنییەکانى عێراق چیتر ناتوانێت کردەوەى گەورە ئەنجام بدات، بەڵام ترسیان لەوە هەیە لێرەو لەوێ کردەوەى خۆکوژى و تیرۆریستى لە نێو هاووڵاتیان ئەنجام بدات، بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت، کە "هێشتا ئەو لەبەرەکە ماوەو، کۆتایی نەهاتووە".