رفتن به محتوای اصلی

چوار زیندانی عەرەبی ئەحواز لە سێدارە دران

چوار زیندانی عەرەبی ئەحواز لە سێدارە دران
AvaToday caption
posted onMarch 1, 2021
noدیدگاه

نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ۱۰ی ڕەشەممەی ۱۳۹۹  «جاسم حەیدەری»، «عەلی خەسرەجی»، «حسێن سێلاوی» و «ناسر مەرمەزی» کە چوار زیندانى سیاسى ئەحوازى بوون، لە زیندانى سپیدار لە سێدارە دران و بنەماڵەی هەر چوار زیندانییە عەرەبەکەیان بانگ کردووە کە بۆ دوایین جار چاویان بە منداڵەکانیان بکەوێت.

 

ئەم زیندانیانە بە بنەماڵەکانی خۆیان وتووە چەند مانگە لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراون و لەبەر گرینگینەدان بە داخوازییەکانیان مانیان لە خواردن گرتووە و نەخۆش بوونە، بەڵام هێزەکانی زیندان و بەرپرسانی نادادوەرى کۆمارى ئیسلامى هیچ لە لایان گرینگ نەبووە و «دەیانەوێت ئێمە بمرین. بۆیە دەیانەوێت لە سێدارەمان بەن.»

 بەرپرسانی زیندان بە بنەماڵەکانیان وتووە چەند کاتژمێری تر دەتوانن منداڵەکانتان ببینن بەڵام تەرمی بێ گیانی منداڵەکانیان بۆ هێناون و دواى ئەوەش کردوویاننەتە دەرەوە و تا ئێستا تەرمەکانیان نەداوەتەوە بنەماڵەکان. 

جاسم حەیدەری چالاکی عەرەب سونە مەزهەب بوو و لە زیندانی سپیدار لە سەرماوەزی ١٣٩٦ى هەتاوى به تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ گرووپە دژبەرەکانی نیزام و بەغی» لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەحوازەوە دەستبەسەر و لقی۳ی دادگای ئینقلابی ئەحواز به سێدارەى مەحکوم کرد.

حەیدەرى یەکێک لەو زیندانیانە بوو کە بنەماڵەکەی چەندین جار لە کاتى زیندانیکردنی کەوتنە ژێر گۆشار تا جاسم ناچار بە ددانپیانانى زۆرەملێ بکەن. «مەرزییه حەیدەرى»، دایکی ٤٨ ساڵەی جاسم حەیدەری ماوەیەک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە زیندانی کرا تا ئیرادەی جاسم بشکێنن و مل بداتە ددانپیانانەکە.

 دادگای ئینقلاب لە دوایین دانیشتنی ئەم دۆسییە بە جاسمی گوتبوو: «دادگای ئینقلاب و ئیدارەی ئیتلاعات بڕیاریان داوە که بۆ حوکمی لەسێدارەت بۆ دەرکەن و ئێمە به زووترین کات پێتی ڕادەگەیێنین.» جاسم حەیدەرى یەکێک لەو زیندانیانەیە که لە ناڕەزایەتییەکانى ئەم دواییەى زیندانی ناوەندی ئەحواز بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەگەڵ چەند کەسێکی تر لە چالاکانی زیندانی بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە .

ئەتڵەسی زیندانەکانی ئێران، ڕۆژی ٥ی بەفرانبار ۱۳۹۹ ڕاپۆرتی داوە پێنج کەس لە زیندانییە عەرەبەکانى زیندانى شیبان کە مەحکومن به سێدارە، مانیان لە خواردن گرتووە و لێوی خۆیانیان دوریوەتەوە . بە پێی ڕاپۆرتەکە، «عەلی موتەیەری»، «حسێن سێلاوی»، «عەلی خەسرەجی» و «عەلی مەجدەم» و «جاسم حەیدەری» بە دوورینەوەی لێوەکانیان دژى خراپى بارودۆخیان و نەبوونی دادوەرییەکى دادپەروەرانە مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەم چوار زیندانییە سیاسییە بەندکراوەى زیندانی شیبان، ڕێکەوتی ۳۰ی خەرمانانی ۱۳۹۹ و لە دوای نائارامی لە زیندانەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات.لە مانگەکانی ڕابردوو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ سەبارەت به سێدارەدانی ئەم چوار زیندانییە عەرەبە هۆشدارى دابوو.

پێشتر لە ڕێکەوتی پێنجشەممه ۹ی ڕێبەندانی ۱۳۹۹ حوکمی سێدارەدانی «عەلی موتەیەری» لە زیندانی «شیبان» ئەحواز لە بێدەنگى هەواڵی بەڕێوەچوو.