رفتن به محتوای اصلی

بازرگانێکى هەرێمى کوردستان: کاڵاى ئێرانى لە هەرێم جێگرەوەیان هەیە

بازرگانێکى هەرێمى کوردستان: کاڵاى ئێرانى لە هەرێم جێگرەوەیان هەیە
نەبوونى کاڵاى ئێرانى کاریگەریی لەسەر بازاڕى هەرێمى کوردستان نابێت
posted onNovember 24, 2018
noدیدگاه

 

سەپاندنی سزاى ئابوورى بەسەر کۆمارى ئیسلامی ئێران لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، ئاڵۆزی بۆ بازاڕى هەرێمى کوردستان و عێراق دروست کردووە و، مەترسییەکى لەنێو بازرگانانى هەرێم دروست کردووە لەوەى "ئەگەرى بازاڕى هەرێم ڕووبەرووى کاریگەریى نەرێنى ببێتەوە".

 

لەو بارەیەوە پسپۆڕێکى ئابوورى ڕایدەگەیەنێت "سەرەڕاى ئەوەى کاڵاى ئێرانى لەنێو بازاڕەکانى هەرێمى کوردستاندا جێگەى خۆى کردووەتەوە، بەڵام جێگرەوەشیان هەیە، بەتایبەت لەم چەند ساڵەى دواییدا کۆمەڵێک بازاڕى نوێ بۆ هەرێم کرانەوە".

ئیبراهیم ڕێکانی، جێگرى گرووپی کۆمپانیاکانى ڕێکانی بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى ڕوون کردەوە "لە ڕووى گشتییەوە ئەو سزایانە کاریگەرییان لەسەر بازاڕى عێراق بە گشتى و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى دەبێت"، بە تایبەت لەو ڕووەى هەرێم بازاڕێکى سەرەکیی کاڵا ئێرانییەکان بووە، کە ساڵانێکى زۆرە بازرگانان لەوێوە کاڵاکانیان هاوردە دەکرد. ئاشکراشی دەکات "بەڵام لەچەند ساڵەى ڕابردوودا کۆمەڵێک دەروازەى نوێ کراونەتەوە، وەک بازاڕى دوبەى، چین، هیندستان و پاکستان و تەنانەت لە ئەوروپاوە، کاڵا هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکران، لە پێش ئەوانیشەوە تورکیا".

خاڵى سنوورى پەروێزخان لە نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران

خاڵى سنوورى پەروێزخان لە نێوان هەرێمى کوردستان و ئێران

 

هەرێمى کوردستان لەباکوورى عێراق هاوسنوورە لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى و تورکیا لەرۆژهەڵات و باکوورەوە، لە ڕۆژئاواوەشەوە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا، بەڵام بەهۆى شەڕو پێکدادانەکانى سووریا لەدواى ٢٠١١ ئاڵوگۆرى بازرگانى لەو سنوورەوە ڕاگیراون.

رێکانى، کەهاوکات شارەزاییەکى ئابوورییە دەڵێت "بەهۆى شەڕەکانی نێو سووریاوە ئەستەمە بازرگانى لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەنجام بدرێت، بۆ پرسى ئەردەنیش بۆ عێراق ئاسانە بەڵام بۆ هەرێم، دەبێت تێچووى گواستنەوەو مەترسییەکانى گواستنەوە بخرێتە سەر کاڵاکان ئەمەش لە قازانجی کڕیاراندا نابێت".

لەبارەى گرنگی کاڵاى ئێرانی بۆ بازاڕى هەرێم جێگرى گرووپی کۆمپانیاکانى ڕێکانی ئاماژە بەوە دەکات "لەپاڵ نزیکی و هاوسنوورى ئێران لەگەڵ هەرێمى کوردستان، کاڵاکانیشى لە ڕووى نرخەوە بە بەراورد لەگەڵ کاڵاى وڵاتانى دیکە هەرزانترە بە جۆرێک بۆ هەموو چین و توێژەکانەوە گونجاوە، ئەمەش لەزۆربەى کاڵاکانى دیکە بەتایبەت تورکییەکاندا نییە". دەشڵێت "ڕاگرتنى هێنانى کاڵاى ئێرانى کاریگەرییەکى ئەوتۆ لە بازاڕەکاندا دروست ناکەن، چونکە جێگرەوەیان هەیە، بەڵام کاریگەرى دەخاتە سەر نرخى کاڵاکانى دیکە، کە لە نێو بازاڕەکاندا بوونیان هەیە".

واشنتۆن بە دوو قۆناغ سزاکانى بەسەر تاراندا سەپاند، قۆناغی یەکەم لە سەرەتاکانى ئاب (پووشپەڕ)ی ڕابردوو بوون، قۆناغی دووەمیش لەسەرەتاکانى تشرینى دووهەم (گەڵاڕێزان) بوون، لەهەر دوو قۆناغەکەشدا قەدەغە کراونەتە سەر کەرتەکانى پیشەسازی، ئۆتۆمبێل و پارچەى یەدەگی، مامەڵەى دارایی و فرۆشتنى دۆلار بەو وڵاتەو، کەرتەکانى ووزەو و نەوت و بانکەکانیش دوایین کەرت بوون خرانە نێو سزاکانى کوشکی سپی.

خاڵى سنوورى ئیبراهیم خەلیل لە نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا

خاڵى سنوورى ئیبراهیم خەلیل لە نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا

 

هەرچەندە ئەمریکا ٤٥ ڕۆژى خستۆتە بەردەم حکومەتى عێراق بۆ ئەوەى کۆتایی بەپرۆسەى هاوردەکردنى غازی ئێرانى بهێنێت بۆ بەگەڕخستنى وێستگەکانى، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاسۆیەک لەو پرۆسەیە بەدی ناکرێت. ڕێکانی لەبارەى بوژانەوەى بازاڕى ناوخۆ بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو کاڵانەى لەئێران یاخود هەر وڵاتێکى دیکەوە دێن، پێی وایە "هەر لەپرۆسەیەکى لەو شێوەیە بە کۆمەڵێک قۆناغ تێپەردەبێت، بۆ نمونە دروستکردنى هەر کارگەیەک پێویستى بەکاڵاى خاو هەیە، کە ئەویش هاوردە دەکرێن، هەر ناکۆکییەک و ناسەقامگیرییەک لە بازاڕ ڕوو بدات دووبارە ئەو کارگەیە لەکار دەکەوێت".

ئەمریکا لەدواى کشانەوەى لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥، کۆمەڵێک سزاى بەسەر تاران سەپاندو هۆکارەکانیشی بۆ بەرنامە ئەتۆمیی و مووشەکى بالیستى و سیاسەتە شەڕانگێزەکانى کۆمارى ئیسلامى لەناوچەکە گەڕاندەوە. لەدواى ئایاریشەوە بەهاى تمەنى ئەو وڵاتە بەئاستێکى گەورە تووشى داڕمان بووەتەوە، بەجۆرێک لەدواى ئایارەوە تاوەکو تشرینى یەکەم (گەلاوێژ)ی ڕابردوو سەدا ٧٥ى بەهاکەى لەدەست داوە. هەروەها کەرتى نەوت و هەناردەکردنى وزەى تارانەوە لە سنوورى ٢.٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ خوار  ١.٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە، ئەگەری ئەوەش هەیە تاکۆتایی ئەمساڵ ئاستەکە بۆ سنوورى ١.١ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزێت، ئەمەش ئاڵۆزییەکى زیاتری بۆ بوودجەى گشتى ئەو وڵاتە دروست کردووە.

زۆربەى بازرگانانى هەرێمیش بەهۆى ناسەقامگیرى بەهاى تمەن زۆربەى چالاکییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵپەساردووە و، ناتوانن درێژە بەکارەکانیان بدەن. گرنگترین ئەو کاڵانەش لە ئێرانەوە هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکران، خۆراک، کەرستەى پلاستیک، کومبار و هەندێک کەرستەى جۆراجۆری بەکاربردنى ڕۆژانە بوون.