رفتن به محتوای اصلی

ئەوروپا و ئاڵمان بێ ئەمریکا ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن

ئەوروپا و ئاڵمان بێ ئەمریکا ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن
AvaToday caption
posted onNovember 10, 2019
noدیدگاه

هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئاڵمان ڕۆژی یەکشەممە بە کاردانەوە بە قسەکانی ئەم دواییەی ئێمانوێل ماکرۆن سەبارەت بە ناتۆ، هۆشداری دا بە پاریسدا لەمەڕ لاوازکردنی پەیمانی ئەتڵەنتیکی باکوور.

 

سەرکۆماری فەرانسە چوارشەممەی ڕابردوو لە گفتوگۆ لەگەڵ حەوتوونامەی ئێکۆنۆمیست باسی لە وەستانی مێشکی ناتۆ کردبوو.

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان بە کاردانەوە بەو قسانەی ماکرۆن لە بابەتێکدا کە لە ڕۆژنامەی شپیگێل بڵاوی کردووەتەوە نووسیویەتی: هێنانە ژێر پرسیاری ناتۆ هەڵەیە. ئاڵمان و ئەوروپا هیچ کامیان بە بێ ئەمریکا ناتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر خۆیان بپارێزن.

ماس بەو حاڵەوە بەرگری لە گەڵاڵەی ماکرۆن بۆ بەهێزکردنی ئاستی توانایی  و بەرگری سەربازی یەکیەتی ئەوروپا کردووە و نووسیویەتی : هەر بەم هۆکارەیە ئێمە و فەرانسە لە هەوڵی درووستکردنی ئەوروپایەک داین کە وڵاتەکانی لە بواری سیاسەتی ئەمنیەوە زۆر نیزیکتر لەگەڵ یەکتری هاوکاری بکەن.

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە درووستکردنی ئەنجومەنی ئەمنیەتی ئەوروپا بە بەشداری بەریتانیا کردبوو. سەرەڕای ئەوەی فەرانسە یەکێک لە دامەزرێنەرانی ناتۆیە بەڵام لە ساڵی ١٩٦٦ هەتا ٢٠٠٩ لە هیچ پلاندانانێکی درێژماوەی ناتۆ لە کاروباری سەربازیدا بەشداری نەکردووە.

وابڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی ناتۆ ڕۆژی یەکشەممەی حەوتووی دادێ لە لەندەن بەڕێوە بچێت و ماکرۆن لەوێ چاوی بە ئەنگێلا مێرکێل سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان دەکەوێت.