رفتن به محتوای اصلی

کۆماری ئیسلامی لە پێناو مانەوەى تۆڕێکی گەورەی میلیشیایی دروست کردووە

کۆماری ئیسلامی لە پێناو مانەوەى تۆڕێکی گەورەی میلیشیایی دروست کردووە
AvaToday caption
posted onNovember 7, 2019
noدیدگاه

ناوەندێکی توێژینەوەی بەریتانیایی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا کە ئامانجی ١٦ مانگ لێکۆڵینەوەیە، جەختی لە باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر ئەمریکا کردووەتەوە.

 

ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیا ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ناوەندی خوێندنەوەی ستراتژی (iiss) کە ناوەندێکی ٦٠ ساڵەی بەریتانیا لە بواری خوێندنەوەی سەربازی، ستراتیژیک و ژئۆپۆلیتیکە، بڵاو کردووەتەوە. لە لێکۆڵینەوەکەدا دۆخی هێزی ئێران و ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باس کراوە و ئاکامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەی دەرخستووە کە ئێران لە ڕێگەی پەرەپێدان بە دەسترۆیشتوویی سەربازی و ژئۆپۆلیتیکی خۆی کە لە ڕێگەی تۆڕێکی ملیشیایی کردوویەتی، توانیویەتی لە سەرتاسەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین هەژموونی خۆی بەسەر ئەمریکا بسەپێنێت.

ئەو ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای ستراتژی ئێران لە ناوچەکە و لە وڵاتانی وەک لوبنان، سوریە، یەمەن و عێراق گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە چەکی کاریگەر و بەهێزی کۆماری ئیسلامی دەزانێ کە توانیویەتی هاوکێشە ناوچەییەکان بە قازانجی خۆی و بە زەرەری ئەمریکا بشکێنێتەوە.

ئەو تۆڕانە بۆ کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە بەرنامەی موشەکی بالستیک، بەرنامەی ناوکی و هیزە سەربازییە فەرمییەکانی گرینگی زیاترە و ئێران بە هۆی پشتیوانی ئەو تۆڕە بەهێزە باڵانسی هێزی ناوچەکەی بە قازانجی خۆی گۆڕیوە. ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کردووە سەرڕای گەمارۆکانی ئەمریکا و ناڕەزایەتی ناوخۆییەکانی عێراق و لوبنان، بەڵام کۆماری ئیسلامی توانیویەتی پێگەی خۆی هەروا بپارێزێت.

میلیشیا ئێرانییەکان

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، تۆڕی ملیشیاکانی ئێران لە وڵاتەکان بە جیاوازی هەڵسوکەوت دەکەن و لە ڕاستیدا ئەو تۆڕە لە ماوەی ٤٠ ساڵى ڕابردوودا بە باشی داڕێژراوە و وەک سەرەکیترین ئامراز بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دژبەرانی ناوچەیی و گوشارە نێودەوڵەتییەکان بەکاری هێناوە. ئێران تا ئێستا بە هۆی هاوکاری هاوبەشە نادەوڵەتییەکانی لە وڵاتانی جیاواز براوەی شەڕی نابەرامبەر بووە لەگەڵ ئەمریکا.

ڕاپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەرچی ئەمریکا لە ڕووی چەک و کەرەسەی سەربازی زۆر لە ئێران پێشکەوتووترە، بەڵام باڵانسی هێز بە قازانجی ئێرانە. لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە هێزی فەرمی سەربازی ناتوانێ هەڕەشە بێت لەسەر کۆماری ئیسلامی لەبەر ئەوەی ئاڵۆزى هەلومەرجی ناوچەکە لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا زیاتر نەبووەتە هۆی شەڕی نیوان دەوڵەتەکان.

ئەو ناوەندە ستراتیژییە، ئێران بە چالاکترین و بەهێزترین وڵات لە ڕووی پەرەدان بە دەستڕۆیشتوویی خۆی دەزانێ لە سەردەمی شەڕە مۆدێڕنەکاندا و جەختی لەوە کردووەتەوە هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران بە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار ملیشیا، پەرەی بە بوونی خۆی لە ناوچەکە داوە.