رفتن به محتوای اصلی

عەزیز ماملێ بۆ ئاڤاتودەی: دەبێت کورد ڕوو لە چەپبوون بکاتەوە

عەزیز ماملێ بۆ ئاڤاتودەی: دەبێت کورد ڕوو لە چەپبوون بکاتەوە
AvaToday caption
posted onAugust 20, 2019
noدیدگاه

ئەمە گفتوگۆیەکى تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەیە کە لە وڵاتى فەڕەنسا لەگەڵ توێژەرى سیاسى عەزیز ماملێ ئەنجام دراوەو تیایادا قسە لەسەر دۆخى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست و کوردەکان لە هەر چوار پارچەى کوردستان و شەڕی ئەمریکا و کۆمارى ئیسلامى دەکات:

 

ئاڤاتودەی: خوێندنەوەی جەنابت بۆ کێشەی کورد لە ئەوروپا و کوردستان چییە؟

ماملێ:  من لە سەرەتاوە کە هاتم بۆ ئەوروپا هەستم کرد دوو ڕوانگەی جیاواز لە نێو کوردانی ئەوروپا هەیە. ڕوانگەیەک یەکەم : پێان وایە خەباتی کورد لە ناوخۆی هەر کام لە بەشەکانی کوردستان پێویستە بەڕێوە بچێ و لەگەڵ خەڵکی دیکەی ئەو وڵاتانە هەوڵ بدەن و خەباتی خۆیان پتەوتر بکەن و ڕژیمێکی دیموکرات بێننە سەر کار. ڕوانگەی دووەم: کوردان بە گشتی بۆ درووستکردنی دەوڵەتی کورد هەوڵ بدەن باشترە.

بەرەی یەکەم پێی وابوو لە ئێستادا خراپە هەوڵ لەسەر تێکدانى سنووری وڵاتان بکرێت تەنانەت ئەگەر خەباتەکەشت ڕەوا بێت. هەر بۆیەشە داوای چارەسەری کیشەی کوردیان لە هەر بەشەی کوردستان دەکرد . لەو چوارچێوەدا بۆچوونیان وابوو کوردەکان دەبێ هەوڵ بدەن دۆخی کوردەکان لە بەشی خۆیان چارەسەر بێت و مافەکانیان بێتە دی و لە ئاکامدا  ئەوە دەتوانێ بەستێنی خەباتێکی گشتگیرتر لە داهاتوودا درووست بکات کە گشتپرسی لێبکەوێتەوە و لە ئەنجامدا کوردەکان بتوانن وڵاتی خۆیان دروست بکەن.

بەرەی دووەم پێی وابوو ئەوەی تا ئێستا بەرامبەر دووژمنانی کورد لە ناوەند کراوە، بی ئەنجام ماوەتەوە. دەسەڵات و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکە گرینگیان بە خەباتی کورد و ویستی کورد نەداوە و تەنیا ڕێگە خەباتی هاوبەشی نەتەوەییە. ئەوە دوو ستراتیژییە بوون کە لە ئەوروپا ڕووبەڕووی یەکتری بوونەوە.

ئێوە دەزانن دوای هاتنی شەپۆلی پەناخوازانی کورد بۆ ئەوروپا لە ساڵەکانی ١٩٨٠ بەولاوە و زیادبوونی کوردەکان، بیری سەربەخۆییخوازی و درووستکردنی کوردستانی گەورە بووە بیرێکی بەهێز تا ئەو ڕادەیە کە کوردێکی عێراق و ئێران و بەشەکانی دیکە خۆیان بە کوردی کوردستان دەزانی و لە باری جوگرافیاوە ڕۆژهەڵاتیبوون و باشووری و ڕۆژئاوایی و باکوریبوون لە نێو کوردان پێک هات.

ئەو شەپۆلە کوردە داوای کوردستای گەورەیان کرد، بەڵام حیزبە سیاسییەکان نەچوونە ژێر باری بیری دیاسپۆرای کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ناوی خۆی پاراست و پەکەکە  و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەموویان خەباتی خۆیان بە پارچەکانی دیکەوە گرێ دەداوە.

دامەزرانی فیدرالیزم لە باشووری کوردستان هێندێک دۆخەکەی تێک دا. بەو شێوە کە خەڵکی زیاتر هاندا بەرەو بیری سەربەخۆیی بچن و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش هێندێک ئاڵوگۆڕی پێک هێنا. هیزە سیاسییەکانی ئێران کە دیتیان فیدرالیزم لە باشوور پێک هاتووە، کۆمەڵێک هەڵوێستی تایبەتیان گرت. لە کاتی سەرهەڵدانی باشوور ئەو هێزە سەرتاسەریانەی ئێران ترسیان لێ نیشت. بە واتایەکی دیکە دوای چەسپانی فیدرالیزم ڕێکخراوە سەرتاسەرییەکان لە ئێران زۆر لە پرسی کورد سارد بوونەوە. بە  ناڕاستەوخۆ دژی نەتەوەی کورد دەجووڵانەوە. تەنانەت خۆیان پاراست لە بەکارهێنانی کۆمەڵێک دەستەواژەی وەک خەڵق و گەل و میللەت و ئیدی ئەوجار تەنیا دەیانگووت "مردم" کرد.

ئەو دۆخە دوای درووستبوونی ڕۆژئاوای کوردستان هێندەی دیکە زیادی کرد و ترسەکان لە بەرەو سەربەخۆییخوازیی کورد هێندەی دیکە زیاد بوو.

ئەو دۆخەی لە باشوور هاتە پێشەوە، خزمەتێکە گەورەی بە کێشەی کوردی نەکرد، لەبەر ئەوەی بیری سەربەخۆییخوازی لە ناو کورد لاواز کرد. کاتێک کوردەکان دیتیان سیستەمی فیدرالی لە باشوور ئەو ئیدەئالە سیاسی و دۆخە دیموکراتیکە نییە کە کورد چاوەڕێی دەکات و بە تایبەت لە کاتی ڕێفراندۆم و دوای ڕێفراندۆمیش هێندەی دیکە ڕەوتی سەربەخۆییخوازی کوردەکانی لاواز کرد. لەو کاتەدا ئەو پرسیارە لە لای کورد درووست بوو کە تواناییەکانی کورد چەندن؟

سیاسەت ئەگەر دەڵێن هونەری مومکینە، خەباتیش هونەری مومکینە، دەبێ بتوانین بارتەقای درووشمەکانمان هەنگاو هەڵێنینەوە. بە بروای من بێتو کورد، دۆستە ستراتیژیکەکانی خۆی لە ناو ئێران، سوریە و تورکیە کە چەپەکان و هێزە سەرتاسەری و عەرەبەکانن لە دەست بدات خەساری گەورەی بەر دەکەوێت. مێژوو نیشانی داوە کورد بە تەنیا لە هیچ کام لەو وڵاتانە ناتوانێ دەوڵەتی ناوەندی بڕووخێنێت.

عەزیز ماملێ ١

ئاڤاتودەى: ڕوانینی ئەوروپا بەرامبەر سەربەخۆیی پارچەیی و گشتی کورد چۆنە؟

مامڵێ: ئەوروپا لە دوای ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەرکەوت کە نایهەوێ سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێک بدات. نە ئەمریکا، نە ڕووسیە و نە چین نایاهەوێ سنوورەکان تێک بدەن لەبەر دەوڵەتێکی نادیار بە ناوی کوردستان. ئەوان کوردستان بەو شێوەیە چاو لێدەکەن کە بەشێکی کەمە لە عێراق، سوریە و ئێران.

ئاڤاتودەى: بەڵام کورد زۆرە و تەنانەت لە کۆی حەشیمەتی عێراقیش زیاترە؟

مامڵێ: وایە، بەڵام ئەوەی کە بۆ ئەوان گرینگە جوگرافیایە و ئەگەر کورد ١٠٠ ملیۆن کەسیش بێت ناتوانێ بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا دابین بکات.

دۆخی جیۆپۆلیتیک و جیۆسیاسی کوردستان، سەرەنجى ئەوروپا و ئەمریکا ڕاناکێشێت. تا پێش ڕێفراندۆمەکەى هەرێمى کوردستان، سەرکۆماری وڵاتان دەهاتنە هەولێر و ڕاستەوخۆ لەگەڵ کاک مەسعود دادەنیشتن و بانگهێشتی کۆبوونەوەی ناتۆیان دەکرد و تەنانەت خەڵاتیان پێ دەدا، بەڵام دوای ڕێفراندۆم ئەوە نەما و دیار نییە ئاسەوارەکانی ڕێفراندۆم بەرەو کوێمان دەبەن.

ئەمن پێم وایە ئەگەر ئەوروپا و ئەمریکا هاوکاری بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز نەکەن بە تایبەت لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زەحمەتە ئەو بزووتنەوەیە سەر بکەوێ. دۆسیەی کۆسۆڤۆ جیاوازە، ئەروپا دەیهەویست یوگوسلاڤی و سربیاش تێک بدات، بەڵام نایانهەوێ ئێران و عێراق تێک بدەن. تورکیە ناگۆڕن لەبەر ئەوەی هەم لەگەڵ ڕوسیە و هەم لەگەڵ ناتۆیە.

ئەگەر پەکەکە سەرەتا باسی مافی چارەنووسی دەکرد هاوڕای بووم، بەڵام کە گۆڕیشی دژایەتیم نەکرد لەبەر ئەوەی ناتوانێ سنووری وڵاتێکی ناتۆ بگۆڕێت. کورد دەبێ خەباتی چەکدرای هەبێ و نابێ لە هیچ هەلومەرجێکدا چەک دابنێ، بەڵام ئەو چەکەبەرامبەر چەکى دوژمنان، لاوازە. دووژمنەکانمان تەکنۆلۆژیایان هەیە، بۆیە کورد دەبێ هەوڵی ئەوە بدات دۆستی چەپ و دادپەروەر بۆخۆی درووست بکات بۆ ئەوەی ڕژیمی چەپ و دادپەرووەر بێنێتە سەر کار و بەو شێوە بە مافەکانی بگات.

عەزیز ماملێ ٢

ئاڤاتودەى: ئەمریکا گوشارەکانی لەسەر ئێران زیاد کردووە. ئایا دەیهەوێ ئێران بەرەو کوێ ببات و چی بەسەر بێنێت؟

ماملێ: بە باوەڕی من ئەمریکا نایهەوێ ڕژێمی ئێران بگۆڕێ، ئەگەر ئەو ڕژیمە بگۆڕێ فرۆشی چەکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە زۆر کەم دەبێتەوە. بە بوونی کۆماری ئیسلامی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا باشتر دەپارێزرێت تا ئەوەی دەسەڵاتێکی دیموکرات لە ئێران لەسەر کار بێت.

ئەمریکا دەیهەوێ دوو کار بکات :

یەکەم: خەیاڵی ئیسرائیل ئاسودە بکات، بەوەى ئێران لە یەمەن، ئەفغانستان و لوبنان بکشێنێتەوە و مەترسی حیزبوڵا لە سەر ئیسرائیل کەم بێتەوە.

دووەم: دەیهەوێ مووشەکە بالستیکەکانی ئێران کەم کاتەوە و سیستەمی ماڵی ئێران زیاتر گرێدراوی خۆی بکات.

ئاڤاتودەى: ئەگەر ئەمریکا ئاسمانی بەدەستەوەیە لە ناوچەکەدا، ئەوا ئێران گۆرەپانەکەی بە دەستەوەیە! ئەگەر ئێران بیهەوێ عەرەبستان وێران دەکات، ئەم بڕینی دەستانەی ئێران ئاسانە؟

ماملێ: مانگ و نیوێک پێش ئێستا، شەڕێک لە نێوان ئیسرائیل و غەزە ڕووی دا کە لەو شەڕەدا حەماس موشەکێکی زۆری ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرد. ئیسرائیل لە خوای دەویست ئاگربەست درووست بێت، حیزبووڵا ١٣٠ هەزار مووشەکی هەیە و کەوابوو مووشەکانی ئێران دەتوانێ لەسەر ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی کاریگەر بێت. ئەمریکا ڕاستە ئاسمانی پێیە، بەڵام نایهەوێ ئاسمان دژی ئێران بەکار بێنێت. هەتا ئێستا براوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، خودى ئێرانە و ئەگەر شەڕ روو بدات ئێران زیاتر دەمێنێتەوە و قەیرانەکانی ئێستاشی تێپەڕ دەکات.

ئاڤاتودەى: پێتان وایە ڕێککەوتنی ئەتۆمی جارێکی دیکە هەموار بکرێتە یاخود ئێران و ئەمریکا جارێکی دیکە پێکەوە دادەنیشن؟

ماملێ: ئێران هەوڵی ئەوە دەدات زەمان تێپەڕ بێت تا ئەو کاتەی کۆمارییەکان دێنە سەر کار. جۆ بایدن ڕایگەیاندووە ئەوان بێنەوە سەر کار دێنەوە نێو ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵام ئەمریکا ناتوانێ لە کەنداو بکشێتەوە و ئەگەر ئەو کارە بکات  دیپلۆماسی ئەمریکا شکست دێنێت.

لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەمهەوێ بڵێم ئەو ڕێککەوتنە بە زەرەری ئێران بوو و براوەی ئەو ڕێککەوتنە ئەوروپا و ئەمریکا بوون. ئێران چاوپۆشی لە ٦٠٠ ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری خۆی کرد و ئاژانسی ئەتۆم بە بەردەوامی سەردانی ئێرانی دەکرد و ڕایدەگەیاند کە ئێران یاساکان دەپارێزێ. بۆیە لە ڕووی یاساییەوە ئێران پابەندی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بوو و ئەوەی ئەمریکا دەیڵێ دژی ڕێککەوتنەکەیە.  ئەمریکا دەیهەوێ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە و موشەکە بالستیکەکان کۆ بکاتەوە.

عەزیز ماملێ ٣

ئاڤاتودەى: کەواتە ئەمریکا ئێستا بیانوو بە ئێران دەگرێ ئەگەر نا ڕێککەوتنەکە کێشەی نییە؟

ماملێ: بەڵێ ئەوروپاش ئەوە دەڵێ.

ئاڤاتودەى: پێت وایە ئەگەر ترامپ دووبارە هەڵبژاردن بباتەوە شەڕ ڕوودەدات؟

ماملێ: نا ڕوونادات. ترامپ نایهەوێ شەڕ بکات لە ناوچە و ئەوە بە قازانجی ئێران تەواو دەبێت. لە راستیدا ئەمریکا دەیهەوێ لە ڕێگەی گەمارۆکان ئەوەندە ئێران  شپڕیو بکات کە دوو خاڵەکەی پێ جێبەجێ بکات.

ئاڤاتودەى: پێتوایە ئەوروپا و بە تایبەتی دەوڵەتی فەڕانسە بێتە ناو کێشەکە و ناوبژیوانی لە نێوان ئەمریکا و ئێران بکات؟

ماملێ: دەبێ جیاوازی بکەین لە نێوان دەوڵەتی فەڕانسە لەگەڵ شەریکەکانی فەڕانسە. شەریکەکانی فەڕانسە بە هیچ شێوەیەک ئەوەیان ناوێ. شەریکەکانی فەڕانسە ساڵانە ٢٠ ملیار ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام ئەوروپاییەکان نیزیکەى ٥٠٠ ملیار دۆلار لەگەڵ ئەمریکا بازرگانییان هەیە. بۆ فەڕانسەییەکان ئەوەی گرینگە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی خۆیەتی.