دواى ئەوەى فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى عێراق نەگەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگەیاندنى گەورەترین فراکسیۆن، کە مافی پێکهێنانى حکومەتى داهاتووى دەبێت، سەرۆکى بە تەمەنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەو وڵاتە دانیشتنەکانى بۆ 15 ئەیلوول (ڕەزبەر) دواخست.
بەرپرسێکى نووسینگەى سەرۆکى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا ڕوونی کردەوە "بەشێک لە لایەنە سیاسی و نیشتیمانییەکان ڕووبەرووى پاڵەپەستۆى گەورە بوونەتەوە کە دوورە لە بنەماى دیپلۆماتى و سەروەری عێراق". هیشام ڕەکابی بەڕێوەبەرى نووسینگەى نورى مالیکی سەرۆکى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى گوت "بەشێک لە هێزە نیشتیمانی و سیاسییەکان، باسیان لەو بابەتە کردووە، کە هەندێ وڵات لە ڕێگەى باڵیۆزخانەکانەوە پاڵەپەستۆیان خستوونەتە سەر".
گووتیشى "پێمان وایە ئەمە بابەتێکى نادروستە، چونکە پێکهێنانى حکومەت پەیوەستە بە سەروەرى وڵاتەکەمانەوە و، ڕێگە پێدراویش نییە بۆ هیچ لایەنێک کە دەست وەربداتە عێراقەوە، ئەگەریش ڕێگەمان بە لایەنێک دا، ئەوا دەرگا بۆ لایەنى دیکە دەکەینەوە هەمان کار بکەن، بۆیە هێزەکان ڕەتیان کردووەتەوە کە فشارەکان قبوڵ بکەن، چونکە لەو باوەڕەن باشترین گرەو گرەوی ناوخۆییە و خاوەن بڕیاریشە و پشتى لەو فشارانە کردووە".
هیشام ڕکابی، بەرپرسی نووسینگەى سەرۆکى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا
ئەمەش لە کاتێکدایە هەر یەک لە قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودس و برێت ماکگۆرک نوێنەرى سەرۆکى ئەمریکا لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش، فشارەکانیان خستۆتە سەر لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەى بەرەیەکى گەورەى یەکگرتوو نزیک لە خۆیان لە عێراق دروست بکەن.
سولەیمانى، پاڵپشتى خۆى و وڵاتەکەى بۆ بەرەى دەوڵەتى یاسا و هاوپەیمانى فەتح دەڕبریوە، بۆ ئەوەى ببنە گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمان و لە ڕێگەى ئەوانیشەوە حکومەتێک نزیک لە تاران پێک بهێنرێت. لەبەرامبەریشدا ماک گۆرک، پشتگیری لە بەرەى حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانى ماوەبەسەرچوو دەکات کە لە لایەن هاوپەیمانى سائیرون، حیکمە، نەسر و نیشتیمانى پاڵپشتى دەکرێت.
ئەو بەرپرسە عێراقییە لەبارەى فشارى دەرەکی بۆ سەر فراکسیۆنەکەیان باسى لەوە کردووە "هەڵوێستى دەوڵەتى یاسا ڕوونە و ئەو هەڵوێستانەش یەکێکی دژى دەستێوەردان و فشارە، بۆیە هیچ لایەنێک و شوێنێک فشاری نەخستۆتە سەری، بەڵام لایەنى دیکە باسیان لەو فشارانە کردووە کە زۆر دوور بووە لە ئاستى دیپلۆماتى و سەروەرى عێراقدا".
بۆ یەکلاییکردنەوەى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمان، ئێستا لایەنەکان چاوەڕوانی دادگاى باڵاى فیدراڵین بۆ ئەوەى ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە و، چاوەکانیش ئێستا لە سەر کوردەکانە بۆ ئەوەى خۆیان یەکلایی بکەنەوە.
بەپێی قسەکانى ڕەکابی بێت "لەگەڵ کوردەکان کۆمەڵێک بیرۆکە و پڕۆژە گەڵاڵە کراوە کە لەم چەند ڕۆژە لە ڕێگەى کەناڵە فەرمییەکانى خۆیانەوە، خۆیان یەکلایی دەکەنەوە".