رفتن به محتوای اصلی

عێراق و قەتەر دەیانەوێت نەوتى ئێران لە بازاڕى خۆڵەمێشى بفرۆشن

عێراق و قەتەر دەیانەوێت نەوتى ئێران لە بازاڕى خۆڵەمێشى بفرۆشن
AvaToday caption
posted onMay 7, 2019
noدیدگاه

 

بەهۆى قەیرانى بەبازاڕى نەکردنى نەوتى کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆنى ئەو نەوتە کاریگەرى لەسەر کۆبوونەوەى هاوبەشى حکومەتى عێراق و قەتەر کردووە، کە لەرۆژى شەممەوە  لەدەوحەى پایتەخت دەستى پێ کردووە و، شاندی بەغداش لەلایەن سامر غەزبان وەزیرى نەوتى حکومەتى عێراقییەوە سەرۆکایەتى دەکرێت.

 

سەردانەکەى شاندی عێراق بۆ قەتەر، دواى ڕۆژێک لەبڕیارەکەى تاران دێت لەکردنەوەى نووسینگەى کۆمپانیاى نەوتى نیشتیمانى وڵاتەکەى لەبەغدا، وەک خۆیان ئاماژەیان پێکردووە " بۆ کارئاسانى هاریکارى لەبواری پیشەسازی نەوت و، گواستنەوەى خزمەتگوزارییە ئەندازیاری و هونەرییەکان".

لەو چوارچێوەیەشدا بەغدا پەیوەندییە نەوتییەکانى لەگەڵ بازنەى ئێران ـ قەتەر فراوانتر کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە دەسەڵاتدارانى دەوحە چەند ساڵێکە، لەلایەن چوار وڵاتى عەرەبی دراوسێیەوە ڕووبەرووى ئابلووقەى ئابووری، سیاسی، دیپلۆماتی، بەهۆى تێوەگڵانی لەدەستێوەردانى وڵاتانى دیکەى عەرەبیەوە بووەتەوە.

هاوکات ئێرانیش، لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە لەساڵى ڕابردووەوە، پاش کشانەوەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکا لەرێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥، بەدوو قۆناغ سزای ئابوورى و بازرگانى بەسەر تاراندا سەپاندووە. گرنگترین کەرتە سزادراوەکانى تاران، بازرگانى، پیشەسازی و، دارایی و بانکی بووە، لە دووەم قۆناغی سەپاندنى سزاکان کەرتى نەوت و وزەى کۆماری ئیسلامی گرتەوە.

نەوتى ئێران

تاران لەسەر زاری زۆربەى بەرپرسە باڵاکانى خۆیدا ئاشکرای کردووە "سزاکانى ئەمەریکا دەور لێ دەدرێتەوە، بەتایبەت لەپرسى هەناردەکردنى نەوتدا"، گرنگترین ئەو ڕێکارانەش کۆمارى ئیسلامی بەنیازە ئەنجامی بدات، فرۆشتنى نەوتەکەیەتى بە شێوەى قاچاخ لە بازاڕە خۆڵەمێشییەکان، کە ئەمەش پرۆسەیەکە بۆ ونکردنى کڕیارە سەرەکییەکانى ئەو نەوتە. پێشبینى دەکرێت "کردنەوەى نووسینگەى کۆمپانیا نەوتییە فەرمییەکەى ئێران لە بەغدا، هەنگاوێک بێت بۆ فرۆشتنى نەوت دوور لە چاودێرییەکانى ئەمەریکا".

وەزاح ئەڵتە، پسپۆڕی نەوتى عێراقی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوە کردووە "کردنەوەى نووسینگەى کۆمپانیا نەوتییەکەى ئێران لەبەغدا، ئاسانکاریکردنى پێچەوانەوە ئێرانییەکە لە سزا ئابوورییەکانى واشنتۆن". راشی گەیاند "تاران دەیەوێت لە ڕێگەى دەروازەى عێراقەوە، گەرەنتى بەقاچاخبردنى نەوتەکەى بکات".

کردنەوەى ئەو نووسینگەیە، هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەى فشارەکانى واشنتۆن لەسەر ڕژێمى تاران، بەتایبەت دواى کۆتاییهاتنى لێخۆشبوونە کاتیەکەى کۆشکى سپیبوون بۆ بەشێک لەکریارە جیهانییە، کە ئێوارەى ٢ بانەمەڕ تەواو بوون.

پێش سەپاندنى سزا ئابوورییەکانى ئەمەریکا بەسەر ئێران، ناوەندی هەناردە کردنى نەوتى ئێران، لەسنووری ٢،٥ ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، دواى ڕاگەیاندنى قۆناغی دووەمى سزاکانى واشنتۆن لە گەڵاڕێزانی ڕابردوو، قەبارەى هەناردەکردنەکان بۆ ١،٥ ملیۆن بەرمیل دابەزین، ئەگەری ئەوەش هەیە لەدواى ئایارى ئەمساڵەوە، ئاستى هەناردەکردنى نەوت بۆ سنوورى ٦٠٠ هەزار بەرمیل دابەزێت.

سەردانەکەى غەزبان و دیدارى لەگەڵ تەمیم کوڕی حەمەد ئال سانی، میرى قەتەر، گومانى ڕۆڵى ئەو وڵاتە بۆ بەبازاڕیکردنى نەوتى ئێران لەبازاڕە خۆڵەمێشییەکان دروست بووە.

شاندەکەى بەغدا جگە لەوەزیرى نەوت، لە بەرێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى غازی باشوور، بەرێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى دۆزینەوە نەوتیەکان و، بەرێوەبەرى گشتیى پاڵاوگەکانى باشوورى و، بەرپرسى کاروبارى غاز لە فەرمانگەى توێژینەوە پێکهاتبوون. پسپۆڕە نەوتییەکە دەشڵێت "دەستێوەردانى ئێران لەسەرجەم هەنگاوە دەرەکییەکانى عێراق بوونى هەیەو، هیچ ئیرادەیەکى سیاسی سەربەخۆ لەلایەن بەغداوە نییە".

ئەڵتە هێمای بەوەش کردووە "یەکێک لەئەگەرەکانى عێراق، پەرتەوازە کردنى هەڵوێستى عەرەبی یەکگرتوو بێت بەرامبەر تاران و سیاسەتە دەستێوەردانەکانى لەکاروبارى ناوخۆیی وڵاتانى عەرەبی".داهاتى فرۆشتنەکانى نەوتى خاو، سەرچاوەیەکى سەرەکیی داهاتی حکومەتى ئێرانییەو، ڕێگایەکە بۆ دابینکردنى نەختى بیانی تا بتوانێت مامەڵە بازرگانییە دەرەکییەکانى بەو دراوانە ئەنجام بدات، بەڵام واشنتۆن ڕێگرە لەوەى مامەڵەى دۆلار لەگەڵ تاراندا ئەنجام بدرێت.

نەوتى ئێرانن