رفتن به محتوای اصلی

شاژنە کەنداکە دیکتاتۆریەتى نۆبیەى سودانى ڕووخاند

شاژنە کەنداکە دیکتاتۆریەتى نۆبیەى سودانى ڕووخاند
AvaToday caption
posted onApril 11, 2019
noدیدگاه

 

دواى ٣٠ ساڵ لە دەسەڵاتداریەتى وڵاتى سوودان، بەرەبەیانى پێنجشەممە لە ڕێگەى سوپاوە، عومەر بەشیر سەرۆکى سوودان لە پۆستەکەى دوور خرایەوە و بەرەو شوێنێکى نادیار بردرا. لە کۆتاییەکانى ساڵى ڕابردوو، دژى گەندەڵى و دیکتاتۆرییەتى ڕژێمى سوودان، گەلى سوودان ڕژانە سەرشەقامەکان و خۆپێشاندانیان دژى سەرۆکى وڵاتەکەیان کرد.

 

خۆپێشاندانەکان ڕۆژ لە دواى ڕۆژ پەرەى سەند و فراوانتر بوون، بەڵام دەسەڵاتدارانى خەرتووم لە ڕێگەى هێزە ئەمنییەکانەوە وەڵام دەدرانەوە. لەو نێوەندە ئافرەتێکی سوودانى لەنێو خۆپێشاندەران دەرکەوت و لەبەردەم فەرماندەى گشتیى سوپاى ئەو وڵاتە لە پایتەخت، پەیامی هاندانی بۆ جەماوەرەکەى بڵاو کردەوە. ئەو ئافرەتە سەرەنجی زۆربەى میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەلای خۆیدا ڕاکێشا و چەندین ڤیدیۆ و وێنەى بە شێوەیەکى خێرا لە نێو فەیسبوک و تویتەر بڵاو بوونەوە و هاشتاگی (کەنداکە)ـی پێ بەخشرا، وەک ڕێزێک بۆ شاژنەکانى نۆبیەى سوودانى کۆن.

ئەو ئافرەتە نەناسراوە لەبەردەم خۆپێشاندەران گۆرانى "گەلەکەم شۆڕشی دەوێت"ـى گووتەوە و دروشمى "داپیرەم کەنداکە"ى بەگوێی خۆپێشاندەران وتەوە وەک هێمایەک بۆ ئافرەتە خۆپێشاندەرانى دیکە لە سوودان. دواى چەند کاتژمێرێک لە سەرقاڵبوونى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چالاکوانان ناسنامەى ئەو ئافرەتەیان ئاشکرا کرد و، گووتیان ناوى " ئالا سەلاح"ـە.

لەو نێوەندەش مارسێل خەلیفە، هونەرمەندی لوبنانى لە پەیجی تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک، سڵاوێکى بۆ ڕەوانە کرد و بۆى نووسى:

"بۆ ئالا سەلاح/ لەسەر ڕەشەبای کۆن/ ڕاستگۆ، قوڵ، جوان/ دوورتر لە پاکیزەیی، بەرزترین سروود".

لە شەممەى حەفتەی پێشووەوە، خۆپێشاندەران ئاراستەى خۆپێشاندانەکانیان بە ئاراستەى دەوروبەری وەزارەتى بەرگرى گواستەوە، بۆ ئەوەى فشاری زیاتر بۆ سەر سوپا دروست بکەن. لە ماوەى ڕابردوو نزیکەى ١١ کەس لە خۆپێشاندەران لە نێویاندا چەندین کەس لە هێزە سەربازییەکان بوونە قوربانى گرژییەکانى سوپا و هێزە ئەمنییەکان، کە دەیانویست خۆپێشاندەران پەرت بکەن.

دواجار سوپای ئەو وڵاتە لە ژێر گووشارى خۆپێشاندەران، پاڵپشتى داخوازییەکانى خەڵکی سوودانیان کرد و سەرۆکى وڵاتەکەیان لە پۆستەکەى دوور خستەوە و دەسەڵاتێکى ڕاگۆزەریان بۆ ماوەى دوو ساڵ پێک هێنا بۆ ئەوەى لەو ماوەیەدا دەسەڵاتەکە بدەنە کەسێکى هەڵبژێردراوى گەل.

 

ڤیدیۆى ئالا سەلاح لە نێو خۆپێشاندەران، لە یوتیوبی ئاڤاتودەى: