رفتن به محتوای اصلی

چوارشەممەسوری.. سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵک بەسەر کۆماری ئیسلامی

چوارشەممەسوری.. سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵک بەسەر کۆماری ئیسلامی
AvaToday caption
posted onMarch 20, 2019
noدیدگاه

 

گەورە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوایین چوارشەممەی ساڵدا بە هەڵکردنی ئاگر و گێڕانی ڕەشبەڵک و گۆڤەند و سەما ئاوی پاکیان بەسەر هەڕەشەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا ڕشت.

 

لە ئاستی شارە گەورەکانی ئێران وەک تاران، ئەراک، ئیسفەهان، تەورێز، قوم و مەشهەد و یەزد لە سەر شەقامە گرنگەکانی ناوشارەکان و کێو و چیا و پاڕکەکانی ناوشار، سەرەڕای بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆری نێزامی و گووشارەکانی ئیتلاعات خەڵک نایەکی گەورەیان بە باوەڕی دژە شادی، خۆشی و فەرهەنگی ڕەشپۆشی کۆماری ئیسلامی گووت و بە بۆنەی چوارشەممەسوری لە دەوری ئاگر کۆبوونەوە و شادییان دەربڕی.

بەرەوپیر چوونی خەڵک بۆ چوارشەممەسوری ئەو ساڵ لە کاتێکدا بوو کە سەرما و بەفر بارێنێکی زۆر دۆینێ زۆربەی ناوچەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتبووە. لە ئەراک، تاران، ئەردەبێل و ئیسفەهان خەڵکی تێنووی شادی و ئازادی و بە تایبەت ژنان بە فرێدانی پەچە و ڕووبەند جێژنەکەیان کرد بە بۆنەیەک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە یاسا زۆرەملی و دژی ئینسانییەکانی کۆماری ئیسلامی و بە سەما و هەلهەلەکێشان خۆشی و شادی خۆیان دەربڕی و هێزە ئیتلاعاتییەکان تەنیا کارێک کە لە دەستیان هات چاولێکردنی خەڵک بوو.

 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان گۆڵبەرۆکی ڕێوڕەسمەکان

ئەمساڵیش جەژن و شادی و ئاگرکردنەوە و ڕێوڕەسمەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران وەک هەموو کات جیاوازتر بوو. سەرەڕای ئەوەی لە دوو حەوتوو لەمەوبەرەوە کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی بانگهێشتکردنی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی دا پێش بگرێ بە ڕێکخراوبوونی ڕێوڕەسمەکان بۆ ئەوەی لە ئاستی بەشداری خەڵک و واتاداربوونی بۆنەکان کەم بکاتەوە، بەڵام خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شارو دێهاتەکان بە پێشوازی بێوێنەیان لە نەورۆز و چوارشەممە سوری کۆماری ئیسلامییان واقوڕماو کرد.

 

سنە

لە زۆربەی ناوچە و شوێنە گەشتیارییەکانی سنە خەڵک بە بەڕێوەبردنی نەورۆز و موسیقا و گۆرانیگووتن و هەڵپەڕکێ لە دەوری ئاگر چوارشەممە سوریان جەژن گرت. لە ڕێوڕەسمەکاندا شێعر خوێندرانەوە و هاتنی بەهار پیرۆز کرا. هونەرمەندی ناوداری کورد قوتبەدین سادقى لە یەکێک لە ڕێوڕەسمەکاندا سەرچۆپی گرت و ئەمە خۆشحاڵی خەڵکی لێکەوتەوە.

 

دیواندەرە

لە دیواندەر هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕژیم بە تەقەی ئاسمانی ویستیان ئاپۆڕای لاوان بڵاوە پێبکەن و ئاگرەکەیان بکوژێننەوە و پێش بە خۆشی دەربڕینەکانیان بگرن  بەڵام یەکیەتی و یەکگرتوویی خەڵک لەوە بەهێزتر بوو کە هێزە ئیتلاعاتییەکان بیریان لێدەکردەوە و لە کۆتاییدا ناچار بوون لە شوێنی کۆبوونەوەی خەڵک دوور ببنەوە.

 

مەریوان

لە گووندی گوێزە کوێرەی مەوریوان بە بەشداری سەدان کەس لە ژنان و پیاوانی ئەو گووندە بە ڕێوڕەسمێکی تایبەت چوارشەممە سوری و هاتنی سەری ساڵی کوردیان پیرۆز کرد.

ژنان  و پیاوان بە جامانەو و هەوری و ڕەشبەڵەکەوە کەشێکی تایبەتیان بە ڕێوڕەسمی ئەو گووندە بەخشی.

 

 لە لایەکی دیکە منداڵانی ڤەژین بە هەڵگرتنی نووسراوەی "نەورۆزانەمان پێکەوە بوونمانە " پتر ڕێوڕەسمی چوارشەممەسوری و نەورۆزی کوردەواریان ڕازاندەوە.

 

بانە

لە شاری بانەش بە کردنەوەی ئاگر و هەڵپەڕکێ و چوونە داوێنی سرووشت جەژنی چوارشەممە سوری بە شێوەیەکی جوان بەڕێوە چوو.

 

کرماشان

لە کرماشان ، جوانڕۆ، ڕوانسەر و پاوە، لاوان بە گڕوتینێکی تایبەت و بە کردنەوەی ئاگری گەورە جێژنی نەورۆزیان پێرۆز کرد. لە سەرجەم شار و ئەو دێهاتانەی کرماشان کە یادی چوارشەممە سوری پیرۆز کرا هەوڵەکانی ئیتلاعات بۆ پێشگرتن بە ڕێوڕەسمەکان و کۆبوونەوەی خەڵک ناکام مایەوە.

 

ورمێ

لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یاری ئاگرین و کردنەوەی ئاگر خەڵک ماڵئاواییان لە دوایەمین چوارشەممەی ساڵ کرد. لاوان بە کۆبوونەوە لەسەر شەقامەکان و کردنەوەی ئاگر دڕیان بە ویستی سەرکوتکارانەی دامەزراوە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی دا. ئەگەرچی لە ڕێگەی ناکۆکی نانەوە و دنەدانی مۆرە کورد و ئازەرییەکان، ئیتلاعاتی ورمێ هەوڵی دا پێش بە ڕێوڕەسمەکان بگرێ، بەڵام ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی سەری نەگرت.

 

موکریان

لە شار و زۆربەی دێهاتەکانی ناوچەی موکریان خەڵک بە کردنەوەی ئاگر و ڕەشبەڵەک و هەڵپەڕکێ ڕیزیان لە چوارشەممە سووری گرت. لە شنۆ و بۆکان و مەهاباد  لاوان لە ناو گووند و لە شەقامەکانی شارەکان لە دەوری یەک کۆبوونەوە و بە هەڵپەڕکێ بەرەوپیلی ساڵی نوێ و ماڵئاواییکردن لە دوایین چوارشەممەی ساڵ هاتن.

ئەگەرچی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی هەڕەشەو بانگ کردنی چالاکن هەوڵی زۆریان دا خەڵکێکی کەم بەشداری ڕێوڕەسمەکان بێ، بەڵام لە سەردەشت و نەغەدە و پیرانشار و ڕەبەت بە کردنەوەی ئاگر و چوونە داوێنی سرووشت دڵخۆشی خۆیان بە بۆنەی جێژنی چوارشەممەسوری و نەورۆزی کوردەواری دەربڕی. شایانی باسە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێ بەردەوام دەبن.

 

دەتوانن ڤیدیۆ و وێنەى ئەم چالاکییانە لە تۆڕی میدایی ئاڤاتودەى و تلێگرامى فارسى و کوردى ئاڤاتودەى ببینن.