رفتن به محتوای اصلی

تەها ئەلیاسین بۆ ئاڤاتودەى: ئەمریکا نایەوێت ڕژێمى ئێران بروخێنێت

تەها ئەلیاسین بۆ ئاڤاتودەى: ئەمریکا نایەوێت ڕژێمى ئێران بروخێنێت
AvaToday caption
posted onFebruary 21, 2019
noدیدگاه

 

لەدواى دروستبوونى دەوڵەتى نوێی ئێرانی، گەلان و کەمینە نەتەوەو نەژادییە ئایینەکان لەئێران بەهۆى پەراوێز خستن و گۆشەگیر کردنى بەئەنقەستەوە دەناڵێنن، گرنگترین ئەو نەتەوانەش کوردەکان و ئەهوازییە عەرەبەکان، لەو بارەیەوەش جێگرى سەرۆکى ڕێکخراوى ئەورۆپی ئەهوازی بۆ مافەکانى مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت " نە دەستوورى ئێران ئەو گەلانە دەپارێزێت و نە یاساکانى، لەڕاستیدا مەلایەکان دایاناوە نەوەک بۆ پارستنى مرۆڤ، بەڵکو  تەنیا بۆپاراستنى بەرژەوەندی و ڕژێمەکەیانە".

 

تەها ئەلیاسین، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕى میدیایی ئاڤا تودەى لەشارى لەندەنەوە باس لەکۆمەڵێک بابەتى ناوخۆى ئێران و جیهان دەکات، بەتایبەت ئەهوازییەکان و، ڕوونیدەکاتەوە " دەسەڵاتدارانى ئێران ماوەیەکى درێژە کار لەسەر خنکاندنى هاوڵاتیە غەیرە فارسەکان دەکات، کە لەناوچەکانى ئەهوازو بلوچستان، کوردستان و ئازەرباینجانی باشوور دەکات"، هۆکارەکەشى بۆ " ترسە لەپەرەسەندنى هەستى نیشتیمانى نەتەوەییە لەلایەن ئەو گەلانەوەیە". ئەلیاسین لەچاوپێکەوتنەکەى جەخت لەوە دەکاتەوە " ویلایەتە یەکگرتووەکان، تەنها دەیەوێت سنوورێکى دیاریکراو بۆ ئێران دانێت، بۆ ئەوەى نەیبەزێنێت و، ئێستاش نایەوێت ڕژێمەکە بروخێنێت، بەگووتەى " ئەگەر بیویستبا ئەوەندە ساڵە چاوەڕوانى نەدەکرد".

 

ئاڤاتودەى: چۆن وەسفێکى ئێستای مافی مرۆڤی لەئێران دەکەن؟

تەها ئەلیاسین: پێشڵکارییەکان لەلایەن ڕژێمى ئێرانەوە فراوانن بەرامبەر مافى مرۆڤ، ئەیسەلمێنێت کە تاران پابەندی هیچ ماددەیەکى بەندەکانى ڕاگەیاندنى جیهانى مافی مرۆڤ نیە، کە لەساڵى ١٩٤٨ ـەوە کارى پێدەکرێت.

لەئێران خەڵک لەمافە بنەڕەتیەکانیان کەبەڵگەنامەو یاساکانى مافى مرۆڤی نێودەوڵەتى دابینیکردووە بێبەشن، ڕژێمى ئێرانیش بەردەوامە لەپێشڵکارییە مەترسیدارەکانى مافى هاوڵاتیان.

هەموو جارێک جموجۆڵى مەدەنى و کلتوورى سیاسی و جوڵەى هاوڵاتیان زیاد بوون و، داوای مافی یاسایی و شەرعی لەئەهوازی عەرەبی داگیرکراو و گەلانى دیکەى ئێران لەرژێمى ئێران کران، ژمارەى ڕفێنراوەکان کەلەلایەن هێزەکانى ڕژێم ئەنجامدەدرێن زیاتر دەبێت، بەڵی دەشڵێم ڕفێنراوەکان نەوەک دەستگیر کراوەکان، چونکە ڕژێمى ئێران هیچ مەرجێکى سادەى دەستگیر کردنى لەهێنانى کاغەزی تومەتبارى یاخود بانگهێشتنامەیەکى دادوەرى بۆ دەستگیر کردنى داواکراو بۆ دادگا ناهێنێت " ئەگەر ئەگەرى ئەوەشمان دانا دادوەرى لەئێران هەبێت"و، بەشێوەى مافیا پاشکەوتووەکان و داعش و، بەناسنامەى نادیار بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک منداڵان و گەنجان و ئافرەتان لەماڵەکانیان و شەقام و شوێن کارو قوتابخانەکان دەڕفێنن دواى ئەوەش چارەنووسیان نادیار دەبێت، بەتایبەت ئەهوازییەکان، بەشێوەیەکى بەردەوام و وەرزی ژمارەى دەستگیرکراوەکان زیاد دەکات.لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک لەناوچەکە یاخود هەرێمەکە، دەبێت چاوەڕوانى بەرزبوونەوەى ئازارەکان، خۆى ئامادە دەکات بۆ بەرزبوونەوەى لەسێدارەدان و دەستگیر کردن، لێدان و ئەشکەنجەدان لەکانى لێکۆڵینەوەکان بووەتە دیاردەیەکى فراوانى ئێران.

دەسەڵاتداران ئازادی ڕا دەربرین و پێکهێنانى کۆمەڵەو گردبوونەوەى سنووردار کردووەو،  تەنها لەبەر ئەوەى مافە یاسایی شەرعی خۆیان پەیڕەو کردووە دادگایی کردنى دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانى ئەنتەرنێت و ئەندامانى سەندیکاکان بەتومەتى ( کارکردن دژى ئاسایشى نەتەوەیی و، پروپاگەندە دژى دەوڵەت و گردبوونەوەو تێوەگڵان لەدژى ئاسایشى نەتەوەیی) پەرەى سەندووە، لەسەرەتاى ساڵى ٢٠١٨، تاوەکو ئێستا ٥٠٠ حاڵەتى لەسێدارەدان ئەنجامدراوە، بەشێکیان لەنێو گرتووخانەکانى ئەهوازو کوردستان و ئازەباینجان و بلوچستان ڕوویداوە، لەپاڵ ئەوانەش ٧٠٠٠ هەزار دەستگیر کراو هەیە کەس تاوەکو ئێستا  چارەنووسیان نازانێت، هەندێکیان هەیە لەژێر ئەشکەنجە گیانى لەدەستداوە، بەتایبەت ئەوانەى لەدواى سەرهەڵدانى ڕاپەرینە سەرتاسەرییەکەى نەخشەی سیاسی ئێران، لەسێدارەدانى هەڕەمەکی بەردەوامیی هەیەو، پێشڵکارییەکان دژى چالاکوانان و ئۆپۆزسیۆن و ڕۆژنامەنووسان و نەتەوەکان و ئافرەتان و منداڵان لەپەرەسەندن دایە، لەسەرووى ئەمانەش ڕژێمى ئێران لەدواى ٢٠٠٥ ـەوە، ڕێگە بەهیچ بڕیاردەرێکى نێونەتەوەیی نادات سەردانى وڵات بکەن، بۆ ئەوەى چاودێرى گیراوان و سزادراوانى لەسێدارەدراوەکان بدات، ئەوانەش بەرگرییان لەمافەکانى مرۆڤ کردووەو، پەیوەندییان لەگەڵ ڕێکخراوەکانى مافی مرۆڤی مەدەنى و سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، ڕووبەرووى کردەوەیەکى تۆڵەسەندنەوەیەکى تووند بوونەوە.

تەها یاسین

ئاڤاتودەى: دوایین خەمڵاندنی ڕێکخراوەکەتان لەپرسى دەستگیرکردنى ڕەشبگیری چچیەو ژمارەى دەستگیراوانى ڕا و میدیا چەندە؟

تەها ئەلیاسین: بەپێی ڕاپۆرتى ئازادی ڕۆژنامەگەرى کە لەلایەن ڕێکخراوی فریدۆم هاوس" Freedom House دەرچووە، ئێران پلەى نۆیەمى لەلیستى دە وڵاتى خراپترینی جیهانى پێکهێناوە، ئەمەش بەهۆى هەڵسوکەوتى دەستگیرکردنە فراوانەى ڕۆژنامەنووسە ئێرانى و بیانیەکان هاتووە.

ئێران بەهەموو شێوەیەک " ئازادی ڕا دەربرین قەدەغە کردووە"، بەجۆرێک دەسەڵاتداران بەردەوام بووە لەدەستگیر کردنى ڕۆژنامەنووسان و بلوگەرەکان و چالاکوانە میدیاییەکانى تۆری کۆمەڵایەتى ئەنتەرنێت، چونکە مافى خۆیان لەئازادی ڕا دەبرین و خستنەرووى بۆچوونەکانیان پەیڕەو کردووە.

بێگوومان ژمارەى ڕۆژنامە دەستگیرکراوەکانمان نیەو، هیچ لێدوانێکى فەرمی ڕژێمیش لەبەردەست نیە لەبارەى ژمارەیان، بەڵام ئێمە دەتوانین پێناسەى ئەو نا ووردییەى ژمارەى دەستگیرکراوەکان بکەن، کە هۆکارەکەى بۆ دەستگیر کردنى هەڕەمەکییە، کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ئەنجامدەدرێت، لەپاڵ ئەو دەستگیر کردنەش هەڕەشەى لەسێدارەدان دەدرێتە پاڵیان کە دەسەڵاتدارانى ئێرانى بەرامبەر دەنگی میدیا دەخاتە بەردەمیان لەباس کردنى هەر ناوێکى ڕۆژنامەسێکى دەستگیر کراو یاخود ژمارەى گیراوان، بۆیە لەسێدارەدان یەکێکە لەگرنگترین چەکەکان کە ئێران ڕاهاتووە لەبەردەم نەیارانى بەرزی بکاتەوە.

لەراپۆرتێکى ساڵانەى ڕێکخراوى لێبوردنى نێدەوڵەتى دەڵێت " دەسەڵاتدرانى ئێران هەڵمەتێکى ئابرووبەرەى سەرکەووتکردنى لەساڵى ٢٠٠٨ ئەنجامداوە، خۆپێشاندانەکانى پانکردۆتەوەو، هەزارانیشى لەچوارچێوەی هەڵمەتێکدا دەستگیر کردووە، کەزۆربەیان نەیارانى بوون، کەساڵێک دواى سەرهەڵدانى شەپۆڵى ناڕەزایی دژى هەژاری و گەندەڵى و سەرکووتکردن لەسەرتاسەرى وڵات بووە".

هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنى نێودەوڵەتى ژمارەى نوێی شۆککراوى ئاستى سەرکووتکردنەکەى دەسەڵاتدارانى ئێران لەماوەى ساڵى ڕابردوو ئاشکرا کردووە، قوتابیان، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانى ژینگە، کرێکاران، بەرگریکارانى مافى مرۆڤ، لەنێویاندا پارێزەر، چالاکوانانى مافى ئافرەت، چالاکوانانى مافى نەتەوەکان، سەندیکاییەکان دەستگیر کراون، ژمارەیەکى زۆریان بەشێوەیەکى ڕەشبگیری دەستگیر کراون و، سەدانیان بەزیندانیی و جەڵدە لێدان سزادراون، بەلایەنى کەمەوەش ٢٦ خۆپێشاندەر لەنێو ملەوانگەکاندا خنکێندراون.

ئاڤاتودەى: زۆربەى ڕاپۆرتە نێودەوڵەتى و ناخۆییەکان ئاشکراى دەکەن، سەرکووتکردنێکى بەرنامەرێژکراو بەرامبەر هەیەو، هەر کەسێکیش چالاکی کلتووری یاخود کۆمەڵایەتی لەئەهواز ئەنجامبدات دەستگیر دەکرێت، هیچ زانیارییەکی زیاترتان لەو بارەیەوەیە لایە؟

تەها ئەلیاسین: دەسەڵاتدارانى ئێران ماوەیەکى درێژە، هاوڵاتیە غەیرە فارسەکانى  نیشتەجێبوەکانى ئەهوازو بلوچستان و کوردستان و ئازەباینجانى باشوورى خنکاندووە، ترسی لەوەیە هەستى نیشتیمانى نەتەوەیی لەلایەن ڕۆڵەى ئەو گەلانە دروستبێت. ئەو هەڵسوکەوتە سەرکووتکارانەش شتێکى نوێ نیە،ـ بەڵکو ئەوەى نوێیە لەسێدارەدانى بەکۆمەڵى عەرەب و کوردەکان و بلووچە، بەڕاستیەکى تەواو ڕژێم ئەو تاوانە دژى هاوڵاتیانى بێدەسەڵات جێبەجێ دەکات، پێم وایە ڕژێم تا بەرپەرچدانەوەى نێودەوڵەتى و هەرێمایەتى تووند دژى نەبێت لەتاوانەکانى ناوەستێت.

بەردەوام هاوڵاتیە عەرەبە ئەهوازییەکان توڕەیی خۆیان بەرامبەر پەراوێزخستن و بێکاری و تەگەرەکانى بەردەم بەکارخستن و مافە سیاسییەکانیان لەناوچەکە دەردەبڕن، سەدا ٩٥ ـی سەرچاوەى ئێران و سەبەتەی خۆراکەو، گواستنەوەى ئاوى ڕووبارەکە لەناوچەکە بۆ هەرێمە فارسییەکان وەک ئەسفەهان و قوم و یەزد درێژەى هەیە.

ئێران لەسەر عەرشى وڵاتانى زۆرترین سێدارەدانى  هاوڵاتیانى داگیر کردووەو، ژمارەى ڕۆژنامەنووسە لەسێدارەدراوەکان و بیرمەندانی خاوەن بۆچوون و تێکۆشەرانی سەرجەم گەلە داگیراوەکانیش پەرسەى سەندووە، پشکى ئەهوازییەکانیش لەو قەسابخانەیە کە ڕژێمى مەلاکاندا ئەنجامیانداوە پشکى شێرە، لەبەر نەبوونى ئامارێکى ووردو ڕادەست نەکردنەوەى تەرمەکان بە بنەماڵەکانیان پاش لەسێدارەدانیان نازانرێت لەکوێ دەنێژرێن، تەنانەت ڕێگەش بەبنەماڵەى لەسێدارەدراوەکە نادرێت پرسە بۆ مردووەکەیان دانێن، بۆ نمونەش من تەها ڕژێم باوکم یاسین مەحمەد عیسا لەسەرەتاى هەشتایەکان لەسێدارە داوەو، تاوەکو ئێستا تەرمەکەیان نەداینەوەو نازانین لەکوێ نێژراوە.

ئەوەى باسمکردووە مشتێکە لەخەروارێک بەرامبەر ئەو سەرکوتکردن و تاوانە بەرنامەرێژکراوەى دژى بەگەلى ئەهوازیە، بەڵام هێشتا ئەو گەلە خۆڕاگرى پاڵەوانەو بەردەوامە لەداواکارى خواستەکانى لەرێگەى خۆپێشاندان لەئەهواز کە زۆربەى شارى هەرێمە عەرەبیەکەى گرتۆتەوە.

سیاسەتەتى جیاگارى ڕەگەزى عەرەبی ئەهوازی کەمتر نیە لەقێزەوەنى و پاکسازی ڕەگەزی سەردەمى ڕژێمى ئاپارتایدى ئەوساى باشوورى ئەفریقا، بەهەر حاڵ پێشڵکارییەکان زۆرن و، بەشێکى زۆریان دەگاتە ئاستى تاوانى جینۆساید و دەرکردنى بەزۆری دانیشتووانى ڕەچەڵەکى ئەو خاکە عەرەبیە کە شارستانیەکەى لەقوڵایی مێژوودایە.

لەسێدارەدانەکان لەنێو گرتووخانەکان لەبەردەم خەڵکدا بەردەوام و درێژەى هەیە، وێرانکردنى ژینگەو پیسکردنى بەئەنقەستى ئاو و بڵاوکردنەوەى ژەهرو دەرکەوتنى نەخۆشى نوێ کە خەڵک پێش ئێستا نەیاندەزانى بەدی دەکرێت، بەتایبەت لەدواى ووشکردنەوەى ڕووبارەکان و زونگاوەکانى ئەهواز، هەروەها بێبەش کردنى ئەو گەلە لەهەموو مافە سیاسی و مرۆیی و مەدەنیەکانى، لەپاڵ ئەوانەش دزینى سەرمایەى سروشتى وەک نەوت و غازو کانزاکان و ئاوەکانى، ئەهواز سەدان ٨٥ ـى کۆى گشتى هەناردەکردنى ئێران پێکدەهێنێت، لەکۆى گشتى ئابوورى ئێراندا بەسەدا ٩٥ پشت بەسەرمایەکانى ئەهواز دەبەستێت، ئەم کۆمارى ئێرانیە (ئیسلامیە)، کۆمارێکى سەرکوتکردنى دیکتاتۆرییە، لەواقیعدا دەبێت ناوبنرێت کۆمارى لەسێدارەدانەکان، چونکە بەپێی ڕاپۆرتەکانى ڕێکخراوەکانى مافی ئێرانى و نێودەوڵەتى لەسەردەمی دەسەڵاتى حەسەن ڕوحانى، سەرۆکی ئێران، تاوەکو ئێستا سەرووى ٥٠٠٠ حاڵەتى لەسێدارەدان جێبەجێکراوە، قەنارەکانى مەلاییەکان لەئێران ڕووحى خەڵکێکى زۆر ڕاکێشاوە بەتایبەت لەنێو گەلانى ئیران، ژمارەیەکى زۆرى پرۆسەکەش بەنهێنی لەنێو گرتووخانەکان وەک گرتووخانەى کەرەج و، گرتووخانەکانى کوردستان و ئەهوازی عەرەبی و بلوچستان جێبەجێکراوە.

ئاڤاتودەى: نزیکەوى دوو ملیۆن عەرەبی ئەهواز لەئێران دەژێن، دەتوانن سروشتى ژیانیان و، ڕەوشى کۆمەڵایەتى و سیاسییان لەسێبەرى ڕژێمى مەلایەکان باس بکەن؟

تەها ئەلیاسین: پێش هەموو شتێک دەمەوێت زانیارییەکانى بەرێزت چاک بکەن، ئەهوازییەکان ژمارەیان دوو ملیۆن کەس نیە، بەڵکو بەلایەنى کەمەوە ١٢ ملیۆن کەس دەبێت و، نەخشەى ئەهوازیش لەئیلام تاوەکو باب سەلامە، خاکەکەمان لەکەرتى ڕۆژهەڵاتى کەنداوى عەرەبی تاوەکو چیای زاگرۆسە، کە سنوورى جیاکارییە لەگەڵ داگیرکەرى ئێرانى لەسەر خاکى ئەهوازی عەرەبی.

پاش دەگەرێمەوە سەر پرسیارەکەش براى بەرێز، پێشڵکارییەکانى مافی مرۆڤ کە ڕژێمى ئێرانى دژى بەمافى ئەهوازییە عەرەبەکان جێبەجێ دەکات زۆرە، گرنگترینیان  گۆڕینى پێکهاتەى دیموگرافی بۆ قازانجی نیشتەجێبووە فارسەکان، کە دەسەڵاتدارانی ئێرانى لەپارێزگاو شارە فارسییەکان دەیانهێنێت، هەروەها بێکارى و هەژارى و بێبەشبوون و دزینى سەرمایەو دەستگیرکردنى ڕەشبەگیرى بەرامبەر چالاکوانان و، لەسێدارەدانى نایاسایی دژى سیاسییەکانى ئەهواز، سیاسەت و پرۆژەکانى داگیرکردنى ئێرانى بەئاراستەیەکى بەردەوام دژى ئەهوازییەکان جێبەجێ دەکرێت، پێمان وایە ئەمانە تاوانى لەناوبردنى بەکۆمەڵە بەهەموو ماناى ئەو ووشەیە، پاکتاوی ڕەگەزییەکەى هاوشێوەى ئەوەى ئەفریقاى باشووى ئەوکاتەیە.

لەدەیەکانى ڕابردوو، ڕژێمى ئێران بەرێکارى ئەمنى ڕووبەرووى داواکاریی ئەهوازییەکان بووەتەوەو، هەموو داواکارییەکانى گەلى عەرەبی ئەهوازی تەنانەت ئاشتیانەشى ڕەتکردۆتەوە، هیچ ماددەیەکى دەستوورى کە لەنێو دەستووردا دواى شۆڕشى ئێرانى ساڵى ١٩٧٩ جێگیر کراوە، جێبەجێ نەکردووە، سەرجەم خۆپێشاندانە ئاشتیانەو مانگگرتنى کرێکارانى کۆمپانیاکان سەرکوتکردووەو، پرۆسەى گرتن و زیندانى کردن و لەسێدارەدانى ئەندامانانى دامەزراوەى کلتوورى بەرپرسا کردووەو، ڕێگەى لەرۆڵەى ئەو گەلە کردووە بەزمانى خۆى بخوێنێت و فێر بێت، هەروەها یەکەى نیشتەجێبوونى بۆ بەفارس کردنى ئەهواز دروستکردووە.

گرتووخانەکانیش پڕە لەئەهوازی بەدیلگیراو کە لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیر کراون، ژمارەشیان لەگرتووخانەى داگیرگەرى ئێرانى لەسنوورى ٣٠٠٠٠ (سی هەزار) کەس دەبێت، لەپیاو ئافرەت و منداڵان.

تەها یاسین

ئاڤاتودەى : زۆربەى وڵاتانى ئەورۆپی چاوپۆشی لەسەرکوتکردنە بەرنامەرێژکراوەکەى ڕژێمى ئێرانى لەساڵانى ڕابردوو ئەنجامداوە، ئەویش لەپێناو سەرخستنى گرێبەستە بازرگانى و ئابوورییەکان، ئاخۆ ئەورۆپا دەستبەدارى بنەما گشتیەکانى مافە مرۆییەکانى لەپێناو پارە بووە؟

تەها ئەلیاسین: پێدەچێت پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و یەکێتى ئەورۆپا چووەتە ئاراستەیەکى نوێ، بەتایبەت دواى ڕاگەیاندنەکەى ئەورۆپا بەسەپاندنی سزاى نوێ بەسەر ئێرانییە تێوەگڵاوەکانى هێرشی تیرۆریستى بۆ تیرۆر کردنى ئەهوازیی و ئۆپۆزسیۆنى ئێران لەدانیمارک و فەرەنسا، ئەو پێشهاتانەش بەپێی هەندێک لە چاودێران، ڕەنگە ببێتە هۆیەک بۆ دروستبوونى کێشەى زیاتر و بەنەرێنى بەسەر تاران بشکێتتەوە، کە بەدواى درەچەیەک دەگەرێت بۆ دەرباز بوون لەقەیرانە ئابوورییەکەى کە بەهۆى سزایەکانى ئەمریکاوە ڕووبەرووى بووەتەوە.

ئەندیرس ساموێڵسین، وەزیرى دەرەوەى دانیمارک گووتى؛ یەکێتى ئەورۆپا ڕازی بووە سزا بەسەر ئیتلاعاتى ئێران بەهۆى پیلانگێرى تیرۆر کردن لەخاکى ئەورۆپا بسەپێنێت، ئەمەش پەیامێکی بەهێزە لەلایەن یەکێتى ئەورۆپا بەوەى ڕێگە بەو هەڵسوکەوتە لەئەورۆپا نادرێت، کە هەندێک پێیان وایە لەرێگەى سزایەکان فشار دەخرێتە سەر ئێران بۆ بەدەستهێنانى دەستکەوتى زیاتر لەپەیوەندییە بازرگانیەکان بەتایبەت هەندێک وڵات هێشتا دەستبەردارى ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکە نەبووەو، هەوڵى ئەوەش دەدات ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕازی بکەن، کە هەڕەشەى ئەنجامدانى ڕێکارى سزادانى زیاتر بەسەر ئەوانە بسەپێنێت کە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن، هۆشداریشى بەیەکێتى ئەورۆپا داوە لەهەر هەوڵێک لەپێچەوانەى سزایەکانى دژى تاران ئەنجامبدات، ئەورۆپاش مەترسیی خۆى لەپەرەسەندنى زیاترى بەرنامە مووشەکییەکانى تاران و، تۆمارەکانى مافى مرۆڤ، لەپاڵ ئەوانەش دەستێوەردانى لەململانێیەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەڕبریوە، هێرشەکانى ئەمدواییەش بەسەر سەرکردەکانى بزوتنەوەى ئەهوازی و ئۆپۆزسیۆنى ئێران لەئەورۆپا خاڵێکى دیکەى دڵەراوکێیەکانى ئەورۆپا بووە.

ئاڤاتودەى : سزایەکانى ئەمریکا بەسەر ڕژێمى ئێرانى چۆن دەبینن، تاچەند کاریگەریش لەسەر بەرپرسانى هەیە؟

تەها ئەلیاسین: ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدوو پاکێج سزای بەسەر ئێران سەپاند، دووهەم قۆناغی لەتشرینى دووهەمى ساڵى ڕابردوو بوون، کەرتە هەستیارەکانى ئێرانى گرتەوە، وەک کەرتەکانى نەوت و بانکی، پێدەچێت ئەو سزایانە ببێتە هۆیەک بۆ پاشەکشێ کردنى داهاتەکانى فرۆشتنى نەوت، کەئێران بەپلەى یەکەم پشتى پێدەبەستێت بۆ دابینکردنى پێداویستیەکانى دراوى بیانى، بەڵام تاران پێچ بەسەر سزایەکان دەداتەوەو، گووتوویەتى پاز بەسەر ئەو سزایەیە دەدات و نەوتەکەى دەفرۆشێت، ئەگەر توانى نەوتەکەى بفرۆشێت و بەسەر سزایەکان پێچ بکاتەوە، ئەوا هیچ جیاوازییەک لەڕەوشە ئاڵۆزییەکەى هاوڵاتیان ناگۆرێت، چونکە ئابوورى ئێران بەهۆى گەندەڵى و خراپی مامەڵەکردن دەناڵێنێت، چونکە دەرچوونى ویلایەتە یەکگرتووەکان لەرێکەوتننامە ئەتۆمییەکە ئەو ئاڵۆزییەى زیاتر کرد، دەرئەنجامی داڕمانی بەهاى ناوخۆیی ئێرانى لێکەوتەوەو، نرخى دۆلاریش گەیشتە ١١٨ هەزار تمەن لەبازاڕەکان.

لەبیرمان نەچێت سوپای پاسداران و لەرێگەى چالاکییە داراییەکانى، دەستى بەساختەکردنى بەڵگەنامەو مامەڵەکانى کردووە، بەپردەى کۆمپانیاى سیخورەکانى وڵاتانى دراوسێ وەک تورکیا، هەروەها سوپای پاسداران کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆرى دراوى خستۆتە نێو تۆڕەکانى دەست بەسەراگرتن و بەرژەوەندی خۆى بەکاریان دەهێنێت، لەو نێوەندەش سپیکردنەوەى پارە کە دەچێتەوە گیرفانى سوپاى پاسداران، گرنگترین ئەو چالاکییە پیلانگێرییەى سوپاى پاسداران لەگەڵ وەلی ئەڵلا سەیف، سەرۆکى پێشووى بانکى ناوەندی ئێران ئەنجامیاندا بریتى بوو لەپاردەدار کردنى حزبوڵلای لوبنانی و وڵاتانى دیکە بووە، لەکۆتاییشدا گەل زەرەرمەندی گەورەى ئەو ئابلووقەیەیە، بەڵام ئازادی نرخى هەیە، نابێت لەبیرمان بچێت، پێش ئەو ڕووداوە لەژیانێکى ئاسوودە بووبێت، پێم وانیە هیچ لەپرۆسەکە لەکاتى ئابلووقەدانە یاخود هەڵگرتنى بگۆردرێت، چونکە ڕژێم هیچ شتێکى لەسەرمایەى گەل بۆ گەل نەهێشتۆتەوە، هەمووى بۆ پارەدارکردنى تیرۆر لەسووریا، عێراق، لوبنان، یەمەن و لوبنان تاڵانکردووە، هەروەها وەبەرهێنانى پارەى گەل لەرۆژئاوا بۆ قازانجی بنەماڵەى بەرپرسە گەورەکانى سوپای پاسداران و کەسە نزیکەکانى خامەنەئی.

ئاڤاتودەى : زۆربەى پسپۆران و شارەزایان پێیان وایە سزایەکانى ئەمریکا بەشێوەیەکى سەرەکیی کاریگەرى لەسەر هاوڵاتیان دەکات لەوەى کاریگەرى لەبەرپرسانى دەوڵەت وەک (سوپای پاسداران، بەرپرسانى ڕیزی یەکەم) بکات، تاچەند لەگەڵ ئەوەن، یاخود ئازادی نرخی خۆى هەیە؟

تەها ئەلیاسین: هاوڵاتیان لەئێران لەهەردوو حاڵەتەکەدا زەرەرمەندن، لەسێبەرى ڕووبەرووبوونەبوونەوەى سزاکان زیان بەهاوڵاتیان دەگات و، دەسەڵات و کارمەندانى بەهۆى گەندەڵى و دزین و بەهەدەردانى سامانى گشتى سوومەند دەبن و بۆ ناسەقامگیر کردنى ناوچەکە خەرجدەکات، کاتێکیش سزای بەسەردا دەسپێندرێت، ڕژێم بیانووى خۆ دزینەوە لەئەنجامدانى ئەرکەکەى لەبەرامبەر هاوڵاتیان دەدۆزێتەوە، بەڵام بەبیانووى زیانکەوتن بەهاوڵاتیان لەسزایەکان نابێت کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کەمتەرخەم بێت لەبەرامبەر جێبەجێکردنى ئەرکەکانى لەرووبەروونەوەى ئەو ڕژێمە تووندڕەوە کەرێز لەیاساى نێودەوڵەتى ناگرێت و هیچ گرنگییەکیش بەژیانى هاوڵاتیان نادات و، سەروەرى وڵاتانى دراوسێش پێشێڵ دەکات و، دەست وەردەداتە کاروباریان.

رووداوەکانى پێشوو سەلماندی تاچەند جیهان لەگەڵ ئەو ڕژێمە کراوە بێت، بەهۆى گرێبەست و ڕێکەوتنەکان، ڕژیم سوودی لەو کرانەوە بۆ دروستکردنى پرۆژەى زیاترى سەربازی و، مڵهورى گەورەتر لەسەرپێچی کردنى بەرامبەر هاوڵاتیان لەئێران و وڵاتانى دراوسێ جێبەجێ کردووە. بەشێوەیەکى گشتى کەس پشتگیرى ئەو کۆت و سزایانە ناکات دژى هەر وڵاتێک لەوڵاتانى جیهان، بەڵام کاتێک هیچ ڕێگایەک نامێنێت بۆ وەستاندنى ئەو وێرانکارییە کە ڕژێم لەئێران ئەنجامی دەدات جگە لەئابلووقە نەبێت، لێرە پێویستە هەموو بەرپرسیارێتى خۆى چ وەک هاوڵاتیان و چ وەک کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى یاخود وڵاتانى زلهێزی تایبەتمەند، ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ سەقامگیرى پێویست لەجیهان، تاوەکو پارێزگارى لەبەرژەوەندییەکانى بکات و ڕێزیش لەڕاستگۆیی بگرێت، ئەگەر کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى سوور بێت لەسنووردانان بۆ ئەو ڕژێمە، هاوشێوەى وڵاتانى دیکە ئەوا ئاڵۆزی و ئازاری هاوڵاتیان ئەوەندە بەردەوام نەدەبوو.

ئاڤاتودەى : ئایندەى ئێران چۆن دەڕوانن، ئەمریکاش تاچەند سوورە لەرووخاندنى ڕژێمى ئێستا؟ یاخود واشنتۆن پلانی دیکەى هەیە؟

تەها ئەلیاسین: پشت بەستن بەرووداوەکانى پەیوەندییەکانى ئەمریکا ئێران، لەدواى گرتنە دەسەڵات لەلایەن ڕژێمى ئێستا تاوەکو ئەمرۆ، لەرفاندنى هاوڵاتیانى ئەمەریکى و دەستێوەردان لەکاروبارى دۆستان و هاوپەیمانەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان و، قەیرانى زۆرتری دروستکراوى ڕژێمى ئێستا لەئێران و پرۆژەى هەناردەکردنى شۆڕش، کەبووە هۆکارێک بۆ کوشتن و ئاوارە بوونى ملیۆنەها کەس لەماڵەکانى خۆیان و، بەهەدەردانى پارەیەکى زۆری ئێرانییەکان و غەیرە ئێرانییەکان، کە ئەگەر بۆ پەر ەپێدانى ناوچەکە خەرج بکرایا ئەوا گۆڕانکارییەکى گەورەى لەژیانى هاوڵاتیانى لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروست دەکرد.

زۆرێک لەپێشڵکارییەکان وەک بەرنامەى ئەتۆمیی و پرۆژەى مووشەکى و چەندانى دیکە، پێدەچێت ویلایەتە یەکگرتووەکان تەنها دەیەوێت سنوورێکی دیاریکراو بۆ ئێران دانێت تاوەکو بەسەریدا پاز نەدات، نایەوێت ئەم ڕژێمەى ئێستاش بروخێنێت، ئەگەر بیویستبار ئەو هەموو ساڵە چاوەڕێی نەدەکرد، چونکە ئەو ڕژێمە هیچ بیانوویەکی بەجێنەهێشتووە بۆ ئەمریکا و ئەنجومەنى ئاسایش بۆ ئەوەى لەرێگەى هاوپەیمانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بیروخێنن، تاوانەکانى لەرژێمەکانى دیکە نیوەى ئێرانیان ئەنجامنەداوە، کە وەک ئێران زیانى گەورەى بەئاسایش و ئاشتى جیهانى هەبووبێت و، زیانى لەبەرژەوەندییەکانى ڕۆژئاواو ئەمریکا گەیاندبێت.

ئاڤا تودەى : لەئێران زۆرێک لەکەمینە نەتەوەیی و ئایینى دەژێت، چۆن دەکرێت پارێزگارییان لێبکرێت؟، ئاخۆ یاسا تەنها دەتوانێت پارێزگارییان لێبکات یاخود دەبێت ڕێکارى دیکە بگیرێتەبەر؟

تەها ئەلیاسین: ئەو گەلانەى لەژێر داگیرکردنى ئێران دەناڵێنن کەمینە نین، بەڵکو گەلانن خاکەکەیان داگیر کراوەو، خەبات دەکەن بۆ ئازاد کردنى خاک و مرۆڤ، ڕاستیە وونبووەکەی بەرامبەر هەموو ئەوەیە فارس کەمینەیە لەوەى پێی دەگووترێت ئێران بەداخەوە، دەسەڵاتدارێتى زۆرینەى گەلان دەکەن لەنێویاندا گەلى عەرەبی ئەهوازی و گەلی کوردو گەلى بلوچی و گەلى ئازەری و گەلى تورکمان و گەلانى دیکە، کە هەموویان بەهەموو ڕێکارێکى یاسایی بەرەنگارى داگیرکارى ئێرانى تا ڕزگارى دەکەن.

نەدەستووری ئێران پارێزگارى ئەو گەلانە دەکات و، نەیاساکانى، لەواقیعشدا مەلایەکان نەوەک بۆ پارێزگارى مرۆڤ بەڵکو بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانیان و ڕژێمەکەیان دایانڕشتووە، پێم وایە پێویستە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ڕێکارى کردارى بۆ پاراستنى ئەو گەلانە زیان لێکەوتووانەی دەستى ئەو ڕژێمە بگرێتە دەست و، هەروەها لەبەرامبەر دەوڵەتى ئێرانیش بەشێوەیەکى گشتى. بەڵێ دەڵێم دەوڵەتى ئێران و تێدەگەم باسى چی دەکەم، چونکە دەوڵەتى ئێرانى هۆکاری ئاڵۆزیی ئەو گەلانەیە، لەدواى داگیرکردنى ڕژێمى پەهلەوی خاکى ئەو گەلانەو، دواتر گۆرینى وڵاتى فارس بۆ ئێران لەساڵى ١٩٣٥، کارەساتى ئەوان لەو نەخشەیە دەستى پێکرد کە پێشتر نەیاندەزانى ئێران چییەو، ناوی گەلى ئێرانیان بەسەردا سەپێنرا، هیچ ئێرانییەکیشدا لەنێویاندا نیەو، هیچ پەیوەندییەکیانیش بەو کیانە دروستکراوەش کە دەگووترێت ئێران نیە،ـ دواى هاتنى ڕژێمى خومەینى، ئەو ئاڵۆزییەش بەردەوامیی هەبوو، پێم وایە ئەگەر ئێران هەڵنەوەشێتەوە ئەوا ئەو گەلانە ئازادی بەدەست ناهێنێت و خاکە داگیر کراوەکەشى ئازاد نابێت، ئەو زۆردارییەش بەردەوامیی دەبێت و، ئەگەریش ڕژێم گۆڕدرا ڕژێمێکى نوێ وەک مەریم ڕەجەوی یاخود لایەنێکى دیکەى ئۆپۆزسیۆن بێن، ئەوا هەموویان یەکتری ڕەتدەکەنەوەو، کەسیان دان بەهەبوونى گەلانى داگیر کراو لەنەخشەى پێی دەگووترێت ئێران نانێن، ئازادبوون و ئازادی تاکە چارەسەرە کە گەلان پێی ڕازین و لەپێناوى خەبات دەکەن.

ئاڤاتودەى: پەیامتان بۆ ناوخۆى ئێران بەشێوەیەکى گشتى و عەرەبی ئەهواز بەتایبەتى چییە؟

تەها ئەلیاسین: پەیامم بۆ گەلم ئەهوازی تێکۆشەر ئەوەیە، ئێمە خاوەنی حەق و کەیسێکى دادوەرین و، خاوەنى ڕاستیەکین لەکەسیش ناترسین لەبەرەنگاربوونەوەى داگیرکارى ئێران بەهەموو ڕێکارێکى شەرعی، کە یاسا دروستکراوەکان و ئاسمانییەکان خستوویەتى ڕوو بۆ ڕزگار کردنى خاک و گەڕانەوەى سەروەرى داگیر کراو، ئەم ئەرکە ئاسان نیەو بەڵکو پێویستى بە بەڕەنگاریمان و خۆبەخشین و خۆڕاگیری و بەردەوامیی هەیە تاوەکو مافەکانیان بەدەست دەهێنین بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى ئاسوودەیی لەخاک و وڵاتمان ئەهواز بژین.

پەیامیشم بۆ گەلان لەئێران دەڵێم ئێمە براین لەمرۆڤایەتى یەکەمجار، وەرن با هاوکار بین بۆ کەواندنى دوژمنى هاوبەش کە وڵاتەکانمانی داگیر کردووە، بۆ ئەوەى بەئازادی لەخاکەکانمان وەک دراوسێی یەکتر بژین و ڕێز لەیەکتر بگرین، پاشانیش دەڵێم پیرۆزتان بێت و پیرۆز بێت خەباتتان، خواش لەشەهیدانتان خۆش بێت، هەموو متمانەم هەیە کە ئێمە بەمنزیکانە لەخاکەکەمان دەژێن.