دوو بەرپرسی ناوچەیی بە ئاژانسی "ئەسۆشیێتد پرێس"یان ڕاگەیاندووە، ئەمریکا و ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە خولێکی نوێی دانوستاندنەکانی ئاگربەست لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان ئەنجام دەدەن، ئەمەش لە کاتێکدایە ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە خەریکە کاتەکەی بەسەردەچێت. سەرچاوە پاکستانییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە بڕیارە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، دانوستاندنکارە باڵاکانی هەردوولا بگەنە ئیسلامئاباد.
پاکستان لە کاتێکدا ئامادەکاری بۆ ئەم دانوستاندنانە دەکات، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەشبین نییە بە گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. ترەمپ بە ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ڕاگەیاندووە، "زۆر دوورە" لەوەی ئاگربەستە درێژ بکاتەوە کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە کۆتایی بێت.
لە بەرانبەردا، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری وڵاتەکەی، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"دا ڕایگەیاند، "دانوستاندن لەژێر سێبەری هەڕەشەدا قبووڵ ناکەین" و جەختی کردەوە کە تاران ئامادەیە "کارتی نوێ لە مەیدانی جەنگدا" بەکاربهێنێت.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە، لانی کەم سێ هەزار و ٣٧٥ کەس لە ئێران و دوو هەزار و ٢٩٠ کەس لە لوبنان کوژراون. هەروەها ٢٣ کەس لە ئیسرائیل و زیاتر لە ١٢ کەسی دیکە لە وڵاتانی کەنداو گیانیان لەدەستداوە. هەر بەپێی ئامارەکان، ١٥ سەربازی ئیسرائیلی لە لوبنان و ١٣ سەربازی ئەمریکیش لە ناوچەکەدا کوژراون.