هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە هەڵمەتێکی توندوتیژدا بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ برایان دەستبەسەر کرد. بەمەش ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەو بنەماڵەیە لە ماوەی دوو مانگدا گەیشتە چوار کەس.
بەگوێرەی راپۆرتە خۆجێییەکان، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 11-02-2026، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی "ناسر دادیار" لە گوندی داشبەند. ناسر بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستگیر کراوە و بەهۆی لێدانەوە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا دەستی شکێندراوە. هاوکات دوو برای دیکەی بە ناوەکانی "مووسا" و "حەمزە دادیار" لە گوندی گوێکتەپە دەستگیر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون.
ئەم سێ برایە لە کاتێکدا دەستگیر دەکرێن کە برایەکی دیکەیان بە ناوی "رەسووڵ دادیار" لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی رابردووەوە لە گرتنگەی بۆکان دەستبەسەرە. تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئەمنیی ئێران هیچ زانیارییەکیان لەبارەی تۆمەتی ئەم کەسانە و شوێنی راگرتنیان بڵاونەکردووەتەوە. نادیاریی چارەنووسیان و برینداربوونی یەکێکیان لە کاتی گرتنیدا، نیگەرانیی زۆری لای بنەماڵەکەیان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.