ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان (پارێزگای سنە) سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و ژمارەیەک چالاکڤانی دیکەیان سەرکۆنە کرد، هاوکات کۆمەڵێک نووسەر و هونەرمەندی کورد داوایان کردووە سزای سێدارەی ئەو دوو ژنە چالاکڤانە هەڵوەشێنرێتەوە.
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان (سنە، سەقز، زێویە، مەریوان و سەوڵاوا) سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، مێهدی حەسەنی، بێهروز ئیحسانی و چەند دۆسیەیەکی هاوشێوەی دیکە لە ساڵانی ڕابردوو، بۆ توێژی مامۆستایان و یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان زۆر زۆر تاڵ و ئازاربەخشە و سەرکۆنەی دەکەن.
کۆمەڵێک لە ئەدیب و نووسەر و هونەرمەندانی کوردیش لە راگەیەنراوێکدا دەڵێن، سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو ژنە چالاکڤانە کوردانە بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵکە و داوایان لە دەسەڵاتداران حکومەتی ئێران کردووە پێداچوونەوە بەو حوکمەدا بکەن.
ئەوان گوتوویانە، لە ئەگەری بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەی ئەو دوو چالاکڤانەدا ناڕەزایەتی بەرینی خەڵکی لێدەکەوێتەوە.