رفتن به محتوای اصلی

دەیان بەندکراوی سیاسی داوای راگرتنی سزای سێدارە لە ئێراندا دەکەن

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ
دەیان بەندکراوی سیاسی لە گرتووخانە جیاوازەکانی ئێران دەڵێن، حکومەتی ئێران لە ترسی ناڕەزایەتیی سزای لەسێدارەدانی زیاتر کردووە. ساڵی پار لە ئێراندا 901 کەس لە سێدارە دراون و ئەمەش لە 17 ساڵی رابردوودا کەموێنە بووە.
posted onJanuary 12, 2025
noدیدگاه

دەیان بەندکراوی سیاسی لە گرتووخانە جیاوازەکانی ئێراندا لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا سەپاندنی سزای سێدارە و بەڕێوەبردنی ئەوجۆرە سزایەیان ئیدانە کرد، هاوکات نزیکەی 70 رێکخراوی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سێدارەی پەخشان عەزیزیان کرد.

نزیکەی 70 بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێڤین، قزڵحەسار، تارانی گەورە و لاکانی رەشت لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا دەڵێن؛ کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا تووشی قەیران بووە و دۆخێکی خراپی بۆ خەڵک دروست کردووە، کەچی ڕێگەچارەی قەیرانەکان لە پەرەدان بە سەرکوت لە بوارە جیاوازە کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەکاندا دەبینێتەوە.

ئەو بەندکراوانە پێیان وایە، کۆماری ئیسلامی نیگەرانی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە و بە زیاتربەڕێوەبردنی  سزای لەسێدارەدان هەوڵدەدات سێبەری ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت.

لە بەیاننامەکدا هاتووە، سزای لەسێدارەدان نامرۆڤانە، کۆنەپەرستانە و جۆرێک قەتڵی حکوومەتییە و دەبێ بە تەواوەتی هەڵوەشێتەوە.

هەروەها 68 ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و مافی ژنان داوای بەپەلە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن گوشار بخەنە سەر ئێران بۆ ئەوەی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی چالاکڤانی خەڵکی مەهاباد، هەڵوەشێنرێتەوە.

سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزیدا کاردانەوەی زۆری بەدواوە بووە و خەڵک داوا دەکەن سزای سێدارەی هەڵوەشێتەوە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 2024دا لانیکەم 901 کەسی لە سێدارە داوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت: ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی رابردووی زایینییدا لەسێدارە دراون لە ١٧ ساڵی رابردوودا کەموێنە بووە.