رفتن به محتوای اصلی

شۆڕشی ئێران؛ لەنێوان دوو قۆناغی جیاوازدا

شۆڕشی ئێران؛ لەنێوان دوو قۆناغی جیاوازدا
posted onFebruary 2, 2019
noدیدگاه

 

لە ١٦ کانوونی دووەمی ١٩٧٩، شاه محەمەد ڕەزا پەهلەوی لە گەشتێکى بێ گەڕانەوە ئێران جێ دەهێڵێت و، دواتر لە قاهیرە پایتەختى میسر جێگیر دەبێت، بەڵام دواى دوو حەفتە ڕوحەڵا خومەینى لە پاریسەوە دەگەرێتەوە تاران، لە گەشتێکدا ڕەوشى وڵاتەکەى سەراوژێر دەکات و کاردانەوەکەشى بەرەو ناوچە هەرێمایەتی و جیهانییەکانى بڵاو دەبێتەوە.

 

ئەو کاردانەوانەش بە مردنى خومەینى لەساڵى ١٩٨٩ کۆتایی نایەت، بەڵکو دواى خۆیدا بەتایبەت لەجێگیربوونەوەى ئایەتوڵا عەلى خامنەیی ڕابەرى ئێستاى کۆمارى ئیسلامی ئێران بەهێزتر دەبێت، کە خواست و داواکارییەکانى لە سنوورى (وەسیەتەکەى خومەینى)، چڕ نابێتەوە، بەڵکو فراوانتر دەبێتەوە و دەبێتە وێنەیەکى تێڵکردنێکى گشتى لە دەوڵەمەندییە گەورەکەى شاه. بەجۆرێک ڕابەرى ئێستا دەسەڵاتى بەسەر ئیمپراتۆرییەتێکى گەورەى ئابوورى گرتووە و، لەپاڵ ئەوەش ئایدەلۆژیاى ویلایەتى فەقێ و ئیماندارێتى بە بیروکەى هەناردەکردنى شۆرش داپۆشراوە.

سێ سەرەکەى ئێران (شاه ڕەزا پەهلەوی، خومەینى و خامنەیی) لە یەک بیروکەى هاوبەش یەک دەگرنەوە کە ئەویش "دووژمندارێتى وڵاتانى ناوچەکەیە و کارکردن بۆ فراوانبوونى زیاترە، هەرچەندیش ڕێگاکانیش جیاواز بن".

خومەینى لە ١ شوباتى ١٩٧٩ گەڕایەوە ئێران و، تاجی شاى بە مێزەرى ویلایەتى فەقێ گۆڕی، بەڵام ئەمڕۆی ئێران و دواى چوار دەیە، لە مێژوویەکى سەرلێشواو دەوەستێت، ڕەوشەکەى نەک باشتر نەبوون، بەڵکو بەرەو خراپتر هەنگاوی نا، سەرکووتکردن و هەژاری زیاتر پەرەى سەند.

ئەو وڵاتە کەپێشتر بە پۆلیسى ڕۆژاوا لەناوچەکەو منداڵە نزیکەکەى ئەمریکا هەژمار دەکرا، ئێستا بووەتە دەوڵەتێکى مڵهۆڕ و لەهەموو لایەکەوە سزای بەسەردا سەپێنراوە، سەرکردەکانیشى شانازی بەهێزێکى هاوشێوەى کاغەز دەکەن، لەو نێوەندەش پاڵپشتى دارایی و چەک و جبخانەى میلیشیا دەرەکییەکان  دەکەن، ئەمەش هاوکاتە لەوەى نیوەى دانیشتووانى ئێران بەهۆى هەژاری و بێکارى دەناڵێنێت، سەرکووتکردن و نەبوونى ئازادى ڕا دەربڕین و ژیانێکى ئاسوودەیی بخەنە سەرى.

لە ماوەى ساڵانى ڕابردوو ئێرانییەکان بەبێدەنگی ڕەخنەیان لەڕەوشەکە دەگرت، بەڵام لە کۆتاییەکانى ٢٠١٧ توڕەییان تەقی و، خۆپێشاندانێکى جەماوەرى گشتگیرییان ئەنجام دا، بە بەراورد لەگەڵ خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانى پێشوو جیاوای هەبوو، تەنانەت لەگەڵ خۆپێشاندانەکانى ٢٠٠٩ ـشدا جیاواز بوو.

ئیحسان تەبریزی، توێژەری پسپۆر لە کاروبارى ئێران دەڵێت "خۆپێشاندانەکەى ٢٠١٧ سەرکردەى نەبووە و، هیچ داوایەکى سیاسیشی نەبوون، بەڵام پەیامێکى سیاسی بەهێزی هەبوو، کەئەویش ڕەتکردنەوەى هەموو شێوازەکانى کۆمارى ئیسلامی بووەو، چەندین دروشمی ڕادیکاڵێش وەک (مەرگ بۆ خامنەیی) بەبێ دوودڵى بەرز کرانەوە". خۆپێشاندەرانەکانى دوو ساڵى ڕابردوو زۆربەیان لەتوێژى گەنجان بوون، ڕقێکی گەورەیان لەدامەزراوەى پیاوانى ئایینى شیعەکان هەڵسابوو و، دروشمى "خەڵک هەژارە، بەڵام مەلاکان وەک خودا دەژێن"ـیان بەرز کردبوویەوە.

تەنانەت قوتابخانە ئایینییەکانى حکومەت بێبەش نەبووە لە هێرشەکان و، نزیکەى ٦٠ نووسینگەى ئیمامەکانى هەینى لەئ ێراندا سووتێنران و تێکدران. ئەوەى جێی سەرەنجی دروشمەکان بوون داواى گەڕانەوەى (سەردەمی شاه) یان دەکرد، وەک ئومێدێک بۆ ئەو قۆناغەى ئێران تێدا دەژیا لەئازادی و کرانەوە، هەرچەندیش هەژاری بڵاو ببوونەوە لەو سەردەمە.

بەڵام درووشمەکان وەک ڕق و توڕەکردنى ڕژێمى ئێرانى دەسەڵاتدار بوون، کە وڵاتیان نقوومى گەندەڵى و هەژارى کردووەو، خۆشیان لەپشت دیوارەکان بەخۆشى و ئاسوودەیی دەژێن. گەورەترین دیاردەى توڕەیی و دروشمەکانی خۆپێشاندەران لە هەردوو شارى مەشهد و قومی پیاوانی ئایینى بوون، بەجۆرێک لەشارى مەشهد "خەڵک هاواریان دەکرد بەوەى نەبوونى شاه واتا نەبوونى ڕژێمە"، ئەوانەى شارى قومیش داواى گەڕانەوەى شاه یان دەکردو، لەئەسفهانیش هەمان دروشم بەرز دەکرانەوە.

ئەوەى ببووە هۆى تەقینەوەى توڕەیی خەڵکەکە سەرکووتکردنەکانى چل ساڵى ڕابردوو نەبوون، بەڵکو بەهۆى خەرجکردنى پارەى هاوڵاتیان بووە بۆ میلیشیاکانى عێراق، یەمەن، لوبنان و سووریا، ئەوەى زیاتر گەنجانی توڕەتر کرد " ئازاد کردنى ئەو پارانەى تاران بوون لەدواى ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥ بوو، کەهیچ کەسێک لەناوخۆى کۆمارى ئیسلامی سوودی لێوەرنەگرن، بەڵکو دووبارە ئاراستەى گیرفانى میلیشیانى گرتەوە".

ئەو پارانەش هەمووی لەژێر دەسەڵاتى سوپاى پاسداران بووەو، پیاوانى ڕیزی یەکەمى دەسەڵاتى ڕژێمیش لەخۆشترین ژیان بەبەراورد لەگەڵ زۆرینەى هەژارى دەژێن، کەنەتوانراوە ڕێژەکەى کەمبکرێتەوە.

 

هێورى پێش زریان:

هێورى پێش زریان

خۆپێشاندانەکانی کۆتایی ٢٠١٧ دەستی پێ کرد تا سەرەتاى ٢٠١٨ درێژەى کێشاو زۆربەى شارەکانى ئێرانى گرتەوە، بەڵام لەسەرەتاى ساڵى ڕابردوو تاڕادەیەک کەم بوویەوە پسپۆڕان سوورن لەوەى " پاشەکشێ کردنى خۆپێشاندانەکان بەهۆى سەرکەوتنى ڕژێم لەسەرکووتکردنى دەرناکەوێت"، هیما بەوە دەکەن " شۆڕشەکەى دژى شاه لەساڵى ١٩٧٧ دەستی پێکردو لەساڵى ١٩٧٨ پەرەى سەندو ناکۆکیی و ناڕەزاییەکان لەنێوان ئاب بۆ کانوونى یەکەمى ١٩٧٨ درێژەى کێشا، بەڵام شاه لەرۆژى ١٦ کانوونى دووەمى ١٩٧٩ وڵاتى بەی ەکجاری بە جێ هێشت و، خۆمەینى لە مانگی شوباتى هەمان ساڵ کۆمارى ئیسلامی ڕاگەیاند".

بەڵام لەساڵى ڕابردوو ئێران بەرزترین ئەنجامدانى خۆپێشاندانى بەخۆیەوە بینی، ئەمەش وایکرد پەرلەمانتارێکى ئەو وڵاتە هۆشدارى لەسەر ڕەوشى وڵاتەکەى ڕابگەیەنێت بەوەى " ڕژێم ڕووبەرووى هەمان ئیفلیج بوونى ڕووداوەکانى یەکێتى سۆڤییەت ببینێت".

ئیلان ئی برمان، پسپۆڕ لەئەنجومەنى ئەمریکا بۆ سیاسەتى دەرەوە ئەوەى ڕاگەیاندووە " خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانى ئێران، بەڵگەیەکە بۆ بەردەوامبوونێکى هێمنە دژى شۆڕشی ئیسلامی، کەتوانیویەتى داواکارییەکانى بۆ بزوتنەوەیەکى شەرعی دژى ڕژێمى ئایینى بگوازێتەوە".

هێماشی بەوە کردووە "سەرەڕاى بایکۆتکردنى میدیاکان لەرووماڵکردنى ئەو جموجۆڵە جەماوەرییە، بەڵام شوێن پێی خۆیان بەهێزتر کردووە". داواکاریی خۆپێشاندەرانیش سەداى زۆر بەهێزە، کەهەمووی لەچوارچێوەى "ئاڵۆزبوونى ڕەوشى ئابوورى وڵاتدا چڕ بوونەتەوە".

پێنوێنى هەڵاوسان بەردەوام لەروو لەبەرزبوونەوەیە، بەجۆرێک لەسەر ئاستى ساڵانە گەیشتۆتە سەدا ٤٠، لەلایەن خۆیشیەوە بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە دانى بەوە ناوە قەبارەى هەڵاوسان لەماوەى دوو ساڵى ڕابردوو بۆ سەرووى سەدا ٥٠ بەرز بووەتەوە، بۆچوونەکەشی لەوە چڕ کردەوە "ڕەوشى ناوخۆیی زۆر لەوە خراپترە دەسەڵاتداران دانى پێوە بنێن".

ئەو قەیرانەش باڵى بەسەر ئەجێنداکانى تاران لەناوچەکە کێشاوە، پسپۆڕان هیما بەوە دەکەن " بەبەراورد لەگەڵ ئەو گەشەسەندنەى لەساڵانى ڕابردوو بەخۆیەوە بینی، بەتایبەت لەدواى داگیر کردنى خاکی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣ ـەوەو، کاردانەوەکانى بەسەر وڵات و ناوچەکە بەگشتى، ئێستا ڕووبەرووى پاشەکشێ کردن بووەتەوە".

جەخت لەوەش دەکەن "دواى ڕووداوەکانى بەغداو سەرهەڵدانى بەهارى عەرەبی، ئێران ڕۆڵى هەبووە لەو بەرهەمانە بەتایبەت لە سووریاو یەمەن، جگە لەرۆڵە گرنگەکانى لەلوبنان و ناوچە جیاوازەکانى جیهان".

پێشبینى ئەوەش دەکرێت لە ناوەڕاستى ٢٠١٩ داهاتە نەوتیەکانى ئێران بەئاستى نیوە پاشەکشێ بکات، ئەو پرسەش کاریگەرى لەسەر ڕەوشى ناوخۆیی دەبێتەوەو، وەستانێکیش بەسیاسەتى دەرەکی ڕژێم دەدات، کەبەهۆى کشانەوەى ئەمریکا لەرێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى تاران و شەش هێزە جیهانیەکان، کە تەمموزی ٢٠١٥ واژۆ کرا.

ژان ـ فرانسوا سیزنک، مامۆستای یاریدەدەرى کۆلێژى توێژینەوەى نێودەوڵەتى پێشکەوتوو لەزانکۆى جۆنز هۆبکێنز دەڵێت "خواستەکانى ئێران لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست بریتیە لەپارەدار کردنى میلیشیاکانى عێراق، حزبوڵلای لوبنان و، پاڵپشتى کردنى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد لەسووریاو، هاریکارى کردنى حوسییەکانى یەمەن، لەهەمان کاتیشدا تاران پشت بەپڕچەک کردنى لقە جیاوازە سەربازیی و ئەمنییەکانى خۆی دەکات".

هەموو ئەو هەوڵانەش دەیان ملیار تێچووى بۆ تاران دروستکردووە، بەڵام داهاتى ئەو وڵاتە کەپشتى تەواو بەداهاتەکانى نەوت و غاز دەبەستێت، بەردەوام ڕوو لەکەمبوونەوەیە، بەجۆرێک سزاکانى واشنتۆن قەبارەى هەناردەکردنى نەوتى ئەو وڵاتەى بۆ سنوورى یەک ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا کەمکردۆتەوە، ئەوەش دەردەکەوێت کە " کۆمارى ئیسلامی بەلایەنى کەمەوە ٣٢ ملیار دۆلاری داهاتى لەدەستداوە".

سیزنک لەراپۆرتێکدا نووسیویەتى " تاران کە بەردەوام شانازی بەوە دەکات گەورەترین یەدەگى غازی سروشتى لەجیهاندا هەیە، دەستەمۆ لەدابینکردنى داواکارییەکانى بازاڕى ناوخۆیی وەستاوە". هۆکارەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە ئەو وڵاتە " نەبوونى تەکنەلۆژیاو وەبەرهێنانى بیانى لەپەرەپێدانى ئەو کەرتە، جگە لەوانەش هەوڵە بەردەوامەکانى ئێران بۆ فراوانبوون لەناوچەکە کاریگەرى لەسەر ئابوورییەکەى کردووە".

هاوشێوەى ئەو مامۆستاى زانکۆى جۆنز هۆبکێنز، کەریم باکراڤان، مامۆستاى هاوبەشى بەشی ئابوورى زانکۆى دی پۆڵ، لەتوێژینەوەیەکى ناوەندی کارینگی بۆ توێژینەوە ئاماژە بەوە " ئاخۆ ئێران کەرستەى فراوانبوونى لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەبەردەستە؟، ئەگەریش دابەزینێکى بەرچاویش لەقەبارەى داهاتە نەوتیەکانى بەدی بێت؟".

لەو بارەیەوەش دەڵێت "تاران کەرستەى ئابوورى پێویستى لەبەردەست نەبووە، بۆ ئەوەى هاریکارییەکانى بۆ ڕژێمى ئەسەدو حزبوڵا پارەدار بکات، کەهەردووکیان سەرچاوەى سەرەکیی پاڵپشتییەکانى تارانە". لەسەرئاستى ناوخۆییش ئەو پاڵپشتیەی تاران پێشکەشی لایەنە دەرەکییەکان دەکات، لەناوخۆدا هیچ ڕەزامەندییەکى نیەو، بەجۆرێک ئەسەدو حزبوڵا دوو هۆکارى سەرەکیی ستراتیژییە هەرێمایەتیەکانى چەکی ڕژێمى ئێرانە، لەسەرووبەندی کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەسووریا، ڕەنگە تاران لەچوارچێوەى فراوانبوونى پێگەى جوگرافی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، بەڵام ئەو پرۆسەیە بەخۆڕایی نیە، بەڵکو تێچوویەکى بەرزتر لەخەزێنەى تاران دەردەهێنێت و بەشێوەیەکى قۆناغیش دەستکەوتەکانى کەمتر دەبێتەوەو، ئاڵۆزی زیاتر بۆ ئابوورى ناوخۆیی دروست دەکات.

دانیشتووانى کۆمارى ئیسلامی ئێستا لەسنوورى ٨٠ ملیۆن کەسە، بەردەوام ڕێژەى هەژارى بەشێوەیەکى مەترسیدار پەرە دەستێنێت، لەئاستى خاڵى تەقینەوە نزیکبووەتەوە، بەجۆرێک مەترسیی هەیە ئەو پرۆسەیە بگاتە ئاستى سەراوژێر کردنى ڕژێمەکە.

 

گۆڕانکاریی کۆمەڵگەیی:

گۆڕانکاریی کۆمەڵگەیی

هەر وەک چۆن خۆپێشاندارە ئێرانییەکان بەربەستى ترسیان لەپۆلیسى شاه و هێزە ئەمنییەکان شکا، ئێستاش هەمان قۆناغ و بازنەى مێژوویی لەسەردەمى کۆمارى ئیسلامی دووبارە دەبێتەوە، بەتایبەت ئەو گەنجانەى لەژێر سێبەرى ڕژێمى ئیسلامی لەدایک بوونە، دەستیان بەشکاندنی ترس لەهێزەکانى بەسیج و سوپای پاسداران و سەرجەم هێزە ئەمنییە سەرکووتکاران کردووە.

لەپاڵ ئەو خۆپێشاندانەش دەکرێت " تێبینى تێروانینێکى یاخی بوونێکى کۆمەڵایەتى ڕوون بکرێت"، بەجۆرێک بەشێک لەکچەکانى ئێران لەچەکانیان بەشێوەیەکى نیمچە کراوە لەسەر دەکەن، کەقژەکانیان لەزۆر لاوە دەردەکەوێت، هەندێکیان بەئەنقەست کاریان لەسەر ئەوە کردووە " لەچەکەکانیان لەکاتى هاتۆچۆکردنیان بکەوێتە سەرشانیان بەبێ چاککردنەوە". هەموو جیهانیش وێنەى ئەو کچەى لەبەرچاوە کە لەچەکەکەى کردبووە ئاڵاو بەرزکردبوویەوەو، قژی دەردەکەوێت، کە لەسەرووبەندی خۆپێشاندانەکانى کۆتاییەکەى ٢٠١٧ ئەنجام دران.

لەو نێوەندەش فائیزە هاشمى ڕەفسەنجانی لەلێدوانە ڕۆژنامەوانییەکدا گووتی "ڕەوشەکە گۆڕاوە، خەڵک گەیشتۆتە خاڵێک هیچیان نیە بیدۆرێنن، سەرەتا هەموو کەسێک لەشتێک دەترسێت، بەڵام دووبارە بوونەوەى ئەو ڕووداوانە ئیتر کەس هەست بەترس ناکات و، بەردەوام بەهێزتر دەبنەوەو، داواى ئازادی گەورەترو زیاتر دەکات". تەنانەت لەچەند مانگی ڕابردوو کۆمەڵێک کوڕو نەوەى دامەزرێنەرانى شۆڕشی ئیسلامی بەشێوەیەکى زیاترو بەرچاو ڕەخنەیان لەڕەوشى وڵاتەکەیان گرتووەو، داواى گۆڕانکاری ڕیشەییان لەدەسەڵاتدارانى تاران کردووە.

بەشێک لەو بنەماڵانە ڕەخنەى ڕاستەوخۆیان لەرێبەرى باڵاى وڵاتەکەیان گرتووەو، بەتومەتبارى سەرەکیی ئاڵۆزبوونى ڕەوشەکە دەبینی.

ئەو گۆڕانکارییەش لەهەڵوێستى ئەو کەسایەتیانە بەهۆى بێئومێدبوونى کۆمەڵگەى ئێرانە لەتێپەراندنى ڕەوشە ئالۆزەکەیان.