دەزگاى قەزایی کۆمارى ئاخوندى، سکاڵاى دژى نیلوفەر حامدى و ئیلاهە محەمەدى دوو ڕۆژنامەنووسى ئێرانى تۆمار کردووە کە یەکەمیان مەرگى ژینا ئەمینى لە نەخۆشخانەکە و دووەمیشیان مەراسیمى بەخاکسپاردنەکەى بڵاو کردبووەوە.
مەسعود ستایشى وتەبێژى دەسەڵاتى قەزایی کۆمارى ئاخوندى گوتى کە ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە "بە هاوکارى لەگەڵ دەوڵەتى دوژمنى ئەمریکا و کۆبوونەوە و هەنگاونان دژ بە ئاسایشتى نیشتمانىو چالاکى دژى نیزام" تۆمەتبار کراون.
بە پێى ئەم ڕاپۆرتە، کەیسی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە نێردراوە بۆ لقى ١٥ى دادگاى ئینقیلاب وو سەرۆکایەتى ئەم لقەش ئەبوولقاسم سەڵواتییە کە یەکێکە لە دادوەرە جەلادەکان و بە هۆى پێشێلکردنى مافى مرۆڤ لە لایەن ئەمریکا و یەکیەتى ئەوروپا گەمارۆى خراوەتە سەر.
نیلوفەر حامدى لە ڕۆژنامەى "شرق" و ئیلاهە محەمەدى لە ڕۆژنامەى "هم میهن" کار دەکەن و ماوەیەک پاش دەستپێکردنى ڕاپەرینە سەراسەرییەکان لە ئێران دەستبەسەر کران.
بەڕێوەبەرانى ڕۆژنامەکانى شەرق و هەم میهەن، لە نامەیەک بۆ بەرپرسانى کۆمارى ئاخوندى، گوتوویانە کە ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە بە ئاگادارى بەرپرسانى ڕۆژنامەکان و بە پێى یاساکانى کۆمارى ئاخوندى ڕاپۆرتیان لەسەر مەرگ و بەخاکسپاردنى ژینا ئەمینى ئەنجام داوە.