رفتن به محتوای اصلی

عەرەبستانی سعوودیە ١٦ کەس و کۆمپانیاى پەیوەست بە سوپای پاسدارانى خستە لیستی تیرۆرەوە

عەرەبستانی سعوودیە ١٦ کەس و کۆمپانیاى پەیوەست بە سوپای پاسدارانى خستە لیستی تیرۆرەوە
AvaToday caption
posted onJune 7, 2022
noدیدگاه

وەزارەتی ناوخۆی شانشینی عەرەبستانی سعوودیە، لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە ١٣ کەس و ٣ ناوەندى پەیوەندیدار بە گرووپە تیرۆریستییە جۆراوجۆرەکان، کە سەر بە سوپای پاسدارانن، خستییە نێو لیستى تیرۆرەوە.

 

بەپێی بەیاننامەکەى وەزارەتى ناوخۆی سعوودیە، ناوى ئەو کەس و لایەنانە، لەلایەن ئەندامانی ناوەندی دارایی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کۆ کراونەتەوە، کە ئەندامانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو و ئەمریکاشى تێدایە.

لە کەسە گەمارۆخراوەسەرەکان، شەش کەسیان تایبەتن بە پشتیوانیکردنى گرووپە تیرۆریستییەکانى بۆکۆحەرام لە نەیجیریا و سەرایا ئەلعەشتار و سەرایە موختار کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە بەحرەین سپۆنسەر دەکرێن. هەروەها هاووڵاتییەکی لوبنانی و دوو هاووڵاتیی ئێرانیش لە هەمان لیستن، چونکە تۆمەتى پەیوەندییان لەگەڵ سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران لەسەر ساغ بووەتەوە. هەروەها دوو هاووڵاتی دیکەی سووریاشى لەخۆ گرتووە کە یارمەتی و هاوکاریی داعش و سوپای پاسدارانیان کردووە.

واتە بە گشتى عەرەبستان ئەمانەى خستووەتە نێو لیستى تیرۆرەوە: ٣ کەسی سەر بە سوپای پاسداران، ٤ کەس و کۆمپانیایەکی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، ٦ وەبەرهێنەری سەر بە گرووپی تیرۆریستی بۆکۆ حەرام و دوو گرووپی تیرۆریستی سەرایە ئەل- عەشتار و سەرایە موختار.

ناوى کەسەکانیش بەم شێوەیەیە:

١. عەلی قوسەیر، هاوڵاتی لوبنان

٢. میقداد ئەمینی هاووڵاتیی ئێران

٣. مۆرتێزا مینا هاشمی، هاووڵاتیی ئێران

(ئەم سێ کەسە پەیوەندییان بە هێزی قودسی سوپای پاسدارانی تیرۆریستەوە هەبووە)

٤. عیسمەتوڵا خولوزی، هاووڵاتیی ئەفغانستان (پەیوەندیی لەگەڵ گرووپى تیرۆریستى خوراسانی داعشەوە هەبووە)

٥. عەلا خانفوورە، هاوڵاتیی سوری (پەیوەندیی بە داعشەوە هەبووە)

٦. عەبدولڕەحمان ئەدۆ موسا، هاووڵاتیی نەیجیریا

٧. ساڵح یوسف ئادامۆ، هاووڵاتیی نەیجیریا

٨. بەشیر عەلی یوسف، هاووڵاتیی نەیجیریا

٩. محەممەد ئیبراهیم عیسا، هاووڵاتیی نەیجیریا

١٠. ئیبراهیم عەلی حەسەن، هاووڵاتیی نەیجیریا

١١. سورەجوا ئەبوبەکر محەمەد، هاووڵاتیی نەیجیریا

١٢. بۆ ئەلقەتەرجی، هاووڵاتیی سوریا

١٣. حوسام بن روشدی قه‌ته‌رجی، هاووڵاتیی سووریا

 

سێ ناوەندەکەش بریتین لە:

یەکەم: کۆمپانیاى القاطرجی کە ئاسانکاریی بۆ گوسانەوەى بازرگانی سووتەمەنی کردووە بۆ گرووپی تیرۆریستی داعش و هاوکاری سوپای پاسداران و میلیشیاکانى کردووە.

دووەم: میلیشیای سەرایەی ئەشتەر و سەرەیا الموختار

ئەم دوو گرووپە تیرۆریستییە کە لە شانشینی بەحرەین بنکەیان هەیە، کە بە "سکوادەکانی ئەشتەر" و "سکوادەکانی ئەلموختار" ناسراون، بە پشتیوانیی تاران و وەرگرتنی پاڵپشتی دارایی، سەربازی و لۆجستی لە سوپاى قودس، کردەوەی تیرۆریستییان ئەنجام داوە.