رفتن به محتوای اصلی

شۆڕشى نان.. حکومەتى هەژاران و مۆتەکەى شۆڕشى برسییەکان*

شۆڕشى نان.. حکومەتى هەژاران و مۆتەکەى شۆڕشى برسییەکان*
AvaToday caption
posted onMay 9, 2022
noدیدگاه

کۆمارى ئیسلامى لە سێبەرى سەرۆکایەتى دیکتاتۆر عەلى خامنەیی، پاش سەرکوتى هێزە سیاسییە دژبەرەکان و پەراوێزخستنى حزبە ڕەخنەگرەکان و بە دروستکردنى دەوڵەت و پەرلەمانێکى هاوتراز لەگەڵ نیزام، ئیتر وایزانى لە مەترسییەکانى هەڵچوون و ڕاپەڕین و ناڕەزایەتى خەڵکى تێپەڕیوە، بەڵام لەم ساڵانەى دوایی ترس و تۆقین لە شۆڕشى برسییەکان بووەتە گەورەترین مۆتەکە و دڵەڕاوکێى بەرپرسانى کۆمارىى ئیسلامى و بنەماڵەکانیان لە ناوەندە سیاسى و نیزامى و ئەمنییەکان.

 

٦ى بانەمەڕ و لەسەر داواى وەزارەتى کشتوکاڵ و بە پشتڕاستکردنەوەى سازمانى پشتیوانیکردن لە بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەران، بەهاى ئارد دیارى و پیشەکە ئازاد کرا و بەمەش بەهاى ئارد ٥ هێندە زیادى کرد، واتە لە ٢٥٠٠ تمەنەوە گەیشتە ١٢٠٠٠ تمەن بۆ هەر کیلۆیەی. هەڵبەتە هەمان ڕۆژ محەمەد ڕەزا مورتەزەوی سەرۆکى ئەنجومەنى بەرهەمهێنەرانى ئارد گوتی: ١٠ ڕۆژ پێشتر بە کارگەکان گوتراوە بەهاى ئارد بۆ بەرهەمهێنانى ماکارۆنى و کێک و کلووچە و نیشاستە و هەڕشتە، بووەتە پێنج هێندە.

١٥ى بانەمەڕ شوراى بەسیجى خوێندکارى، بە بڵاوکردنەوەى بەیاننامەیەک ڕوو لە ئیبراهیم ڕەئیسى سەرۆکوەزیرانى کۆمارى ئیسلامى، هۆشدارییان لەمەڕ نائارامییە کۆمەڵایەتییەکانى نێو ئێران دا. بەیاننامەى بەسیجى خوێندکارى بەم ڕستە هۆشداردەرە دەستى پێ کردبوو: "لە بڕیاری شۆکهێنەری ئابوورى و ناڕازیکەرى خەڵکى خۆتان ببوێرن!". لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: "زۆر بەڕوونى و بە دیاریکراوى ئەم ڕستەیە (ئەمە ئەرکى یاساییە کە لە بودجە نووسراوە) وەڵامێکى ڕازیکەر نییە بۆ خەڵکى بە گشتى و ڕێک وەک پاساوێک لە ئاستى ئەدەبیاتى بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى دادەنرێت". لە کۆتاییدا بە زمانێکى هۆشدارئامێز گوترابوو: "بەسیجى خوێندکارى وەک چاوى هۆشیارى خەڵک پشتبەستوو بە تۆڕە بەربڵاوەکەى خۆى لە ئێران پێتان ڕادەگەیێنێت کە کۆمەڵگە ئامادەیی تەواوى بۆ ئەم ئاستە لە فشارى بەرزبوونەوەى یەکهۆی بەهاکان و بەم ئاستە گەورە هەڕەمەکییە، نییە".

ئەگەرچى نووسەرانى بەیاننامەکە هەموو خەتاکەیان خستبووە گەردەنى "هەشت ساڵ کەمکارى دەوڵەتى پێشوو"، بەڵام لە درێژەى بەیاننامەکە باس لەوە کرابوو کە: "نە ڕەفتارى پۆلیسى و دیاریکردنى بەهاکان لە لایەن میرییەوە دەگاتە شوێنێک و نە شاردنەوە و سەرنجدان بە ڕازیبوونى خەڵکى چارەسازە".

ئەگەر چى وتەبێژى دەوڵەت لە گفتوگۆ لەگەڵ کەناڵى خەبەر گوتى: "بەهای نان تا کۆتایی ساڵ ناگۆڕێت و سەرکۆمار ڕێگە بە گرانبوونى نان نادات"، بەڵام ئیبراهیم سیامى بەڕێوەبەرى گشتى ئایندەپەژوو، مۆدێلسازى و بەڕێوەبەرى زانیارى ئابوورى وەزارەتى ئابوورى کۆمارى ئیسلامى، ١٤ى بانەمەڕ باسى پشکى نان و فرۆشتنى نانى بە کۆدى میللى کردبوو و هاوکاتیش سەید جەواد ساداتى نژاد وەزیرى کشتوکاڵ، گرانى ئاردى پەیوەست کردبوو بە هێرشى ڕوسیە بۆ ئۆکراین، گوتبووى: "ئەم ڕووداوە بووەتە هۆى ئەوەى کە وڵات تووشى قەیران ببێتەوە لە ئەمنیەتى خۆراک. لە هەندێک وڵات ئیتر خۆراک بە پشک دەدرێت".

جەلیل ڕەحیمى جیهان ئابادى ئەندامى کۆمسیۆنى ئاسایشى نیشتمانى، لە تویتێک ئەم کارەى بە "هەڵەى گەورە و باو"ى بەڕێوەبەرانى دەوڵەت ناو برد و نووسى: "ئەگەر بڕیار بێتو تێچووى خەڵکى هاوشێوەى قیمەتى جیهانى بێت، ئەوا دەبێت داهاتەکەشیان لە ئاستى دونیا و بە دۆلار بێت نەوەک ڕیاڵى بێبەها و هیچ. با سەبرى خەڵکى تاقى نەکەینەوە، چونکە ئاستى تەحەمولکردنى خەڵکى چەندین ساڵە گەیشتووەتە نزمترین ئاستى خۆى".

لە لایەکى ترەوە بەشێک لە ڕیفۆرمخوازەکان ڕەخنەیان لە گرانى گرت. محەمەد تەقى فازڵ ئەندامى کۆمەڵەى توێژەران و مامۆستایانى حەوزەى علمیەى قووم نووسى: "بەڕێز ڕەئیسى! تا نها هیچ دەوڵەتێک لەم وڵاتە لە ساڵانى دەستپێکى دەسەڵاتدارییەکەى نانى خەڵکى بەم خێراییە گران نەکردووە. بنەماییترین خۆراکى خەڵکى نان و گۆشت و برنجە. ئەگەر ئابوورى وڵات باشتر نەبێت و گرانییەکان کۆنتڕۆڵ نەکرێت، ئینقیلاب ڕوونادات، بەڵکو دەبێت چاوەڕوانى شۆڕشى برسییەکان بین، شۆڕش لە ئینقیلاب مەترسیدارترە".

هەواڵدەرى سەر بە دەوڵەتیش بە چەندین ڕاپۆرت، زیادبوونى بەهاکانى بە "کردەیەکى ئابوورى بوێرانە" ناوبرد. ڕۆژنامەى کەیهان کە حوسەین شەریعەتمەدارى بەڕێوەى دەبات و نوێنەرى خامنەیی لە کەیهانە، ڕاپۆرتێکى بە ناوى "ڕەخنەى چالاکانى ئابوورى لە زیادبوونى لەناکاوى بەهاى ئارد" ڕەخنەى لە دەوڵەت گرت.

بەکرێگیراوە ئەمنیى و نیزامى و ئینتزامییەکانى کۆمارى ئیسلامى لە دەیەى ٩٠ چەندین جار ڕووبەڕووى ناڕەزایەتى برسییەکان و تینووەکانى ئێران بوونە و بە تەقەى ڕاستەوخۆ و ئەشکەندە و ئیعدام چارەسەریان کرد. ناڕەزایەتییە گەورەکانى وەک بەفرانبارى ١٣٩٦ و گەڵاڕێزانى ١٣٩٨ و دەیان کۆبوونەوە و خۆپێشاندانى دواى ئەوەش لەبەر هۆکارى ئابوورى گرنگییەکى زۆریان هەیە، گەمارۆکان و گەندەڵى لە ئابوورى کۆمارى ئیسلامى، هۆکارى زۆربەى بەدبەختییەکانى نێو ژیانى ئاساییى خەڵکە، شڕۆڤەکاران لەو بڕوایەدان کە لە درێژەى گەندەڵى و گەمارۆکان، هەژارى دەبێتە بەشێک لە ژیانى هەرەزۆرى خەڵک.

نیزام دەزانێت کە دەرەنجامى ئەم هەژارییە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ زیادبووە، ناڕەزایەتیگەلى جیاواز لە ناڕەزایەتییە سیاسییەکانى دەیەى ٧٠ و ٨٠ى هەتاوییە. شۆڕشى برسییەکان کە بە دواى مافى ژیانەوەن بەراورد ناکرێت لەگەڵ ناڕەزایەتییە سیاسییەکان، بەڵام لە ژوورەکانى فکرى ڕێکخراوە ئەمنییەکانى کۆمارى ئیسلامى لەبرى چارەسەر بۆ لەنێوبردنى ناڕەزایەتییەکان بە دواى تاوانبارکردنى دەوڵەت و چۆنیەتى زیادکردنى سەرکوتن.

وەزیرى کشتوکاڵ لە کاتێکدا بانگەشەى کاریگەرییەکانى شەڕى ئۆکراین و ڕوسیە لەسەر ئاسایشى خۆراک دەکات کە زیادبوونى بەهاکان بۆ دوو مانگى پێش ئێستا و کاتى دەستپێکى شەڕەکە ناگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەش سەرۆکى بەشى ڕۆژهەڵاتى ناڤین و ئاسیاى ناوەندیی سەندووقى نێونەتەوەیی درا، حەوتووى پێشوو گوتى کە شەڕى ئۆکراین کاریگەری لەسەر دابینکردنى مادەى خۆراکى وڵاتگەلێکى وەک ئێران و عێراق نییە.

ئیبراهیم ڕەئیسى لە سەرتاى هاتنەسەر کارییەوە بەڵێنى کەمکردنەوەى بەهاى هەڵاوسان و جێگیرى دۆخى بازاڕى دا، بەڵام ئامارە فەرمییەکان و ڕاپۆرتە مەدیانییەکان پێچەوانەى ئەم بەڵێنە نیشان دەدەن و باسى زیادبوونى گرانى و بێکارى دەکەن. بە پێى نوێترین ڕاپۆرتى ناوەندى ئامارى ئێران، بەهاى هەڵاوسان لە مادە خۆراکى و خواردەمەونییەکان لە نەورۆزى ئەمساڵەوە لە چاو ساڵى ڕابردوو ٤٣% زیادى کردووە. ئامارە بڵاوبووەوەکان باسى گرانبوونى ١٣٠%ى برند و ١٢٠%ى پاقلەمەنییەکان دەکات و زیادروبونى بەهاکانى دیکەى بەرهەمە خۆراکییەکانیش زۆر زیاترن لە ئامارە فەرمییەکان.

هۆشدارییەکانى زیادبوونى بەهاى نان تەنانەت ئەگەرى ڕوودانى شۆڕشى دەیەى ٢٠ى هێناوەتە بەر باس. نەبوونییەکى مەرگبار بووە هۆى ئەوەى خەڵکى تاران ١٧ى سەرماوەز بچنە نێو پەرلەمانى ئێران و نوێنەرەکان بکوتن و گرووپێکى دیکەیش هێرشیان کردە نێو ماڵى سەرۆکوەزیرانى ئەوکاتەوە و ماڵەکەیان تاڵان کرد تا ئەوە بوو دەسەڵات فەرمانى تەقەى لە خۆپێشاندەران دا.

 ڕوانگەى کۆمارى ئیسلامى لە ٤٣ ساڵى ڕابردوو، جێبەجێکردنى سیاسەتى "النصر بالرعب" بووە. سوپاى پاسداران و لەقە سەربازی و ئەمنییەکانى دیکە بە پێنانى "هەڕەشەى نێوخۆیی" گەشەیان کرد تا ئامادەى هەر جۆرە سەرکوتبێک بن و ئێستا ڕژێم کە بە درووشمى "پشتیوانى لە هەژاران هاتە سەر کار، تا ئێستا لەگەڵ مۆتەکەى شۆڕشى برسییەکان ڕووبەڕوویە".

وەرزنامەى "بەڕێوەبەرى قەیران و دۆخەیلى تەنگەتاوێ ـ فصلنامه مدیریت بحران و وضعیت‌های اضطراری"، ١ى سەرماوەزى ١٤٠٠، لێکۆڵینەوەیەکى ٤٢ لاپەڕەیی بە ناوونیشانى ،تاکتیکەکانى ڕکەبەر لە فۆرموولەکردنى گێرەشێوێنییە شارییەکان"، موتاڵایەکى لەمەڕ ڕاپەڕینەکەى گەڵاڕێزانى ٩٨ بڵاو کردەوە. خاوەنى ئیمتیازى ئەم وەرزنامەیەى زانکۆى ئیمام حوسەینى سوپا و نووسەرى لێکۆڵینەوەکە حامید سەعیدى ئەبوئیسحاقى سەرهەنگى سوپایە. لێکۆڵینەوەکە لەسەر بنەماى گفتوگۆ لەگەڵ ٣١ کەس لە فەرماندە و بەرپرسانى تیپە ئەمنییەکان و ئیتلاعاتى سوپا و بەسیج و قەرارگاى سارووڵا ئەنجام دراوە. ئەم بابەتە لە ماڵپەڕى وەرزنامەکە لابرا.

لە لێکۆڵینەوەکە هاتووە کە ناڕەزایەتییەکانى گەڵاڕێزانى ٩٨ لەبەر هۆکارى ئابوورى دەستى پێ کرد، بەڵام هۆکارى دیکەی سەرووتر لە کێشە ئابوورییەکان، درێژەپێدەرى بوو. تیایدا هاتبوو کە ناڕەزایەتییەکانى ٩٨، بە پێچەوانەى ساڵانى ١٣٧٨ و ١٣٨٨، بەربڵاوتر و بەرینتر بوو و ماهیەتى دژە حکومەتى بە خۆیەوە گرت.

ڕادیۆ فەرداش ١٣ى بەفرانبار لە ڕاپۆرتێکى تایبەت نووسى کە بەڵگەیەکى "زۆر نهێنى" تایبەت بە کۆبوونەوەى "کارگرووپی پێشگرتن لە قەیرانە ئەمنییەکانى ژیان"ى دەست کەوتووە کە یەکێک لە ئامادەبووان بە ناوى محەمەدى لە جێگرى کۆمەڵایەتى ئیتلاعاتى سوپا دەڵێت: دۆخى کۆمەڵگە لە حاڵى تەقینەوەی ژێرپێستییە" و "ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان ٣٠٠% زیادیان کردووە" و "ناڕەزایەتییەکان سەرنجى خستووەتە سەر "هەڵاوسان، مووچە نەدراوەکان، شێواوە کۆمەڵایەتییەکان و ئاو".

ڕادیۆ فەردا باسى لەوە کردووە کە ئەم بەڵگەیە دەقێکى ٧ لاپەڕەیی کۆبوونەوەیەکى ٣٠ى گەڵاڕێولتلا ١٤٠٠لا قەرارگاى ساروڵا کە تیایدا نوێنەرانى دادوەرى تاران، ئیتلاعات، پۆلیس و ناجا، ئیتلاعاتى ئابوورى بەسیج، سوپاى سەیدولشوهەدا، سوپاى حەزرەتى ڕەسوڵ، بەسیجى ئیسناف و ڕێکخراوى ئیتلاعاتى سوپا تیایدا ئامادە بوونە. قەرارگاى ساروڵا سەرەکیترین ناوەندى بەرپرس لە سەرکوتەکانى نێو ئێارنە.

کۆمارى ئیسلامى لە سەرەتاى دەیەى ٧٠، لە شارگەلێکى وەک مەشهەد و ئیسلامشەهر، ڕووبەڕووى ناڕەزایەتییەکى ئابوورى سنووردرا بووەوە، بەڵام لە دەسەى ٩٠ بە هۆى هاتنى نیزامییەکان بۆ نێو سیاسەت و ئابوورى، خوولێکى نوێى لە ژیانى نیزام و خەڵکى ئێران هێنایە کایەوە. گەڵاڕێزانى ٩٨ خوێناویترین خۆپێشاندانى خەڵکى بوو کە لە مێژووى چەند سەد ساڵەى ئێران بێ وێنە بووە. بە پێى ڕاپۆرتى گاردیەن، هێزە ئەمنییەکان تەنیا لە چەند ڕۆژدا نزیکەى ١٥٠٠ کەسیان کوشت و چەند هەزار کەسیان بریندار کرد و بە هەزاران کەسیشیان گرت کە چارەنووسیان دیار نییە.

عەلى خامنەیی تا ئێستا نە تەنیا لە خۆپێشاندانەکان لایەنى خەڵکى نەگرتووە، بەڵکو بەردەوام پشتیوانى لە سەرکوت و توندوتیژى بێ ئەملا و ئەولا کردووە. تا کاتێک کە خەڵکى بندەستى کۆمارى ئیسلامى بوون، شایەنى ناوى هەژاران و خاکەسارانى دەوڵەت بوون، بەڵام ئێستا کە ڕوویان لە دەسەڵاتدارانى ئاخوندى وەرگێڕاوە و لە هەژارى وەزاڵە هاتوون، بە مەترسى هەژمار دەکرێت و نها مەبەست و پرسى یەکەمى ڕابەرى کۆمارى ئیسلامى زۆرینەى خەڵک نییە، بەڵکو کەمینەى وەفادارگەلێکە کە وەک محەمەد باقرى قاڵیباف بەڵگەى گەندەڵییان ئاشکرا بووە.

 

 

* ڕاپۆرت: لە ماڵپەڕى زەیتوون

یەڵدا ئەمیرى