رفتن به محتوای اصلی

پیلانگێڕى ئایینیی کۆمارى ئیسلامى لە باشوورى کوردستان

پیلانگێڕى ئایینیی کۆمارى ئیسلامى لە باشوورى کوردستان
AvaToday caption
posted onFebruary 19, 2022
noدیدگاه

نووسینى: نەجمەدین ئەحمەدی

 

چەند ڕۆژ پێش، ساڵڕۆژی لە دایکبوونی خەلیفەی چوارمی موسڵمانانی سوونە مەزهەب و ئیمامی یەکەمى شیعە مەزهەب و ڕۆژی باوک/ مێرد بوو لە ئێران.

 

جیا لە شارە فارس و شیعەنشیەکان، لە پارێزگای سنەش ساڵانە ساڵڕۆژی لەدایکبوون و مەرگی ئیمامە شیعەکان قورستر و گەورەتر لە ساڵانی پێشو بەڕێوە دەبەن و سەرمایەیەکى زۆری ئەم وڵاتە لێقەوماوە لەو مەراسم و ڕێوڕەسمانە بەفیڕۆ دەدەن. میدیاکانی پارێزگای سنە و بە تایبەت ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی سنە بەناوی (شەبەکە/ کەناڵی کورد) ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لەم بابەتانەدا. ئەمە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی خەڵکی سنە موسڵمانی سووننە مەزهەبن و بە پێچەوانەوە هیچ دەسەڵاتێکیان بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی خەلیفەکانی خۆیان (خولەفای ڕاشدین) نییە و تەنانەت لە هیچ بەرنامە و کۆڕێکی دینی و مەزهەبیش ئیجازەیان نییە ناویان ببەن.

 لە تەلەفزیۆنی پارێزگایشەوە کە بە هیچ شێوەیەک ئێزن نادەن ناویان بەرن. ئەگەر کەسێ نەزانێت کە خەڵکی هەرە زۆری پارێزگای سنە و شارەکانی سونە مەزهەبن، ئەوا بە بینینى بەرنامەکانی ناوەندی دەنگ و ڕەنگی سنە سەرچیغ دەچێت و وادەزانێت خەڵکی ئێرە هەموویان شیعەن و ئەسڵەن وا دیاری نادات کە خەڵکەکەی سووننە بن.

لەم بەینەدا بێدەنگی و سەرشۆڕی مامۆستایانی ئایینیی سووننەی سنە، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی ئەم دۆخە بەلاڕێدابەرانەیە، بەتایبەت مامۆستایانی سەنتەری گەورەی ئیسلامی ڕۆژاوای ئێران (مرکز بزرگ اسلامی غرب کشور) کە وەک موچەخۆری ڕژیم هیچ کارێ بۆ پاراستنی حوورمەتی ئایینی خۆیان و کەسایەتییە گەورەکانی سووننە ناکەن. بە داخەوە کۆماری ئیسلامی توانیویەتی مامۆستایانی ئایینی کورد و سووننە بە گوشار و هەڕەشە تا ئەو ڕادەیە نزم و بێ بایەخ بکات کە لە هیچ شوێنێ دەرناکەون و لە سەر هیچ دۆخێکی ئایینى و ئابوری و سیاسی هیچ ناڵێن، مەگەر ئەوەیکە دەزگا ئەمنی و ئیتلاعاتیەیکانی ڕژیم پێیان دەستور بدەن. ئەم حاڵەتە ناخۆش و دوور لە کەرامەتی ئایینى و ئینسانییەى کە مامۆستایانی ئایینیی ڕۆژهەڵات توشی بوون بەو هۆکارەى کە ڕاوەستان و گوێنەدان بە هەڕەشەکانی کۆماری ئاخوندی مەترسیدارە، تا ڕادەیەک دەتوانێ وەک هۆکارێک چاوی لێ بکەین، بەڵام ئەوەیکە کوردی سووننەی باشوورى کوردستان لە ڕۆژی لە دایکبونی حەزرەتی عەلی لە شارى سلێمانی ڕێوڕەسمێکى گەرمی بۆ دەگرن زۆر سەیر و زۆر مەترسیدارە. لە کوردەواری و لە ناو موسڵمانی سووننەی کورد تا ئێستاکە کاری وا نەکراوە.

بێشک ئەمە کاری کۆماری ئیسلامی و نیشانەی دزەکردنیانە بۆ ناو چینی سۆفی و دەورێشەکانی باشوور کە ئەڵبەت لە زۆر ساڵی پێشەوە کاریان لەسەر دەکرێ و ئێستەش توانیویانە ئەوەندە لە ژێر چاودێری و کارتێکردن خۆیان بیانهێڵنەوە کە بە ڕاستی ببنە دەستێکی بەهێزی کۆماری ئیسلامی لە باشوورى کوردستان. جێگەی داخێکی زۆرە کە خەلیفە و دەروێشەکانی تەریقەتی قادری لەم دۆخە نالەبارەدا کە تەواوی چوار پارچەی کوردستان لە هەژاری و خوێن و بێ دەسەڵاتیدا چەقیوە، بێ ڕوانینی هەمەلایەنە و تەنیا ڕەنگە بۆ یارمەتییەکانی ئابوری کۆماری ئیسلامی خۆیان خستبێتە بەردەست و بووبنە پلانگێڕی ئەم ڕژیمە دژ بە کوردە.

موسڵمانی سۆفی و غەیرە سۆفی ئەگەر بەڕاستی بە دین و ئایین و ئایدۆلۆژیای سووننە و تەریقەی خۆیان ئیمان و باوەڕیان هەیە، ئەى بۆ بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئەو سێ خەلیفەی ڕاشدینەى کە پێش لە حەزرەتی عەلی هەبوون، کۆڕ و مەراسم ناگێڕن؟

باوەڕ ناکرێ کە موسڵمانانی باشوورى کوردستان لە مەبەستی کۆماری ئیسلامی لەم کارانە تێنەگەیشتبێ! کە تەنیا مەبەستیان لاوازکردنی کورد و لە بەینبردنی مافەکانی کوردە و دەیانەوێت بە دروستکردنى دووبەرەکى و جیاییخستن لە نێوان خوشک و برا کوردەکان و بەهێزکردنی بەکرێگیراوەکانى خۆى و عەرەبی شیعە، کورد بە تەواوەتی سەرکوت و بێبەش بکات.

بەدەر لەمەش، بەداخەوە حزبەکانى هەرێمى کوردستان لە باشوورى کوردستان، هەر دوێنێ ڕێگەیان بە هەردوو "کۆمەڵە"ى ڕۆژهەڵاتى کوردستان نەدا کە ساڵڕۆژی دامەزراندنی حزبەکەیان لە شارى سلێمانى بگێڕن. لەم ڕووداوانە تەنیا لاوازی کورد و بەهێزبوونی کۆماری سێدارە و دوژمنانی کورد نەخشێندراوە.

کورد بە هەر بیڕوباوەڕ و بە هەر ئایین و مەزهەبێکەوە بێت، زۆر هوشیارترە لەمە و پێش هەرشتێک پێویستە بیر لە دواڕۆژی گەلەکەی بکاتەوە. بەداخەوە لە باشوورى کوردستان لایەنگرییەکی زۆر هەڵە بۆ کۆماری ئیسلامی هەیە کە دواتر دوکەڵەکەی چاوی خۆیان دەگرێتەوە و ڕەنگە ئەو ڕۆژەش زۆر دێر بێت بۆ هەستانەوە و قەرەبووکردنەوە.

 

وێنەکان: عاشوورا لە سلێمانى

عاشوورا لە سلێمانى

عاشوورا لە سلێمانى ٢

عاشوورا لە سلێمانى ٣

عاشوورا لە سلێمانى ٤