رفتن به محتوای اصلی

سوپاى ئیسرائیل ناوى ئەفسەرێکى سووریى هاوکارى حیزبوڵا و سوپاى قودسى ئاشکرا کرد

سوپاى ئیسرائیل ناوى ئەفسەرێکى سووریى هاوکارى حیزبوڵا و سوپاى قودسى ئاشکرا کرد
AvaToday caption
posted onNovember 28, 2021
noدیدگاه

بەشار حوسەین فەرماندەى بەشى ئیتلاعاتی تیپى ٩٠ـە کە پێویستییەکانى شوێنە دیدەبانییەکانى حیزبوڵا و سوپاى پاسداران دابین دەکات.

 

وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەى ناو و وێنەى سەرهەنگ بەشار حوسەین، ڕایگەیاند کە ئەو کەسە یەکێکە لە ئەفسەرانى سوپاى سوریە و بەرپرسى زانیارییەکانە لە ناوچەى جۆلان و هاوکارى چالاکییە سەربازییەکانى حیزبوڵا لە فەرماندەیی باشوورە.

ئەم کارەى سوپاى ئیسرائیل لە چوارچێوەى هۆشدارى و هەڕەشەکانە لەسەر لەقاودانى ناوى ئەفسەرانى سوپاى سوریە کە بە گوتەى سوپای ئیسرائیل، لە خزمەتى کۆمارى ئیسلامیدان.

بە پێى بەیاننامەى سوپاى سوریە، سەرهەنگ بەشار حوسەین، ئەفسەرى سوپاى سوریە و فەرمانەى بەشى زانیارى لە تیپى ٩٠، وەک ڕایەڵکە و پەیوەندى نێوانە فەرماندەیی باشوورى حیزبوڵا و لەشکرى یەکەمى سوپاى سوریە کار دەکات. لەگەڵ حاجى هاشم، بەرپرسى فەرماندەى باشوورى سوریە و کوڕەکەى، جەواد هاشم، بەرپرسى ناوچەى لەشکرى حەوت لە فەرماندەیی باشوور هاوکارى نزیکى هەیە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە بەشار حوسەین بە سوودوەرگرتن لە هەڵکەوتەى کارى و بەرپرسیاریەتییەکەى کە لە فەرماندەیی زانیارى و ئیتلاعاتى سوپاى سوریەیە، خەریکى کۆکردنەوە و موتاڵاى زانیارییەکانە لە خاڵەکانى دیدەبانى و گەشتە جیاوازەکان لە ناوچەیەک کە بە پێى ڕێککەوتننامەى ١٩٧٤، بوونى کەسانى سەربازى سوریە تیایدا قەدەغەیە. هەروەها بەشێکى دیکە لە کارەکانى، دابینکردنى پێویستییە دیدەبانییەکانى حیزبوڵا و سوپاى قەودسى تیرۆریستى کۆمارى ئیسلامییە لەم ناوچەیە.

حیزبوڵا لە زۆر بواردا زانیارى لەسەر خاڵە دیدەبانییەکان کە ئەفسەرە سورییەکە دەیانخاتە بەردەست، سوودى وەرگرتووە و ئەم کەسە بە سوودوەرگرتن لە دۆخى خراپى باشوورى سوریە و ئەو کێشانەى کە ڕووبەڕووى دانیشتووەکانى ئەو ناوچەیە دەبنەوە، درێژە بە هاوکارییەکانى لەگەڵ حیزبوڵا و کۆمارى ئیسلامى دەدات.

وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل لە کۆتایی قسەکانیدا گوتى: سوپاى ئیسرائیل بە وردى بەدواداچوون و کار لەسەر هەموو ئەو شتانە دەکات کە لەو سنوورە ڕوو دەدەن و ئاگادارى چالاکى هەموو ئەو کەسانەیە کە ئەمنیەت و ئاسایشى ئیسرائیل دەخەنە مەترسییەوە و ڕژێمى دیمەشق ناچارە بەرپرسیاریەتى هەموو چالاکییەکانى خۆى لە خاکى سوریە کە دژى ئیسرائیل ئەنجام دەدرێن، بە ئەستۆوە بگرێت.