رفتن به محتوای اصلی

لە ساڵیادى کوژرانى سولەیمانى کێشە کەوتە نێوان فەرماندەى حوسییەکان و باڵیۆزى کۆمارى ئیسلامی

لە ساڵیادى کوژرانى سولەیمانى کێشە کەوتە نێوان فەرماندەى حوسییەکان و باڵیۆزى کۆمارى ئیسلامی
AvaToday caption
posted onJanuary 11, 2021
noدیدگاه

بەڕێوەچوونى مەراسیمى ساڵیادى کوژرانى قاسم سولەیمانى فەرماندەى تیرۆریستى سوپاى قودسى پاسداران لە سەنعا، هەندێک لە میلیشیا حوسییەکان بوونە هۆى گێرمەوکێشە لە نێوان فەرماندەکانیان و حەسەن ئیرلوو باڵیۆز و نێردراوى سوپاى پاسداران بۆ ئەو شارە.

 

بە گوتەى سەرچاوەیەکى یەمەنى کە قسەى بۆ ئەلعەرەبیە کردووە، کێشە و مشتومڕەکە کە بووە هۆى ئامادەنەبوونى چەندین فەرماندەى گەورە لە ساڵیادى کوژرانەکەى سولەیمانى، هێندە گەورە بوو کە گەیشتە سەر هەڕەشەکردنى نوێنەرەکەى سوپا لە چەندین فەرماندە.

قاسم سولەیمانى کە لەگەڵ ئەبوو مەهدى موهەندیس جێگرى حەشدى شەعبی و ١٤ کەسى دیکە لە ساڵى ڕابردوو لە نزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا کەوتنە بەر هێرشى مووشەکى فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانى ئەمریکا و کوژران.

سەرچاوەکەى ئەلعەرەبیە باسى لەوەش کردووە کە: "ئەم کێشە و مشتومڕانە هێندە زۆر و گەورە بوونەوە کە باڵیۆزەکەى سوپا لە یەمەن، هەڕەشەى لە مەهدى ئەلمەشاتى یەکێک لە فەرماندە گەورەکانى حوسییەکان کردووە کە چارەنووسى وەک چارەنووسى ساڵح ئەلسەماد لێ دێتەوە کە لە هێرشى هێزە هاوپەیمانەکانى پشتگرتووى دەوڵەتى یاسایی کوژرا.

جێگەى باسە کە لە چەندین مانگى ڕابردوو کێشەیەکى گەورە لە نێوان مەهدى ئەلمەشاتى سەرۆکى ئەنجوومەنى سیاسى سەر بە میلیشیا حوسییەکانى سەر بە کۆمارى ئیسلامى و حەسەن ئیرلووى باڵیۆزى سوپاى پاسداران کە ڕۆڵى حاکمى سەربازى لە سەنعا دەگێڕێت، ئاشکراتر و دیارتر بووەتەوە.

 حەسەن ئیرلوو باڵیۆز و نێردراوى سوپاى پاسداران

حەسەن ئیرلوو باڵیۆز و نێردراوى سوپاى پاسداران بۆ سەنعا

بە پێى زانیارییە میدیاییە نێوخۆییەکانى یەمەن، مەهدى ئەلمەشات ڕەخنەى لە ڕوانگەى حەسەن ئیرلو کردووە دژ بە وەبەرچاونەگرتنى ڕۆڵى ڕابەران و فەرماندە سەربازییە حوسییەکان و میلیشیاکانى دژ بەم ڕوانگەیە هەڵناوە. ئەلمەشات ڕەخنەى لە وەفادارى گرووپى حوسییەکان بۆ ئێران نییە، بەڵام پێى وایە کە پێوەبەستراوى ئاشکراى ئەوان بووەتە هۆى کەمبوونەوەى ڕێزگرتنى ئە میلیشیا سەربازییە لە نێو خەڵکى یەمەن.

سەرچاوە خۆجێیەکان باسیان لەوە کردووە کە سەرەڕاى پێداگرییەکانى ئیرلوو بۆ ئامادەبوونى مەهدى مەشات لە مەراسیمى کوژرانەکەى قاسم سولەیمانى، بەڵام ئەو لە ترسى ئەوەى کە مەبادا فڕۆکە شەڕکەرەکانى هاوپەیمانى عەرەبی بە سەرۆکایەتى عەرەبستانى سعودیە شوێنى مەراسیمەکە بکەنە ئامانج، بەشدارى نەکردووە.

سەرەڕاى نەبوونى ئەلمەشات لە مەراسیمەکە، چەندین کەسایەتى و فەرماندەى دیکەى حوسییەکان بەشدار نەبوونە لە مەراسیمى کوژرانى قاسم سولەیمانى لە سەنعا. ڕاگەیاندەکان هۆکارى ئامادەنەبوونى فەرماندە حوسییەکانیان لەم مەراسیمە بۆ ترس لە فڕۆکە شەڕکەرەکانى هاوپەیمانانى عەرەبی گەڕاندووەتەوە وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە هێرشە مووشەکییەکەى حوسییەکان بۆ فڕۆکەخانەى عەدەن.