رفتن به محتوای اصلی

هەناردەکردنی بازرگانی ئەوروپا بۆ ئێران ٥٠% کەمى کردووە

هەناردەکردنی بازرگانی ئەوروپا بۆ ئێران ٥٠% کەمى کردووە
AvaToday caption
posted onAugust 1, 2020
noدیدگاه

بە پێی نوێترین ڕاپۆرتی ناوەندی گشتی ئاماری یەکیەتی ئەوروپا" یوروستات" کە ڕۆژی هەینی ١٠ی گەلاوێژ بڵاو بووە، کۆی گشتی هەناردەی بازرگانی ئەوروپا بۆ ئێران ملیاردێک و ٢٢٣ ملیۆن یۆرۆ بووە کە کە بە جیاوازی دەگەڵ ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە ٥٠ لەسەد کەمی کردووە. چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ ، هەناردەی ٢٧ وڵاتی ئەوروپایی بۆ ئێران زیاتر لە ٣ ملیارد دۆلار بوو.

 

هەر بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، یەکیەتی ئەوروپا لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی بە بڕی ٢٤٥ ملیۆن یۆرۆ کاڵایان لە ئێرانەوە هاوردە کردووە کە بە جیاوازی دەگەڵ چوار مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ ، ١٥ بەرابەر کەمی کردووە. بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، لە نێوان مانگی ژانویە هەتا ئاوریلی ٢٠١٨، یەکیەتی ئەوروپا بە بڕی ٣.٨ ملیارد یۆرۆ لە ئێرانەوە شتی هاوردە کردووە.

ئەندامانی یەکیەتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٩ بەلاوە هاوردەی نەوت لە ئێرانیان راگرت. پێش ئەوەی ئەمریکا گەمارۆ لەسەر ئێران دابنێت، وڵاتانی ئەوروپایی ڕۆژانە ٥٢٠ هەزار بەرمیل نەوتیان لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد.

بە پێی ئەو ئامارەی یۆرۆستات بڵاوی کردووەتەوە، ٨٥ لەسەدی هاوردەی یەکیەتی ئەوروپا لە ئێران هەموو کات مادەی خاو بەتایبەت نەوت بووە.

 

ئێنستێکس پێش لەدایک بوون ، مردبوو!

سەرەڕای هەوڵەکانی ئێران و ئەوروپا  بۆ وەگەڕخستنی ڕێرەوی ماڵی بەتایبەت ئێنستێکس، ئامارەکانی یۆرۆستات نیشانی دەدات کە لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، هیچ گۆڕانێک بەسەر ئاستی پێوەندی بازرگانی دوو لایەندا نەهاتووە. جگە لە ئاڵمان، هەناردەی ئیسپانیا، هوڵەند و ئیتاڵیا بۆ ئێران کەمی کردووە.

ئەوەی لە سەر بازرگانی دەرەکی یەکیەتی ئەوروپا و ئێران گرینگە، ئەوەیە پێش لە گەمارۆکانی ئەمریکا، هەناردەی ئێران بۆ ئەو یەکیەتیە دەگەڵ ڕێژەی هاوردەی یەکسان بوو بەڵام ئێستا هەناردەی ئەوروپا بۆ ئێران ٥ بەرابەر زیاترە لە هاوردەی لە ئێرانەوە.

تەرازی بازرگانی ئێران دەگەڵ هاوبەشە بازرگانیە سەرەکیەکانی دیکەی وەک چین، هیند، ڕووسیە، کورەی باشور، ژاپۆن و ئیمارات بۆ یەکەمین جار مەنفی بووەتەوە و بە زیانی ئێرانە. بە پێی پێشبینیەکانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو، چاوەڕوان دەکرێت کۆی گشتی هەناردەی ئێران لەمساڵدا بگاتە ٤٦ ملیارد دۆلار بەڵام هاوردەی ٦٤.٦ ملیارد دۆلار بێت.

ئەوە یەکەمین جارە تەرازی بازرگانی دەرەکی ئێران بە بڕی ١٨.٦ ملیارد دۆلار بە زیانی ئێران دەبێ و ئاستی پاشکەوتی ئەرزی ئێران کەم دەبێتەوە و دەگاتە ٨٥ ملیارد دۆلار.

چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت ئاستی پاشەکەوتی ئەرزی ئێران ساڵی داهاتوو بۆ ٦٩ ملیارد دۆلار کەم بێتەوە.