رفتن به محتوای اصلی

مەنسوور سۆهرابی: کۆمارى ئیسلامى لە ڕێگەى سوپاى پاسدارانەوە ڕۆژهەڵاتى کوردستان وێران دەکات

مەنسوور سۆهرابی: کۆمارى ئیسلامى لە ڕێگەى سوپاى پاسدارانەوە ڕۆژهەڵاتى کوردستان وێران دەکات
AvaToday caption
posted onJuly 6, 2020
noدیدگاه

سازدانى: ژیان ژاڵە

 

ئەمە گفتوگۆیەکى تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەیە لەگەڵ دکتۆر مەنسوور سۆهرابی، لێکۆڵینەوەر و ئیکۆئاگرولوجیست کە لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە و پێنج ساڵە لە سەر پڕۆژەیەک کار دەکات کە خوازیارى پێکانى دوو ئامانجە، یەکێکیان ئاگادارکردنەوە و ڕاکێشانى سەرنجی ڕای گشتییە بۆ ژینگەی ڕۆژهەڵات و دووهەمیشیان بە هاوکارى گرووپێکی یاساناس دەیهەوێت لە دادگای لاهە و ڕێکخراوی نێونەتەوەیی سکاڵا لەسەر کۆماری ئیسلامی تۆمار بکات کە دەستى لە تێکدانی ژینگەی ڕۆژهەڵات هەیە. لەم گفتوگۆیەدا کە ئێمە تەنیا وەڵامەکەى بەڕێز سۆهرابیمان هاوشێوەى وتارێک لێ کردووە بۆ ئەوەى خوێنەرى کاتى کەمى لێ بڕوا و ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پرسە ورووژێنراوەکان لەگەڵ بەڕێزیان بکات:

 

 ئەگەر لە سەدەی بیستەمدا ، بزووتنەوەی سۆشیالیزم و ئاڵای سوور و کۆمونیست دەیتوانی شۆڕش بخوڵقێنێـ، ئەوا ئەمڕۆ پرسى ژینگەیی هەمان هێزی گۆڕانکاری هەیە و دەتوانرێت خۆڕێکخستنی لێ بەدی بکرێت و ببێتە هۆی یەکگرتووی کۆمەڵگە و جموجۆڵ و ژیانبەخشین، لەبەر ئەوەیە ڕێکخراوەکانی ژینگەی کوردستان لە ژێر فشار و چاودێری زۆردان و ڕۆژ دوای ڕۆژ تەنگەژەیان بۆ زیاتر دروست دەکرێت و ڕووبەڕووى گرتن و ئازار و کوشتن دەبنەوە کە ناوی کارەسات یا ڕووداوى سرووشتى لێ دەنرێت.

ئاگرتێبەردانەکان لە ناوچە پارارێزراوە ژینگەییان ڕوودەدەن کە سوپاى پاسداران تیایاندا خەریکی پڕۆژەی نهێنییە و تا بەمە بەڵکو لەچاوی میدیا و خەڵک بیپارێزن، کاتێکیش ژینگەپارێزێک ئاگاداری نهێنییەک دەبێت ئەوا بێشک ڕووبەڕووى لەنێوبردن دەبێتەوە. ئەم بابەتە جگه لەوە  لە هەموو ئێران هەستیارە بەڵام لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانی سەدان جار زیاترە و باسەکە زوو ئەمنیەتی دەکرێت. بۆ درککردن و تێگەیشتنی باشتری پرسەکە هێندە بەسە کە بزانین ٥٠%ى زیندانیانی سیاسیی ئێران کوردن لە حاڵێکدا دانیشتووانى ڕۆژهەڵات ١٠%ى هەموو حەشیمەتی ئێرانە. ڕۆژهەڵاتى کوردستان ڕووبەڕووى چەندین کاوڵکاری ژینگەیی بووەتەوە کە دەستى سوپاى پاسدارانى تێدایە و بە مەبەست و دەستى ئەنقەست ئەنجام دەدرێت.

لێرەدا هەوڵمان داوە لە سێ بەشی جیاوازی "دارستانەکان" و "ئاو" و "کانزاکان" باسەکە بەرینە پێشەوە. نزیکەی دوو ملیۆن هێکتار دارستانی زاگرۆس ڕۆژ دوای ڕۆژ خەریکە کەم دەبێتەوە.

 

سۆهرابی و دارستان

دارستانەکان:

ڕژێمى کۆماری ئیسلامی بە بیانووی بوونی پێشمەرگە، دارستانی پیرانشار تا ئیلامیان داوەتە بەر تۆپ و جگە لەوەش مەترسیدارانە مینڕێژیان کردووە. ئێمە لێرەدا باسی ژیانی خەڵکێکی سڤیل لە نێو مەترسییەکانى تۆپ و مین ناکەین؛ تەنیا ئەوەندە بەسە کە سەیرى ئامارى ڕێژەی مردن و کەمئەندامبوون بە هۆى مین و تۆپباران لە ڕۆژھەڵات بخوێننەوە و تێبگەین کە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئامارەکان لە هەڵکشاندان. جگه لە سووتان، مافیای دارستان و قاچاخی دار بە دەستی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بووەتە هۆی لەنێوبردنى بەشێکى دیکەى دارستانەکان. بۆ نموونه کۆمپانیاکانی خاتەمولئەنبیا کە سەر بە سوپای پاسدارانە، ئیمتیازی وەرگرتنی زەوییەکی پێنج ملیۆن تمەنی لە ڕێگەى دەڵاڵی و دەستاودەستکردن بۆ نموونه دەگەیێنێتە ٦٠ ملیون تمەن و خاوەن موڵک و دارەکانیش بۆ دەستکەوتنى وەها پارەیەک لەم دۆخە خراپە ئابوورییەى ئێران، شیرەی دارەکان دەکێشن و دەیانبڕنەوە بێ ئەوە بەرگرییەکی یاساییان لێ بکرێت. هەروەها دارستانەکان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە داگیر دەکرێن کە یا لاى خۆیان دەمێنێتەوە یا دەفرۆشرێن و بۆ کارى بیناسازی و بەمەش سروشتی دارستانەکان بەرەو وێرانبوون براون، ئەمە جگه لە بڕینەوی دارەکان بە مەبەستی بازرگانی و دارتاشی و کاغەز و پووشی کوولێر و زۆر بابەتى دیکە.

سۆهرابی و ئاو

ئاو:

ئاوی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام هەناردەی شوێنەکانی تری ئێران جگە لە خودى ڕۆژهەڵات دەکرێت. بۆ نموونه گۆلی ورمێ بەرۆوشکچوونە و دەبێت ١٥ ملیار مەتری سێجا ئاوی هەبێ کە ئێستا تەنیا چوار ملیار مەتری سێجا ئاوی تێدا ماوە و ئەو وشکبوونەش لە ئەنجامی ڕاستەوخۆی پڕۆژەکانی وەک بەنداوسازى سوپاى پاسداران بووە. پڕۆژەیەکی وێرانکەرى دیکەش لە ژێر ناوی گواستنەوەى ئاوی خواردنەوە بۆ تەورێز هەیە کە جگە لە ئاوی خواردنەوە دوو وێستگەى حەرارتی تەوریز و ٤٥ شارەکی پیشەسازى ئەو شارەش تیایدا بەشدارن و ئاوەکەیان لە بۆکانەوە بۆ گوازراوەتەوە. لە کێوی عەین عەلی دارستان و گۆلی دەستکردیان دروست کردووە کە ئەویش ڕاستەوخۆ ئاوی لە بۆکانەوە بۆ براوە. هەروەها زەوییەکانی مەڵکەندی، بناو نزیکی ئازەرشار و ئیلخچی زەوی شۆرەیان هەیە بەڵام کاناڵیان بۆ کێشراوە تا ئاوە شیرینەکەی بۆکانیان بۆ بچێت. ئەمە لە حاڵێکدایە ناوچەی شامات نزیکی چۆمی مەجیدخان لە بۆکان کە خاڵێکی گرنگ و پڕبەرهەمی کشتوکاڵە لە دونیادا و خاکەکەی وەک زێڕە بۆ بەرهەمی کشتوکاڵى چەوەندەر و گەنمەشامى، ئێستا لەبەر ئەم پڕۆژانە ئاوی بۆ ئاودێری زەوی کشتوکاڵییەکەی نییە، سەرەڕای هەمووی ئەمانە ئەگەر ئاوێکیش زێدە بێت هەناردەی تەورێزی دەکرێت لە حاڵێکدا ئەم ئاوە دەبێت بچێتەوە بۆ گۆلی ورمێ.

بۆ زانینی خەسارەکە ئەوە بهێننە پێش چاوتان هەر چرکەیەک ٥ مەتری سێجا ئاوی بۆکان کەم دەبێتەوە. بەشە ڕەواکەی ئاوی بۆکان دەڕواتە بەنداوى نۆرۆزلوو لە میاندواو و چەند سەد ملیون مەتری سێجا ئاوی بۆکان هەناردەی میاندواو دەکرێت. ئێستا ئاوی زابی پیرانشار بە پاساوی زیندووکردنەوەی گۆلی ورمێ، ٦٠٠ ملیۆن مەتری سێجا ئاویان کۆ کردووەتە و بەنداویان لێداوە و تەنانەت ژینگەی سەردەشت و بانەش بەرەو لەنێوچوونە و لە داهاتوویەکی نزیکدا شۆرەکان و بیایانی زۆر دەبینین کە جێگەی ئاو و دارستانەکان دەگرتنەوە.

هەروەها لەبەر گەرمی کەشوهەوا لە هەر یەک ملیار مەتری سێجا، دوو ملیار سێجا هەڵماو ڕوودەدات کە خەسارێکی یەکجار ڕوونە، هەروەها بە هۆی بەنداوی بەشە تورکنشینەکەی نەغەدە، زەوییەکانی دەورى بەنداوەکە کە زەوى کشتوکاڵی چەوەندەر و گەنمەشامى بوون بەرەو وشکبوون دەچن ؛ هەر لەو دیوەکەی بەشی کوردنشینەکەی دەوڵەت ڕێگە بە چاندنى بەرهەمی چەوەندەر و گەنمەشامى نادرێت بە بیانووى ئەوەى کە ئەو بەرهەمانە ئاوی زۆریان پێویستە. ئەم ئاوە لە هەمان کاتیشدا کارتێکی فشارە بۆ باشووری کوردستان، چونکە ئەم ئاوە دەچێتە بەنداوى دووکان و بە داخستنی بەنداوەکە کێشەى ئاو و وشکەساڵی بۆ باشووری کوردستان دروست دەبێت.

با باسی پارێزگای سنە بکەین. سنە ساڵانە چوار ملیار و ٨٠٠ ملیون مەتری سێجا ئاوی بەکاربراوە هەیە کە ٤٠%ى ئەم ڕێژەیە دەکرێت دیسان بەکار بهێنرێتەوە، بەڵام نەک هەموو بەفیڕۆ دەچێت بەڵکو ئاوی ژێرزەویشیان وشکاندووە. بۆ نموونه سنە لە ساڵدا ملیارێک و ٢٥٠ میلیۆن مەتر سێجا ئاوی پێویستە کە لەم ڕێژەیە ٧٥٠ ملیار و ٢٢٥ ملیۆن مەتر سێجا ڕاستەوخۆ لە بەرمیلەکان و ئاوی ژێر زەوی پێک دێت ، ئاوێک کە بە ملیۆنان ساڵ کۆ بووەتەوە بە ساڵێک وشک دەکرێت و بەمەش ناوچەی شاخاوی سنە دەبێتە بیابانێکی بێ ئاو و سەوزایی. سەڕەڕای ئەم دژایەتییەش کەچى ئاوی سنە دەبرێت بۆ هەمەدان و جووتیارێکی زۆری تورکیشیان هاوردەی پارێزگای سنە (نزیک قروە) کردووە بۆ کشتوکاڵ و ئەوانیش پێش هەموو شتێک ڕاستەوخۆ کودی کیمیایی دەیرژێنە ناو بیرەکانی سنە و بەمەش ئاوی سنە پیس دەکەن و ئەنجامەکەشى دروستبوونى نیترات ـە لە ئاوەکان کە سەرچاوەی نەخۆشی و شێرپەنجە و تەنانەت مردنیشە.

سۆهرابی و کانزا

کانزاکان:

چوار کانزای زێڕ لە ئێران هەیە کە سێیان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانن. لە شارەکانی قروە، نزیکی سەقز و تیکاب و ٩٠%ى زێڕی ئێران بەرهەم دێت. بۆ پاڵاوتنی ئەم زێڕانە جیوە و ئاسنیک بەکار دەهێندرێت کە بووەتە هۆی پیسبوونی ئاو و خاکی ئەم ناوچانە. هەر لە میاندواو زبڵە پیشەسازییەکەیان لە قۆپی بابەعەلی کوردستان دەکردە ژێر خۆڵەوە کە دەنگ و هەرای ناڕەزایەتی لێکەوتەوە. ڕەنگە ئێستا هەندێک کەس بڵێین ئەم کێشانە لە هەموو ئێران هەن و تەنیا تایبەت نین بە ڕۆژهەڵات، بەڵام سەرنجتان دەخەمە سەر ئاگرتێبەردانى ئەلبوورز و زاگرۆس. لە ئەلبوورز ئاگرەکە بەزووترین کات و بە دامودەزگایەکى زۆرى ئاگرکوژێنەوە، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، کەچى لە زاگرۆس خەڵکی سیڤیل هەست بە بەرپرسایەتی دەکەن و بە دار و بەرد تەنانەت ڕۆحی پاکیشیان ئاگرەکە دەکوژێننەوە و کۆمارى ئیسلامى خۆى لە خەتى گێلى دەدات و تەنانەت ئامرازی ئاگرکوژێنەوە نییە لە دەزگا دەوڵەتییەکانى تایبەت بەم بوارە. ئێستا ئیسفەهان کە شارێکی ویشکانییە، زەوییە کشتوکاڵییەکەی زۆر زیاتر و گەشاوەترن لەوانەى ڕۆژهەڵات کە ئەوەش بە خنکاندنی خوزستان و غیزانیە و کاروون مەیسەر بووە کە ئاوەکانیان دەبرێت بۆ ناوچە فارسەکان. خەبات و نووسین و خوێندنەوەمان بۆ وڵاتێکە بە ناوی کوردستان کە عاشقانە خۆشمان ویستووە شیعرمان بە باڵای گوتووە و گورانیمان بۆ چریوووە و گیانمان فیدای کردووە، خاکێک کە سەروەت و سامانەکەی تاڵان دەکرێت و پیسایی و نەخۆشییەکەی بۆ دانیشتووەکەى جێ دەهێڵدرێت کە سوپای پاسداران جێبەجێکارەکەیەتى.

 

دکتۆر سۆهرابى لە ڕێگەى ئاڤاتودەییەوە داوا لە هەر کەسێک لە هەر شوێنێکی دونیا دەکات ئەگەر تواناى هاوکارییان هەیە بە بەڵگە و ئارگۆمێنت و ئەو کەسانەى کە شارەزای یاسای نێونەتەوەیین، هاوکارى بکەن. ئەمەش ئەکاونتى فەیسبووکى ناوبراوە:

https://www.facebook.com/mansoursohrabii