سەرچاوەیەکى سیاسى عێراق بە سکاى نیوزى گوتووە "قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسى ئێرانى، هەڕەشەى تیرۆر و کوشتن لە چەندین سەرکردەى سووننە مەزهەبی عێراقى دەکات".
بە پێى ڕاپۆرتەکەى سکاى نیوزى هەرەبی، قاسم سولەیمانى بە شێوەیەکى ئاشکرا بە سەرکردە عەرەبە سوونییەکانى گوتووە ئەگەر بچنە نێو هاوپەیمانی موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادییەوە، ئەوا دەکوژرێن. بە قسەى سەرچاوەیەک لە دەوڵەتى عێراق، ئامانجى سولەیمانى بەرگرتنە لە دروستبوونى هاوپەیمانیەتییەکى سەربەخۆى شێعى لە عێراق و هەوڵ دەدات گرووپە شێعەکانى سەر بە وڵاتەکەى وەک هاوپەیمانى فەتح و حەشدى شەعبی و دەوڵەتى قانوون پێکەوە گرێ بدات و هاوپەیمانیەتییەکیان لێوە دروست بکات.
هەوڵى قاسم سولەیمانى بۆ خۆتێهەڵقورتاندنە نێو کاروبارى سیاسى عێراق، بە مەبەستى شکاندنەوەى ئەو قۆناغە هەستیاری بەردەم ئەم وڵاتەیە لە بەرژەوەندى کۆمارى ئیسلامى و بەمەیش بەر بە گەمارۆ ئابوورییەکانى سەر ئێران بگرێت کە لە لایەن ئەمریکاوە خراوەتە سەری. قاسم سولەیمانى هەوڵ دەدات سوود لە عێراق بۆ دەورلێدانەوە لە گەمارۆ ئابوورییەکان وەربگرێت.
زۆرینەى تەقینەوەکانى عێراق لە ناوچە سووننینشینەکان، لە لایەن بەکرێگیراوانى سوپاى قودس و لە ژێر ناوى ئەلقاعیدە ئەنجام دەدرێن.