
کۆماری ئیسلامی بە درێژایی پێنج مانگی ڕابردوو لە هەموو ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەریکی کۆکردنەوەی هێز و پڕچەککردنی هێزەکانیەتی.
هەر لە درێژەی ئەو هەوڵانەدا سەرچاوەیەکی تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەی لە شارى بانەى ڕۆژهەڵاتی کوردستان گوتى "ماوەیەکە سوپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە جموجۆڵەکانی زیاد کردووە و بەردەوام خەریکی گواستنەوەی ترێلی و بارهەڵگرن بۆ سەیرانبەند و ناوچە شاخاوییەکانی بانە".
هاتوچۆی ئەو ترێلی و بارهەڵگرانە زیاتر بە شەوان ئەنجام دەدرێت و لە ڕۆژدا هیچ چالاکییەک ئەنجام نادرێت. بە پێى قسەى شاهیدێک لە نێوخۆى ڕۆژهەڵاتەوە گوتى "باری ترێلییەکان تەختە سیمانی گەورەیە، بەڵام بارهەڵگرەکان نادیارە و سەرەکەشیان بە میوە داپۆشراوە بۆ ئەوەی کەس گوومان لە کەرەستەکانی ناوی نەکات".
چیاى سوورێن کە لە بانە و لە پشتى گوڵەخانەش هەیە!
دوای هێرشە موشەکییەکەی ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) کە تێدا ١٧کەس شەهید و پتر لە ٤٠ کەس بریندار بوون، کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسی حدک لە لێدوانێکدا گووتی "چەند مووشەکێک لەو مووشەکانەی لە بارەگاکانی دیموکرات درا، لە سورێنەوە ئاراستەی حیزبی دیموکرات کرابوون".