Ana içeriğe atla

مەزڵووم عەبدی: تا گەیشتن بە چارەسەر، بەرخودان بەردەوام دەبێت

مەزڵووم عەبدی: تا گەیشتن بە چارەسەر، بەرخودان بەردەوام دەبێت
posted onJanuary 25, 2026
noyorum

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا دواین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەخاتە ڕوو و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەیانەوێت لە پرۆسەی دانوستاندنەکاندا لەگەڵ گەلەکەیان ڕاستگۆ و شەفاف بن.

مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە ماوەی ئەم ئاگربەستە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە بەکاربهێنن کە کراون. سەبارەت بە مەرجەکانی هەر ڕێککەوتنێکی سیاسی، عەبدی گوتی: "هەر جۆرە چارەسەرێک بۆ کۆبانێ و قامشلۆ بکرێت، پێویستە هەمان چارەسەر سەرێکانی و عەفرینیش بگرێتەوە، چونکە دۆخی ناوچەکان لێک جیا ناکرێنەوە."

فەرماندەی گشتیی هەسەدە پەردەی لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا لادا و ڕایگەیاند، "هێڵێکی کراوەی پەیوەندی لە نێوان ئێمە و دیمەشقدا هەیە." بەڵام جەختی لە خاڵێکی سوور کردەوە و گوتی: "بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، نابێت سوپای سووریا بچێتە ناو سەنتەری ناوچە کوردنشینەکانەوە."

مەزڵووم عەبدی دووپاتی کردەوە کە تاوەکو گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و چارەسەرێکی گونجاو لەگەڵ حکومەتی سووریا، لە بەرخۆدان بەردەوام دەبن. ئەو وتیشی: "وەک چۆن لە ساڵی 2014 کۆبانێ بووە هێمای بەرگری، ئێستاش کۆبانێ سەرکردایەتیی ئەم بەرخۆدانە دەکات."

لەبارەی دۆخی ناوخۆیی و پشتگیرییەکان، فەرماندەی گشتیی هەسەدە سوپاسی هەموو ئەو لایەن و کەسایەتییانەی کرد کە پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی "ئەوەی گەلی کورد شایەنی نەبوو ڕوویدا"، بەڵام ئێستا هەموو هێزە سیاسییە کوردییەکان لەگەڵ ڕۆژئاڤان و یەکدەنگن.