Ana içeriğe atla

پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی رەتکردەوە

پەرلەمانی ئێران
پەرلەمانی ئێران
posted onFebruary 26, 2025
noyorum

پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی ئەو وڵاتەی لەبەر "خستنە مەترسی یەکپارچەیی وڵات"، "لاواز کردنی زمانی فارسی" و "نەبوونی بودجەی پێویست بۆ پەروەردەکردنی مامۆستا" بۆ وانەگوتنەوە بەو زمانانە ڕەتکردەوە.

ئەمڕۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساکە لە پەرلەمان بەڕێوەچوو، بەڵام بە ١٣٠ دەنگی ناڕازی رەتکرایەوە، لەکاتێکدا ١٠٤ پەرلەمانتار دەنگیان بە پرۆژەکە دابوو و ٥ پەرلەمانتاریش بێلایەن بوون. ڕەتکردنەوەی پرۆژە یاساکە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە.

بە گوتەی ئیسحان عەزیمی نەژاد، پەرلەمانتار، ئەو پرۆژە یاسایە بە پشت بەستن بە ماددەی ١٥ی دەستووری ئێران ئامادە کراوە، کە رێگە بە خوێندن بە زمانی دایک دەدات، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ٤٥ ساڵ بەسەر پەسەندکردنی دەستووردا تێپەڕیوە، هێشتا جێبەجێ نەکراوە.

لەلایەکی دیکەوە، محەممەد مەهدی شەهریاری، پەرلەمانتارێکی دیکە، رایگەیاند کە ئەم پرۆژە یاسایە لە بارودۆخی ئێستادا بە قازانجی ئێران نییە، چونکە یەکپارچەیی خاکی و یەکگرتوویی نیشتمانی دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی لەو شێوەیە پێویستی بە راهێنانی مامۆستا هەیە، لە کاتێکدا وەزارەتی پەروەردە بودجەی پێویستی بۆ ئەو مەبەستە لەبەردەستدا نییە.

بەڵام مەحمود تاهیری، پەرلەمانتار، بە پێچەوانەوە پێی وایە فێرکردن و ڕاهێنان بە زمانە نەتەوەییەکان پێویستە بۆ بەهێزکردنی زمانی نیشتمانی (فارسی)، تاوەکو هیچ کەسێک لە وڵاتدا هەست بە پەراوێزخراوی نەکات و ڕێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسیدا بەرزببێتەوە.

 بێهنام سەعیدی، پەرلەمانتارێکی دیکە، نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی خوێندن بە زمانی نەتەوەییەکان ببێتە هۆی "لاوازبوونی زمانی فارسی".

جێی بیرهێنانەوەیە، لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرێک لە چالاکڤانان و شارەزایانی کورد هەوڵیانداوە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بخوێندرێت، تەنانەت لە سەردەمی سەرۆکایەتی حەسەن رووحانی وەکو پرۆژەیەک پێشکەش بە وەزارەتی پەروەردە کرا، بەڵام بێ ئەنجام بوو.