Ana içeriğe atla

کتێبی "شۆڕشی ئیلام" به کتێبخانەی کوردی زیاد کرا

کتێبی "شۆڕشی ئیلام" به کتێبخانەی کوردی زیاد کرا
AvaToday caption
"کاتێک سەیری کتێبخانەی کوردیم کرد، شوێنی مێژووی سەرهەڵدانی گەلی کوردم له ئیلام بە بەتاڵی بینی بۆیه هەوڵم دا به وەرگێرانی ئەم کتێبه هەنگاوێکی جددی بۆ پڕ کردنی ئەو بۆشاییه هەڵبگرم".
posted onMay 12, 2024
noyorum

 یەکەم جار ڕەسمی کتێبەکەم لەسەر ئینستاگرام بینی. ناو نیشانی کتێبەکە هەر زوو سەرنجی منی هەستیار به مێژووی کوردستانی ڕاکێشا. لەسەری کلیکم کرد تاکوو زانیاری وردترم دەست کەوێت. که باش ئاوڕم دا، له شرۆڤەی پوستە ئینستاگرامییەکە نووسرابوو: "کتێبێک که مێژووی ونبووی کوردستانمان بۆ باس دەکات و تیشک دەخاته سووچه تاریکەکانی دیرۆکی وڵاتەکەمان".

هەر زوو ئکاونتی وەرگێڕی کتێبەکەم دۆزیەوه و پەیامێکم بۆی نارد و وتم: "جێگای شانازیه ئەگەر کاتمان پێبدەی تاکوو وتووێژێکمان هەبێت لەبارەی دوا وەرگێڕانەکەتان". مامۆستا وەحید کەماڵی به خۆشەویستی وەرمانیگرت و به بیانووی ئەم وەرگێڕانه، چەند ساتێک و چەند جارێک لەگەڵ یەکدا گفتگۆمان کرد و بووینه هاوڕێ و بەرادەر.

وەحید کەمالی، نووسەر و وەرگێڕ و چالاکی ئیلامی دانیشتووی باشووری نیشتمانه. له زانکۆی تەورێز خویندنی تەواو کردووه. چوار کتێب له بواری ئەدەبی منداڵانی هەیه، کۆمەڵه شێعرێکی لوری بەختیاری هەڵگەڕاندووەتەوه سەر سورانی، هەروەها دوو کۆمەڵه شعێر کلاسیک و نوێ فارسیی بەڵاو کردووه.

کتێبی شۆڕشی ئیلام بەڵاو بوو
ڕەسمێک له وەحید کەمالی وەرگێڕی کتێبی شۆڕشی ئیلام

وەحید کەمالی به هۆی هەست به بەرپرسیارەتی کردن لە بەرانبەر گەل و نیشتمان، زۆرینەی هەره زۆری تەمەنی خۆی تەرخانی کورد و کوردستان کردووه. ئەو جۆره که خۆی دەڵێت زۆرتر لەسەر ئەدەب و کەلتور تەرکیزی کردووه و چالاکییەکانی لەو بواره ڕێکخستووه بەڵام هاوکاتیش له چالاکی سیاسی و مەدەنی دوور نەکەوتووه. وەحید سەردانی زۆرینەی هەرە زۆری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی کردووه و هەوڵی داو خەڵک نیسبەت به مافه نەتەوەییەکانیان ئاشنا بکات.

کاتێک وەرگێڕانی کتێبی "شۆڕشی ئیلام"م بینی هەر زوو بڕیارم دا وتووێژێک لەگەڵ وەرگێڕەکەی ڕێکبخەم که به خۆشیەوه وەحید کەماڵی نەک پێشنیارەکەمی قەبووڵ کرد بەڵکوو یارمەتیدەرم بوو تاکو زۆرتر لەگەڵ مێژووی کوردستانەکەمان، ئاشنا ببەم.

وەحید کەماڵی بۆی باس کردم: "عباس محمدزاده ملکشا نووسەری ئەم کتێبەیه. مامۆستا عباس محمدزاده مەلکشا نزیک له یازده ساڵ له تەمەنی خۆی تەرخانی نووسینی ئەم کتێبه و کۆکردنەوەی بەڵگە مێژووییەکانی کردووه، له ڕاستیدا ئەم نووسەره یازده ساڵ تەمەنی خۆی لە ڕێگای ناساندنی بەشێک له مێژووی ونبووی وڵاتەکەمان تەرخان کردووه".

له وەحید کەمالیم پرسی، ئەم کتێبه باسی چیمان بۆ دەکات که له وەڵامدا وتی: "ئەم کتێبه مێژووی سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی گەلی کورد له ناوچەی (پشتکو)یه دژ به دەسەڵاتی ڕەزاشا که سیاسەتی یەک نەتەوە یەک زمانی بەڕێوه دەبرد و دەیەویست کورد له نێو ببات. ڕزاشا بۆ سەپاندن و جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی و بنەماڵەکەی کوشت و کوشتارێکی بەربڵاوی ئەنجام دا.

کتێبی شۆڕشی ئیلام چاپ و بەڵاو بوو
ڕەسمێک له ڕزاشا پاشای ئێران و کوڕەکەی حەمه ڕزاشا

جێگربوونی ئەرتشی ئێران له ئیلام دوای نەمانی دەسەڵاتی والی پشتکۆ، دەستپێکی زنجیره زوڵم و چەوساندنەوەکانه دژ به گەلی کورد لەم ناوچەیه بوو. خەڵک که ناتوانێت هەبوونی ئەرتشێکی داگیرکەر له وڵاتەکەی قەبووڵ بکات و نایەوێت ملکەچی داگیرکەریش بێت، دژ به ئەرتش و سوپای ئێران هەڵدەستێت. ئەم ناکۆکیه دەبێته هۆی چێ بوونی شەڕی ڕنو که سەرهەڵدانێکه دژ به چەوساندنەوه و داگیرکاری ڕزاشا. "ڕنو" نێوی شاخێکه له ئیلام.

لەم کتێبه نووسەر هەوڵی داوه ڕۆڵی عەشیرەتی مەلکشای لە مێژووی ئەو سەردەمەی کوردستانمان پیشان دەدات. نووسەر بۆ ساڵیانێکی دوور و درێژ سەرقاڵی کۆکردنی بەڵگەکانی ئەم ڕاپەڕینه دەبێت. تەنانەت نووسەر له بەشێکی دیکەی کتێبەکەی ئاوڕ دەداته بیرەوەری ئەو کەسانەی که یان لەو شۆڕشه بەشداربوونه یان ڕووداوەکانیان له زاری کەسانی بەشدار لەو شۆڕشه بیستووه".

دواتر لێم پرسی که بۆچی ئەم کتێبەت هەڵبژارد و چۆن بوو که بریاری وەرگێرانی ئەم کتێبەت دا که له وەڵامدا وەحید کەماڵی وتی: "هەموومان باش دەزانین که له ئێستادا تەنیا ناوچەی ئازادی کوردستان، باشووری نیشتمانه که به شێوەی فەرمی به هەرێمی کوردستان ناسراوه. ئەم بەشە له کوردستان که دەسەڵاتێکی سیاسی بەڕێوەی دەبات، خاوەنی کتێبخانه و قوتابخانه و زانکۆی خۆیەتی و ناوەندی ئارشیڤی سیاسی-مێژووی کوردستانیش دەپارێزێت. من به ئاوڕدان به کتێبخانەی کوردی هەستم به بەتاڵ بوونی شوێنی ئەو کتێبەم کرد و ویستم بۆشایی مێژووی کورد لەبارەی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان له کتێبخانەی کوردی پڕ بکەمەوه، ئەم کتێبه بەڵگەیەکی مێژووی، کەلتوری، سیاسی و ئابوری کورده له قوناغێکی هەستیار. ئەمه، بەشێکی ونبووی له پازلی مێژووی شۆڕشی کوردستانه بۆیه هەوڵم دا ئەم کتێبه بکەمه کوردی تاکو چینی خوێندکار، ڕووناکبیر، چالاکی سیاسی و کەلتوری کوردستان بتوانن لەگەل ئەم بەشه ونبوویه له مێژووی نیشتمانمان ئاشنا ببن.

هەروەها هیوادارم که وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە ئاوڕدان بەم کتێبه، هەوڵ بدات هەر ئەو جوره که ڕاپەڕینەکانی دیکەیان له کتێبی قوتابخانەکان داناوه ئەم سەرهەڵدانەش به ڕۆڵەکانی نیشتمانەکەمان بناسێنن و به کتێبی قوتابخانه و زانکۆ زیاد بکرێت.

گرنگی ئەم کتێبه له بەڵگەیی بوونیەتی. نووسەر له درێژەی یازده ساڵ هەموو هەوڵ و تەقەلای خۆی له بازنەی کۆکردنی بەڵگەی مێژووی و سیاسی بۆ شرۆڤه کردنی سەرهەڵدانی ڕنو، تەرخان کردووه بۆیه ئەم کتێبه گرنگه بۆ نەوەی ئەمڕۆ و داهاتووی کوردستان که وەکوو سەرچاوەیەک بۆ لێکۆلینەوەکان کەڵکی لێ وەربگیریێت".

بۆم جێگای پرسیار بوو که ئایا وەرگێڕانەکه دەقاودەقه یان لەوانەیه جیاوازییەکی هەبێت که وەحید کەمالی له وەڵامدا وتی: "من به هیچ شێوە دەستکاری ناوەڕۆک و بەڵگەکانی کتێبەکەم نەکردووه بەڵام به هۆی ئەوەی نووسەر له ئێراندا له چوارچێوەی دەسەڵاتی داگیرکەر و کۆماری ئیسلامی ئێران دەژیێت بۆیه ناچار بووه چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی ئێرانیش ڕچاو بکات تاکوو مۆڵەتی چاپی پێبدەن بۆیه تووشی خودسانسوریش بووه. ئەو هەروەها ناچار بووه له ڕوانگەیەکی ئێرانی باسی بابەتەکه بکات و سەرهەڵدانەکه بەپێی چوارچێوەی پان ئیرانیستی شی بکاتەوه. بەڵام بۆ من که له کوردستانی ئازاد دەژیم و یاساکانی ئێرانیش بەسەرمدا زاڵ نین، کارەکه جۆرێکی دیکه بوو بۆیه توانیم له ڕوانگەی کوردێکی نیشتمانپەروەر سەیری بابەتەکه بکەم و ڕوانگەیەکی کوردستانیم پێداوه ئەڵبەته دەبێت بڵێم هیچ دەستکارییەکی بەڵگەکان و ناوەرڕۆکی کتێبەکەم نەکردووه. من له نووسەر ئزنم وەرگرتووه که له ڕوانگەیەکی کوردستانی کتێبەکه وەرگێران بکەم و ئەو شته که نووسەر نیتوانیویەتی له ژێر دەسەڵاتی داگیرکەر ئاماژەی پێبکات من پێی زیاد بکەم بەبێ ئەوەی له بەڵگەمەندی بابەتە کەم بکرێتەوه"

بڕیاره ڕۆژی یەکشەممه، ٣٠ بانەمەڕی ١٤٠٣ ناوەندی ڕۆشەنبیری "جەماڵ عرفان" له دانیشتنێکی فەرمی و به ئامادەبوونی گروپێک له ڕووناکبیران و نووسەران و هۆگرانی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی، ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبی "شۆڕشی ئیلام" بەڕێوە ببەن.