Skip to main content

هۆشداری دەزگای زانیاریی چین سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا

هۆشداری دەزگای زانیاریی چین سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا
AvaToday caption
posted onMay 6, 2020
nocomment

دوای زیاد بوونی ڕەخنەکانی ئەمریکا و هێندێک لە ڕێبەرانی وڵاتانی ئەوروپایی سەبارەت بە شاردنەوە و بێ ئەمەل بوونی پیکەن لەمەڕ بڵاو نەکردنەوەی زانیاری لە کاتی پێویستدا سەبارەت بە کۆڕۆنا و دەرکەوتەکانی بڵاو بوونەوەی ڤایروسی کۆڕۆنا و پاش ئەوەی ئەمریکا ناراستەوخۆ چینی بە بەرپرسی بڵاو بوونەوەی ڤایروسی کۆڕۆنا زانی، دەزگای زانیاری چین لە ڕاپۆرتێکدا وێرای هۆشداری دان لەمەڕ زیاد بوونی دوژمنی دژی ئەو وڵاتە، دیمەنێکی تاریکی لە هەلومەرجی ئەو وڵاتە لە ئاستی جیهان نیشان داوە.

 

لەو ڕاپۆرتەدا کە هەواڵدەری ڕۆیتێرز بەشێکی بڵاو کردووەتەوە هاتووە: هەلومەرجی دوای بڵاو بوونەوەی ڤایروسی کۆڕۆنا و دەرکەوتەکانی دەتوانێ ببێتە بەهۆی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەمریکا و چین و هەروەها زیادبوونی هەستی تووڕەبوونی وڵاتان لە دژی پیکەن.

دەزگا سیخوڕیەکانی چین لە ڕاپۆرتەکەیاندا هۆشداریان داوە، ئەگەری هەیە چین لە ئاستی جیهاندا ڕووبەڕووی دۆخێکیئ هاوشێوەی سەردەمی سەرکوتی ناڕەزایەتیە خوێندکاریەکانی ١٩٨٩ ببێتەوە کە ئەو کات هەستی دژی چینی  خەڵکی جیهان پە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر بەرز ببووە.

لەو ڕاپۆرتەدا کە لە لایەن کارناسانی ئاکادمی پێوەندیە نێودەوڵەتیەکانی هاوچەرخی چین کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو وڵاتەیە، بڵاو بووەتەوە: ڕاپۆرتێک بۆ " شی جین پینگ" ڕێبەری ئەو وڵاتە ئامادە کراوە و لەوێدا ئاماژە بە هەستی دژە چینی لە ئاستی جیهاندا بە ڕێبەری ئەمریکا کراوە.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات: هەستە دژی چینیەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی و ئەگەری هەیە دەوڵەتی چین ناچار بە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەمریکا بکات.

هەواڵدەری ڕۆیتەرز لە زمان سەرچاوەکانی نیزیک بە ناوەندی بڕیاردانی دەوڵەتی چین و ئاگادار لە ڕاپۆرتەکە نووسیویەتی: وەزارەتی ئیتلاعاتی چین لە ڕاپۆرتەکەدا هۆشداری داوە کە چین دەبێ خۆی بۆ خراپترین سناریۆکان تەنانەت بۆ شەڕ لەگەڵ ئەمریکاش ئامادە بکات.

هەواڵدەری ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: ناکرێ دیاری بکرێت چەندە زانیاریەکانی ناو ئەو ڕاپۆرتە دەرخەری هەڵوێستی ڕێبەرانی پیکەنە و ئاخۆ ئەو هەڵسەنگاندنە لەسەر سیاسەتی درێژماوە یان  کورت ماوەی پیکەن کاریگەری دادەنێ یاخود نا، بەڵام لە هەمان کاتدا وەها ڕاپۆرتێک دەرخەری ئەوەیە کە چین تا چ ئاستێک بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەرەشەکانی سەرخۆی جدیە و چۆن مەترسیەکان لەسەر ئەمنیەت و سەرمایەگوزاریە ستراتژیکەکانی لە دەرەوە سنورەکانی هەست پێدەکات.