Skip to main content

بەڕێوەبەرى سەرچاوە سروشتییەکانى مەریوان پشتبەستن بە سوپا دارستانەکان وێران دەکا

بەڕێوەبەرى سەرچاوە سروشتییەکانى مەریوان پشتبەستن بە سوپا دارستانەکان وێران دەکا
AvaToday caption
posted onApril 21, 2020
nocomment

لەم دوو ساڵەدا دارستان و سەوزاییەکانى مەریوان وێران بوونە و زۆر شوێنیان تێک چوونە، هەر لەبەر ئەمەش زۆرێک لە دانیشتوانى مەریوان و ئاواییەکانى دەوروبەرى، سکاڵایان لەسەر ئەم دیاردەیە و کردەوە خاپوورکەرانەیە تۆمار کردووە و ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەى سوپاى پاسداران شانۆگەرییەک ئەنجام بدات لەم بارەوە.

 

بە پێى زانیارى گەیشتوو بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتوودەى، حەوتووى پێشوو تیمێکى ئیدارەى گشتى سەرچاوە سرووشتییەکان پارێزگاى سنە، لە شەممەوە تا پێنج شەممە وەک گرووپێکى لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، گەیشتوونەتە مەریوان تا بزانن هۆکارى بڕینى دارستانەکانى دەوروبەرى مەریوان و بەتایبەت گوندى نێ چییە.

سەرچاوەکەى ئاڤاتودەى باسى لەوە کرد کە "ئەم گرووپە لە کۆتایی کارەکەیاندا ئەنجامەکەیان لەگەڵ ئەو سکاڵایانەى لەو کەسانە کرابوون کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستیان لە بڕینەوەى دارەکان هەبوو، بووە هۆى دەستبەسەرکردنى ٢٢ کەس"، هەرچەندە دەستبەسەرکردنى ئەم ٢٢ کەسەش لە ڕاستاى شاردنەوەى تۆمەتبارانى سەرکییە، چونکە هەموویان پلەى ئیدارى و کارگێڕییان نزمە. هەرچەندە بەشێک لە خەڵکى مەریوان کە بۆ ئاڤاتودەیان نووسیوە، بەڕێوەبەرى ئیدارەى سەرچاوە سرووشتییەکانى مەریوان (ئەگەر هەڵە نەبین عەزیز هاشمى ـیە)، خۆى یەکێکە لە پاڵپشتیکەرانى قاچاخچییەکانى دارستانى مەریوان و هەروەها بەشێک لە فەرماندەکانى سوپاى پاسداران و ئیتلاعاتیش دەستیان تێوە گلاوە، بەڵام هەموو تاوانەکە لەسەر ئەو ٢٢ کەسە ساغ کراوەتەوە کە زیاتر فەرمانى سەرووى خۆیان جێبەجێ کردووە.

دارستانەکانى مەرریوان ١

ئەم قسەیەش لە لایەن یەکێک لە ئەندامانى لیژنەى بەدواداچوونەکە پستڕاست کراوەتەوە کە هەندێ کەسى تۆمەتبار بوونە قوربانى تۆمەتبارە گەورەکانى دیکەى سوپاى پاسداران و بەڕێوەبەرى سەرچاوە سرووشتییەکانى مەریوان.

هاووڵاتییەکى مەریوانى باسى لە پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرى سەرچاوە سرووشتییەکانى مەریان کرد لەگەڵ سوپاى پاسداران و گوتى: "هەرگیز لە نێو ئێران کەسێک ناتوانێت بەم شێوەیە کارى گەورە و وێرانکەر ئەنجام بدات، ئەگەر گڵۆپى سەوزى لە لایەن سوپاى پاسدارانەوە بۆ هەڵنەکرابێت و ئەمەیشى لە بەرامبەردا لە بەرژەوەندى سوپاى پاسداران کردووە. چونکە هەر ئەم پیاوە بە بەهانەى جیاواز فەرمانى سووتاندنى دارستانەکانى ناوچە کوردینشینەکان دەدات"، لەبەر سەروەرنەبوونى یاساش لە نێو ئێرانى بن دەستى کۆمارى ئیسلامى، هەرگیز ئەم تۆمەتبارانە سزا نادرێن، چونکە خودى سوپا کە تۆمەتبارى هەموو کردەوە خراپ و ناشیرینەکانى ئێرانە سەروەرى سەرەکی و بەرزترە لە یاسا!

دارستانەکانى مەریوان ٢