Skip to main content

کۆماری ئیسلامی لە ترسی ڕاپەڕین زیندانییە سیاسییەکانى ورمێ دەگوازێتەوە

کۆماری ئیسلامی لە ترسی ڕاپەڕین زیندانییە سیاسییەکانى ورمێ دەگوازێتەوە
AvaToday caption
posted onApril 18, 2020
nocomment

دوو حەوتوو لە ڕاگوێزتنی چوار بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ورمێ بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی تێپەڕ دەبێت و هێزەکانی ڕژیم هەموو پێوەندیەکی ئەو چوار بەندکراوە کوردەیان لەگەڵ جیهانی دەرەوەی گرتووخانە پچڕاندووە.

 

بە پێی هەواڵی ماڵپەری مافی مرۆڤی کوردستان ئەو چوار بەندکراوە سیاسیە بریتین لە کەماڵ حەسەن ڕەمەزان، ئیبراهیم عیساپور، ئەحمەد تەموئی و عەلی ئەحمەد سولەیمان.  بە گووتەی یەکێک لە خزمانی ئەو چوار بەندکراوە کۆماری ئیسلامی لە ترسی ڕاپەڕینی بەندکراوانی گرتووخانەی ورمێ ئەوانی راگوێزتووە.

چوار بەندکراوی سیاسی کورد کە لەسەرەوە ناوەکانیان هاتووە لە ڕۆژی ١٦ خاکەلێوەوە لە لایەن هێزە ئەمنیەکان بە شێوەی کتوپڕ لە گرتووخانەی ورمێوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

عەلی ئەحمەد سولەیمان، کەماڵ حەسەن ڕەمەزان و ئەحمەد تەموئی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بۆ پەروەندەسازی نوێ لە گرتووخانەوە بۆ ئیتلاعات و ناوەندی ئەلمەهدی سەر بە سوپای پاسداران لە ورمێ ڕاگوێزراون و لێکۆڵینەوەیان لێکراوە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو بەندکراوانە ڕایگەیاندووە دوای دوو حەوتوو بەدواداچوون و سەردانی بنەماڵەکان بۆ بەندیخانە، دادگا و ناوەندە ئەمنیەکانی ورمێ تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە ئەو چوار بەندکراوە سیاسیە بۆ چ شوێنێک راگوێزراون.

بە گووتەی ئەو کەسە لەدوای بڵاو بوونەوەی ڤایروسی کۆڕۆنا لە گرتووخانەی ورمێ. دۆخی ئەو گرتووخانەیە ڕۆژ بەڕۆژ قەیرانتر دەبێت و پێدەچێت هێزە ئەمنیەکان لە ترسی ناڕەزایەتی و مانگرتن ئەو چوار بەندکراوەیان راگوێزتبێت.

دوای ڕێگریکردن لە چوونەوە مرەخەسی بەندکراوان لە لایەن بەرپرسانی قەزایی ڕژیم دوای بڵاو بوونەوەی کۆڕۆنا لانیکەم لە ٨ بەندیخانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شۆڕش ڕوویداوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی ٢١ خاکەلێوە ڕایگەیاند بەهۆی تەقەی راستەوخۆ و کاردانەوەی تووندوتیژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لانیکەم ٣٦ کەس لە بەندکراوان گیانیان لە دەستداوە.