Skip to main content

٥٠ کادری دەرمانی سەقز تووشی کۆڕۆنا بوونەتەوە

٥٠ کادری دەرمانی سەقز تووشی کۆڕۆنا بوونەتەوە
AvaToday caption
posted onApril 6, 2020
nocomment

سەرەڕای بەڵێنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ کۆنترۆڵ و هەوسارکردنی نەخۆشی کوشەندەی کۆڕۆنا، دۆخی شاری سەقز هەروا سورە. بە پێی ئەو زانیاریانەی بە ئاڤاتودەی گەیشتووە ئاماری گیان بەختکراوانی کۆڕۆنا لە هەر دوو نەخۆشخانەی خومەینی و تەئمینی کۆمەڵایەتی ١٢٥ کەس بووە.

 

بە پێی ڕاپۆرتەکان، یەکێک لە توێژە هەرە هەژارەکانی سەقز کادری دەرمانی نەخۆشخانە و دەرمانگەکانی ئەو شارەن کە بە کەمترین ئیمکانات هەروا لە ڕیزی پێشەوی ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایروسی کۆڕۆنان.

یەکێک لەو نەخۆشانە کەسێک بوو بە ناوی محەمەد یار ئەحمەدی، مونشی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی خومەینی سەقز کە دۆخی تەندرووستی خراپ بوو و ئەوڕۆ گیانی لە دەستدا.

هاوکارانی ئەو کەسە دەڵێن: بە بڕیاری ڕاستەوخۆی مەنسور محەمەدزادە، بەرپرسی فریاکەوتنی نەخۆشخانە ئیمکاناتی تەندرووستی بە تایبەت ماسک و دەستکێش و دژەگەنی پێ نەدرا و یارئەحمەدی دوای چەند ڕۆژ مانەوەی بەردەوام لە نەخۆشخانە و بەهۆی نەبوونی کەرەسەی تەندرووستی تووشی کۆڕۆنا بوو.

بەرپرسانی نەخۆشخانەی سەقز بە بیانووی نەبوونی پێداویستی، دەستکێش، ماسک و کەرەسەی دژە گەنیان بە شێوەی سەهمیەبەندی دەدا بە فەرمانبەران و کادری دەرمانی. ئەوە لە کاتێکدایە سەرچاوەکانی ئاڤاتودەی ڕایانگەیاندووە دەیان هەزار ماسک و دەستکێش کە لە لایەن دامەزراوەکانی دەوڵەت و خەڵکی خێرخواز دابین کراوە ئێستا لە کۆگای نەخۆشخانەکە کۆگا کراوە و بەپرسان بە تایبەت حیراسەتی نەخۆشخانە ڕێگری دەکەن لە بڵاو بوونەوەی لەنێو فەرمانبەران و کادری دەرمانی.

بۆ نمونە هەر ئێستا ٥ هەزار دەست لیباسی ئیزۆلە لە کۆگای نەخۆشخانەی سەقز هەیە کە ناهێڵن بیدەن بە فەرمانبەران و پزیشکان. بەرپرسانی نەخۆشخانە تەنیا یەک حەوتوویان مرەخەسی دەرمانی داوە بەو کەسانەی تووشی کۆڕۆنا بوون و پێیان گووتون دوای ئەو حەوتوویە دەبی حەتمەن بچنەوە سەر کارەکانیان.

لە کاتێکدا دوکتوران و پەرەستاران لە هەر شیفتێکی کاریدا دەستکێشیکیان پێ دەدرێت و هەر چەند ڕۆژ جارێک ماسکێکیان دەدرێتی، بەرپرسانی نەخۆشخانە، سەرۆکی حیراسەت و سەرۆکی تۆڕی تەندرووستی سەقز کە هیچ پێوەندیەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ نەخۆشەکان نییە هەر چوار کاتژمێر جارێک ماسک و دەستکێشەکانیان دەگۆڕن و بە بەردەوامی کەڵک لە مەحلولە دژە گەنەکان وەردەگرن.

لە لایەکی دیکە سەبارەت بە شێوەی دابەشکردنی پاداشی ماڵی بەسەر کادری پزیشکی و فەرمانبەراندا قسەی زۆر هەیە و ئەوەش کاریگەری زۆری لەسەر ڕوحیەیان لە ڕوبەڕوو بوونەوەی کۆڕۆنا درووست کردووە.