سەرۆککۆماری ئەمریکا لە یەکەمین ڕۆژی ساڵی نوێدا وێرای پیرۆزبایی کردنی نەورۆز باسی لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردووی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
دۆنالد ترامپ لە پەیامە نەورۆزیەکەیدا نووسیویەتی:ساڵی ڕابردوو بۆ خەڵکی ئێران (و ڕۆژهەڵاتی کوردستان) ساڵێکی مێژوویی بوو. ئێمە ئێرانی ( و ڕۆژهەڵاتییە) بوێر و نەترسەکانمان بینی کە لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە لە دژی گەندەڵی بەرپرسانی ئێران ڕژانە شەقامەکان و خوازیاری وەڵامدانەوەی بەرپرسان بوون.
خەڵکی ئیران ( و ڕۆژهەڵاتی کوردستان) سەلماندیان خوازیاری ڕێبەریەکن کە نوێنەری ئەوان بێت نەک لە خزمەتی گەندەڵی حکومەتێک دابن.
خەڵکی ئێران شایستەی ڕێبەرانێکن کە گوێیان لێبگرن و ڕێزیان بۆ دابنێن و لەسەر ئەوان سەرمایەگوزاری بکەن نەک ڕێبەرانێک کە خەریکی بەفیڕۆدانی سامانی خەڵک بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژەی ئەتۆمی و تاقیکاری مووشەکی زیاترن. باشترینەکان بۆ ئەو کەسانە دەخوازم کە لە ئەمریکا و هەموو جیهان یادی جێژنی نەورۆز دەکەنەوە.
وەک یەکەمین ڕۆژی بەهار، نەورۆز دەستپێکی ساڵی نوێیە و لە لایەن ئێرانیەکان و زۆر خەڵکی دیکە لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیای نێوەڕاست و هەموو جیهان پیرۆز دەکرێتەوە.
ترامپ لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: نەورۆز کاتی دەستپێکێکی دووبارەیە و ئەوانەی کەو ئەو جێژنە دەگرن هان دەدات بە دڵێکی کراوە قەبوڵی ڕوحیەیەکی نوێ بۆ خۆشبینی بکەن.
خەڵکی ئێران (و ڕۆژهەڵاتی کوردستان) خاوەنی تواناییەکی نەدیتراوەن. فەرهەنگەکەیان پڕە لە زیندوویەتی و لە زۆر بواری وەک بیرکاری، زانست، ماف، تکنۆلۆژی و هوونەردا باشترینەکانن. ئەوان شایستەی داهاتویەک بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە تەنیشت نەتەوەکانی دیکەن.
بەو جۆرەی کە ئەوان وەرزێکی نوێی هیوا دەستپێدەکەن، ئێمەش بە نزا بۆ داهاتویەکی ئازاد و ڕوونتر دەبین بە هاوپەیمانیان. لە لایەن ئەمریکاوە گەرمترین سڵاوەکانی خۆمان بۆ نەورۆزێکی شاد و پڕ لە ئاشتی دەنێرین. ئەوڕۆ جارێکی دیکە وەبیرمان دێتەوە کە هێزی ئازادی و سەربەخۆیی هەموو کات بەسەر شەڕ و سەرکوتدا سەردەکەوێت.